خۆپیشاندەرانی سوریا توڕەن و ئاڵای تورکیایان سوتاند

#تورکیا#سوریا#خۆپیشاندان#سوتاندن#پەنابەرانی سوری
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئۆپۆزسیۆنی سوریی نزیک لە تورکیا کە ناوی لە خۆی ناوە حکوومەتی کاتی سوریا، لەبارەی گرژییەکانی دوێنێ لەو ناوچانەی سوریا کە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی سوریاوە بە هاوکاری تورکیا کۆنتڕۆڵ کراون، داوای لە خەڵکی ناوچەکە کرد خۆیان بە دور بگرن لە هەر کارێکی دنەدەرانە.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

ئۆپۆزسیۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هاوڵاتییان لەو ناوچانەی سوریا بە پشتیوانی تورکیا کۆنتڕۆڵیان کردوون، ئارام بگرن و خۆیان بە دوور بگرن لە هەر جۆرە کارێکی تێکەدەرانە و سوتاندنی دامودەزگاکان. 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئۆپۆزسیۆندا هاتووە کە گوایە ئەو ناوچانە بە "فیداکاری" سوپای تورکیا و "سوپای نیشتمانیی سوریا" کۆنتڕۆڵ کراون و تیایدا هاتووە: "سەرەڕای ئاڵنگاری و سەختییەکان سەدان ساڵە تورک و عەرەب لەو جوگرافیایە بە برایانە پێکەوە دەژین و چارەنوسمان پێکەوە گرێدراوە".  

سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەنابەرانی سورییش لە تورکیا، ئاماژە بەوە دراوە کە حکومەتی کاتی سوریا سەرکۆنەی هەر جۆرە توندوتیژییەک دەکات بۆ سەر پەنابەرانی سوری کە لە تورکیا دەژین و تیایدا هاتووە: "هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەرز دەنرخێنین بۆ گرتنەبەری ڕێکاری تایبەت بۆ پاراستنی سورییەکان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە ناوچە ئازادکراوەکان کە بە فیداکاری سوپای تورکیا و سوپای نیشتمانیی سوریا ئازاد کراون، هیچ جۆرە کارێکی دنەدەرانە ئەنجام نەدەن و دامودەزگاکان نەسوتێنن. ئەو هەوڵانە هیی دوژمنانە و بۆ زیانگەیاندنە بە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی تورکیا و گەلی سوریا و دژی ئەو برا تورکانەیە کە خاکی سوریایان لە 'تیرۆر' پاک کردۆتەوە و لەپێناو گەلی سوریا تێدەکۆشن".

دوێنێ لە عەزاز، باب، چۆبانبێی، جەڕابلوس و عەفرین لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کە تورکیا کۆنترۆڵی کردوون و لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندان خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە دژی تورکیا بەڕێوە چوون. 

ئاڵای تورکیا هێندرایە خوارەوە و سوتێندرا، پەلاماری ژمارەیەک لە دامودەزگاکانی تورکیا درا و خۆپیشاندەران حکوومەتی تورکیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە ئامادەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا چاڵ بۆ ئەوان هەڵبکەنێت.

ئەو خۆپیشاندانانە دوای ئەوە هات، پەنابەرێکی سوری لە شاری قەیسەری تورکیا بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێک دەستگیر کرا و دواتر لە چەندین ناوچە هێرش کرایە سەر پەنابەرانی سوری لەو شارە. 

لە دوای ڕووداوەکە وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا ڕایگەیاند کە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە 63 هەژاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و 10 کەس ڕەوانەی داواکاری گشتی کراون.

یەرلیکایا سەرنجی خستۆتە سەر ئەوەی لە کۆی 343 پۆستی ئەو هەژمارانە، لە سەدا 68یان "دنەدەرانە و نەرێنی" بوون. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی