پەسەندکردن یان دواخستن؛هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی یاسا مشتومڕاوییەکان

#پەرلەمانی عێراق#یاسای حەشدی شەعبی#
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان بە نیازە بەمنزیکانە کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کام پڕۆژە یاسا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. دەشڵێت " ئەگەر دانیشتنەکانی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجام نەدرێن، دوادەخرێن بۆ خولی داهاتوو، بەو پێیەی خولی ئێستای پەرلەمان لە مانگی ئەیلولی داهاتوو کۆتایی دێت".
Primary Asset

پەرلەمانی عێراق- وێنە: شەفەق نیوز

سبەی

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان بە نیازە بەمنزیکانە کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کام پڕۆژە یاسا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. دەشڵێت " ئەگەر دانیشتنەکانی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجام نەدرێن، دوادەخرێن بۆ خولی داهاتوو، بەو پێیەی خولی ئێستای پەرلەمان لە مانگی ئەیلولی داهاتوو کۆتایی دێت".

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی وتووە" لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، بۆ تاوتوێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتوو".

بە وتەی سەرچاوەکە "زیاتر لە 120 یاسا هەیە، هەندێکیان گرنگن و پێویستیان بە دەنگدان هەیە، لەنێویاندا یاسای حەشدی شەعبی". زیاتر روونیکردۆتەوە،" ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی ئەنجامبدات، هەموو یاساکان دوادەخرێن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان".

جەختیشی لەوە کردەوە "کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو بە فەرمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت".

پەرلەمانی عێراق لە دوای دانیشتنی 5ی ئابی 2025ەوە ئیفلیج بووە، لەو دانیشتنەدا ناکۆکی کەوتە نێوان مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و موحسین مەندەلاوی جێگرەکەی، کە لەسەر مافی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکە سەریهەڵدا. 

ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی دانیشتنەکانی دواتر بۆ تاوتوێکردنی یاسا سەرەکییەکان، لەوانەش یاسای حەشدی شەعبی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کوتلەکان سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

هەڵبژاردن بۆ خولێکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ١١/١١/2025 بەڕێوەدەچێت.

عامری هەڕەشە دەکات

وتەی ئەو سەرچاوەیە لەکاتێکدایە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، هەڕەشەی ئەوە دەکات بە جلوبەرگی حەشدی شەعبییەوە دەچێتە پەرلەمان و یاساکەی تێدەپەڕێنێت. زیاتر لە 100 پەرلەمانتاریش ئیمزایان کۆکردوەتەوە و بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا بە جلوبەرگی سەربازیی حەشدی شەعبییەوە بچنە پەرلەمان و یاساکە تێپەڕێنن.

پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویدایە

عامری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوە و ئاڵنگارییەکی مێژویی گەورەدایە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی دوور لە هەر کاریگەرییەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆیە بە جلوبەرگی حەشدی شەعبییەوە دەچمە پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی.

هەرچەندە پێشتر پەرلەمان چەند جارێک هەوڵی تێپەڕاندنی یاساکەی داوە، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دواخراوە، بەڵام سەردانەکەی ئەم دوایەی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ بەغداد و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە و حەشدی شەعبی، هاندەر بووە بۆ ئەوەی ئەمجارە بەچڕتر هەوڵی پەسەندکردنی یاساکە بدرێت.

کۆکردنەوەی ئیمزا و دابینکردنی جلوبەرگی حەشد

مستەفا سنێد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نزیک لە گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەهبی ئاشکرای کرد، لە کۆی 329 ئەندام، ئیمزای 100 ئەندامی پەرلەمانیان کۆکردوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و لە رۆژی دەنگدانیشدا بە جلوبەرگی حەشدی شەعبییەوە بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان دەکەن، بۆ ئەوەی روبەڕوی ئەو کەسانە ببنەوە کە دژی یاساکەن.

ئاشکرای کرد لەگەڵ کۆکردنەوەی ئیمزاکان، پێوانەی جلوبەرگی ئەنجدامانیشیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی جلوبەرگی سەربازی حەشدی شەعبی و کڵاویان بۆ ئامادە بکەن بۆ کۆبونەوەی ئەو رۆژە، تەنانەت پەرلەمانتارە ژنەکانیش هەمان کار دەکەن.

نوێنەری خامنەیی: نابێت عێراقییەکان رێگە بە چەکداماڵینی حەشدی شەعبی بدەن

قوربانی عەلی داری نەجەف ئابادی، نوێنەری عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە ناوچەی ناوەڕاستی ئێران رۆژی هەینی رابردوو، رایگەیاند: دوژمنان تاوانی گەورەیان بەرامبەر وڵاتانی ئیسلامی ئەنجامداوە لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە سوریا و لوبنان، ئامانجیان وێرانکردنی ئەو وڵاتانەیە.

وتیشی: "ئەمەریکا فەرمانی کردووە حیزبوڵڵای لوبنانی چەکی بەدەستەوە نەبێت، ئەوەش بەمانای ئەوەی دەسەڵاتی زایۆنی (ئیسرائیل) بتوانێت هێرش بکاتە سەر هەر خاڵ و ناوچەیەک لە لوبنان کە بیەوێت."

بەوتەی نوێنەرەکەی خامنەیی، ئەمەریکا پلانی بۆ عێراق و حەشدی شەعبییش هەیە، بۆ لاوازکردنی ئەو هێزە سەربازییە، بەڵام گەلی عێراق باوەڕدار و هۆشیارن و فێڵیان لێناکرێت، پێویستە رێگە نەدەن حەشدی شەعبی چەکەکانی دابنێت.

نەجەف ئابادی دەڵێت: ئەگەر حەشدی شەعبی چەکی نەمێنێت ئەوکاتە داعش بە ئاسانی دەتوانێت ئەو وڵاتە ئیسلامییە داگیر بکات.

لێدوانی نوێنەرەکەی خامنەیی لەکاتێکدایە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەمەریکا فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراقە بۆ چەکداماڵینی حەشدی شەعبی و داوا دەکەن چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.

یاسای حەشدی شەعبی و هەڕەشەی سزای ئابوری

پێشتر مایکڵ میچڵ، وتەبێژی عەرەبی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: لە ئەگەری تێپەڕاندن و دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن پەرلەمان، دوورنییە ئەمەریکا سزای ئابوری بەسەر عێراقدا بسپەێنێت، لە چوارچێوەی ئەوپەڕی فشار لەسەر ئێران، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا دوو دڵ نییە لە گرتنەبەری هەر رێکارێکی پەیوەست بە سزای ئابوری بۆ سەر هەر دەوڵەت و کیانێک کە لە دەرەوەی یاسا پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەبێت.

میچێڵ لە لێدوانێیکیدا بۆ پێگەی "جیبالی عێراقی" رایگەیاندووە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوپەڕی نیگەرانە لە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە عێراق، ئێستا گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی هەرێمی رویداوە، ئێران تاڕادەیەکی زۆر لاواز بووە، بەڵام پەسەندکردنی یاساکە زیان بە سەروەری عێراق دەگەیەنێت و هیچ ئەنجامێکی باشی نییە بۆ گەلی عێراق.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی