وێنە: میدیاکان
سبەی
پسپۆڕانی میکانیکی ئاماژە بەوە دەدەن هەرگیز کۆنی و نوێی ئۆتۆمبێل نابێتە هۆی ئەوەی بگوترێت ئەو ئۆتۆمبێلە ئاگر دەگرێت یاخود نا، چونکە ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ کێشەی تەکنیکیی ئاڵۆز دەگەڕێتەوە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن تەنانەت لەوانەیە بە شلی بەستنی بۆڕیی سوتەمەنییش ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلدا و ئەم حاڵەتانەیش زۆر ڕوو دەدەن.
ئۆتۆمبێل لە هەزاران پارچەی میکانیکی و ئەلیکترۆنی پێک هاتووە و پێکەوەبەستنەوەی ئەو هەموو پارچەیە کە توانای سوتان و ئاگرگرتنیان هەیە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایش لەوانەیە ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلدا.
بۆیە دەبێت هەموو ئۆتۆمبێلێک ئاگرکوژێنەوەی ئێجگار باشی تێدا بێت و شۆفێریش بزانێت لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوەدا چۆن چۆنی ئەو ئامێرە بەکار دەهێنێت.
ئاگرکەوتنەوە بە هۆی سیستەمی سوتەمەنییەوە
ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاگرتێبەربوونی ئۆتۆمبێل. زۆر جار لە ڕێگای ئەنجامدانی پشکنینی ئاسایی، ناتواندرێت بزانێت کە کێشە لە سیستەمی سوتەمەنیی ئۆتۆمبێلدایە، بەڵام هۆکاری ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە گازوایل کار دەکەن مەترسیی زیاتریان لەسەرە بە بەراورد بەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین کار دەکەن. لە کاتێکدا بەنزین بە خێرایی ئاگر دەگرێت و دەدرەوشێتەوە، بەڵام مۆتۆرینی دیزڵ زەحمەتتر ئاگر دەگرێت.
ئەگەر بە هۆی دزەکردنی بەنزینەوە ئۆتۆمبێل ئاگر نەگرێت، لەوانەیە لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە هەڵم و مەترسییەکە بە شێوەیەکی کاتی نەمێنێت، بەڵام کاتێک گازوایل دزە دەکات بۆ خاڵێک ماوەیەکی زۆر لەوێ دەمێنێتەوە و توێژی سوتێنەر دروست دەکات، بەتایبەت لەسەر بۆڕییەکانی سوتەمەنی.
بەم جۆرە لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی بە گازوایل کار دەکەن ئەو توێژە سوتێنەرانەی دروست بوون دەست بە سوتان دەکەن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە زەحمەتتر دەبێت.
پێویستە لە کاتی بۆنکردنی سوتەمەنی دەستبەجێ شۆفێر ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنێکی گونجاو ڕابگرێت و بیکوژێنێتەوە، دەنا ئەگەری زۆرە ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بکەوێتەوە.
زۆرجار لە کاتی بۆنکردنی سوتەمەنیدا شۆفێر وا دەزانێت بۆنەکە لە دەرەوە دێت، هیی ئەو وێستگەی سوتەمەنییەیە کە کەمێک پێشتر بەلایدا تێپەڕیووە، یان هیی ئۆتۆمبێلەکانی دیکەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بە هەڵەدا چووە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن پێویستە هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی وەرزی هاوین، پشکنین بۆ سۆندەی سوتەمەنی بکرێت و هەر سێ ساڵ جارێکیش بگۆڕدرێت. ئەو جۆرە سۆندانەیش بەکار بهێندرێن کە ئۆرجیناڵن.
ئاگرکەوتنەوە بە هۆی سیستەمی کارەبایییەوە
ئەمەیش بە نزیکەیی هێندەی ئاگرکەوتنەوە بە هۆی سیستەمی سوتەمەنییەوە ترسناکە، بەڵام لەناکاو ڕوو نادات و لەوانەیە لە کاتی ئیستۆپکردن یان ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل و تەنانەت لەوانەیە نیوەشەوێک لە ناکاو ئاگر لە ئۆتۆمبێل بخاتەوە.
زۆربەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە بەم هۆیەوە لە وەرزی هاویندایە.
بە هۆی ئەوەی لە وەزی هاویندا زۆربەی کات تەبریت، فێنککەرەوە و بزوێنەری فێنککردنەوە لە کارکردندان، بارگرانییەکی زۆر دەخەنە سەر سیستەمەکە و ئەمەیش لەوانەیە ئاگرکەوتنەوەی لێ بکەوێتەوە.
لەوانەیە بەم هۆیەوە کێبڵەکان زیاد لە پێویست گەرم ببن و لە لاوازترین خاڵەوە دەست بکەن بە سوتان.
بەردەوام بەکارهێنانی تەبریت و فێنککەرەوە، بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر ئۆتۆمبێل. پێویستە لەلایەن کەسانی شارەزاوە کێبڵ و سیستەمی کارەبایی ئۆتۆمبێل پشکنینی بۆ بکرێت و کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکرێت.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە بە هۆی سیستەمی کارەبایییەوە بزوێنەری دەستپێک (ستارت)ە.
هەندێک جار ئەم بزوێنەرە گیر دەخوات و ناسوڕێت. ئەمەیش بە ئاگرکەوتنەوە کۆتایی دێت. لە ئەگەری توشبوون بەو دۆخە لەوانەیە لە کاتی کارکردنی بزوێنەرەکەدا دەنگی نائاسایی لێ دەربچێت و بلەرزێت.
کێبڵێکی ئەستور و گەورەی سور ڕاستەوخۆ لە پاترییەوە دێت بۆ ئەو بزوێنەرە. ئەم کێبڵە هێز لە پاترییەکەوە وەردەگرێت و بە دەوروبەری بزوێنەرەکە دەبەسترێتەوە. ئەگەر بە هۆکارێک لە هۆکارەکان ئەو کێبڵە لە جێی خۆی دەرچوو و بەر هەر ڕۆیشتنێکی کانزایی بکەوێت، یان پاترییەکە دەتەقێت یان ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە دەکەوێتەوە.
بە گشتی ئۆتۆمبێلە ڕاگیراوەکان زیاتر بەم هۆیەوە ئاگر دەگرن.
ئاگرکەوتنەوە بە هۆی سیستەمی وەستێنەرەوە
سیستەمی وەستێنەر (برێک)ی ئۆتۆمبێلەکان زۆر ئاڵۆزە و چەندین پارچە لە خۆ دەگرێت. ئەگەر تێکچوون لە هەریەک لەو پارچانەدا ڕوو بدات بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، دەگوازرێتەوە بۆ پارچەکانی دیکە.
لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا سەرچاوەیەکی ئێجگار گەرم دروست دەکات و ئەمەیش پارچەکانی دیکەی سیستەمەکە گەرم دەکات و لەوانەیە ئاگر بگرن. ئەمە زیاتر لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە کێش قورسەکاندا دەبیندرێت.
ئاگرکەوتنەوە بە هۆی هەڵەی شۆفێرەوە
یەکێکە لە هەڵە بەربڵاوەکان جێهێشتنی ئەو ئامێرانەیە کە وەک مۆبایل بە پارتی کار دەکەن لە وەرزی هاویندا لەناو ئۆتۆمبێل.
ئەگەر پلەکانی گەرما زۆر بەرز ببنەوە، جێهێشتنی ئەو جۆرە ئامێرانە لەوانەیە ببنە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو ئۆتۆمبێلدا. هەروەها جێهێشتنی چەرخ و سپرای لەناو ئۆتۆمبێل و جێهێشتنی چاویلکە، دەبەی پلاستیک و شوشە لەناو داشبولی ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێل.
کێشانی جگەرە لەناو ئۆتۆمبێل هەروەها فڕێدانی جگەرە لە جامی ئۆتۆمبێلەوە لەوانەیە بکەوێتە کورسی پشتەوە و ئاگر بکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەیشەوە هەڵدانی جگەرە لە لایەن کەسێکی دیکەوە لە باڵەکۆنەوە لەوانەیە بەر ئۆتۆمبێل بکەوێت و ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بەر بدات.