دیمەنێکی خۆپیشاندانی تورکمانەکان لە پردێ
سبەی
دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا سەركۆنەی پێنەدانی پۆستێكی بە توركمانەكان كرد لە یەكێك لە ناحیەكانی پارێزگای كەركوك، ئەمە لەسەر ئاستی سیاسی مشتومڕی لێكەوتەوە، بەشێك لە سیاسیەكان بە دەستێوەردان لە كاروباری عێراق لێكیدەدەنەوە، بەوهۆیەشەوە داوای بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا دەكەن.
بەرەی تورکمانی بەرگریی لە سەرکۆنەکردنەکەی تورکیا دەکات
بەرەی توركمانی بەرگریی لە "سەركۆنەكردنەكەی توركیا" دەكات و وەك وەڵامێك بۆ سكاڵای "رۆڵەكانی گەلەكەیان" ناوی دەبات، عەرەبەكانی كەركوك رەخنە لە حكومەتی خۆجێی و بێدەنگی بەغداد دەگرن، كە وایكردووە پارێزگاكە ببێتە ناوەندی دەستێوەردان.
رۆژی هەینی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، نیگەرانی خۆی لە رووداوەكانی كەركوك و بەتایبەتیش ناوچەی پردێ كە توركمانەكان پێی دەڵێن ئاڵتون كۆپری دەربڕی، ئەویش دوای چەند رۆژێك خۆپیشاندانی توركمانەكان كە داوای پۆستێكی ئیدارییان دەكرد، هەروەها داوای ئەوەشیان دەكرد بە شێوەیەكی "یەكسان" پۆست بەسەر پێكهاتەكانی ناحیەكەدا دابەش بكرێت.
محەمەد سەمعان، وتەبێژ بەناوی بەرەی توركمانی بە پێگەی "عالەم جەدید"ی وتووە "پێكهاتەی توركمان لە هەڵبژاردنی 2023 هیوای وابوو حكومەتێكی خۆجێیی لە كەركوك پێكبهێنرێت كە نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكان بكات، چونكە 18 ساڵ بوو هیچ هەڵبژاردنێك لە پارێزگای كەركوك بەڕێوەنەچووبوو".
وتیشی:"دوای ناكۆكییەكی زۆر لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی و وەك رێزێك بۆ دەستێوەردانی سەرۆك وەزیران كە لە نامەیەكدا جەختی لە پێویستی بەشداریكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردەوە، كە ناشبێت هیچ لایەنێك لە دەرەوەی هاوكێشەكە بێت، رەزامەندیمان لەسەر گەڕانەوەیان دەربڕی".
سەمعان دەشڵێت "یەكێتی و بەشێك لە عەرەبەكان بەداخێكی زۆرەوە، كۆبوونەوەیەكی نهێنیی نادەستورییان لە هۆتێل رەشید لە بەغداد ئەنجامدا و حكومەتی خۆجێیی كەركوكیان پێكهێنا، بەوەش هەریەك لە هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەرەوەی حكومەت مانەوە، بۆیە لەكاتی پێكهێنانی ئەو حكومەتەوە واتە لە 12 ی ئابەوە تا ئێستا دانمان پێدانەناوە".
دان بە دەستێوەردانی توركیادا دەنێت
ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی دان بە دەستێوەردانی توركیادا دەنێت و دەڵێت "دەستێوەردانی توركیا هەڵسوكەوتێكی كەسیی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای سكاڵای رۆڵەكانی پێكهاتەی توركمانە، كە ئەوەش نكۆڵی لێناكرێت، وەكچۆن حزبە سوننییە عەرەبییەكان دەچنە سعودیە و ئوردن سكاڵا دەكەن، حزبە شیعیەكانیش لە ئێران، ئێمەش سكاڵامان بردە توركیا بەوپێیەی هەمان نەتەوەین، جگە لەوەش وڵاتێكی دراوسێیە، راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیاش بە مانای دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق نایەت، ئەوە بەدواداگەڕانی مافی توركمانەكانە لە عێراق".
تورکیا: ئاڵتون کۆپری زۆرینەی تورکمانە
پێشتر ئۆنجۆ كچاڵی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند:"نوێنەرایەتی توركمان بەشێوەیەكی گونجاو لە سیاسەتی عێراق و بنیاتنانی دەوڵەت داوایەكی سەرەكیی توركیایە".
جەختیشیكردەوە "پێویستە ئەو پرسە بەشێوەیەكی تایبەت لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی حكومەت لە كەركوك رەنگ بداتەوە، دانانی بەڕێوەبەرێكی نا توركمان لە ئاڵتون كۆپری كە زۆرینەی توركمانە جێگەی بێهیوایی توركمانەكانە".
داوای هەڵوێستی ئاشکرا لە عێراق دەکرێت
لەوبارەیەوە، عائید هیلالی، توێژەری سیاسی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت "دەستێوەردانی ئەمدواییەی توركیا لە بەرژەوەندی پێكهاتەی توركمان لە شارۆچكەی ئاڵتون كۆپری، پێشێلكردنی ئاشكرای كاروباری ناوخۆیی عێراق و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە".
وتیشی:"ئاڵتون كۆپری ناوچەیەكی فرە پێكهاتەیە، ئاساییە كاروباری ئیداری و دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، نەك لەسەر بنەمای رێنماییە دەرەكییەكان".
ئەو توێژەرە سیاسییە داوا دەكات حكومەتی عێراق هەڵوێستی ئاشكرای هەبێت و جەختیش دەكاتەوە "پۆستی ئیداری لەسەر بنەمای نیشتمانی ناوخۆییە و هەر فشارێكی دەرەكیی رەتدەكاتەوە، پێویستە لەسەر وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگ بكات و ناڕەزایەتی فەرمیی عێراقی پێبگەیەنێت".
ناحیەی پردێ "ئاڵتون كۆپری" هەفتەی رابردوو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی توركمانەكانی بەخۆوە بینی، كە لەلایەن بەرەی توركمانییەوە رێكخرابوو، خۆپیشاندەران رێگەی سەرەكیی كەركوك - هەولێریان بۆ ماوەیەك داخست، ئەوەش بەهۆی ناڕازیبوونیان لە گۆرینی بەڕێوەبەرێكی شارەوانی و دانانی بەڕێوەبەرێكی دیكەی كورد لە جێگەی، لەكاتێكدا بەڕێوەبەری پێشووش كورد بووە.
توركمانەكان ئەو ئاڵوگۆڕەیان رەتدەكردەوە، داوایان دەكرد لە بری كوردێك، توركمانێك بكرێتە سەرۆكی شارەوانی، بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەكان كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا و داواكاری توركمانەكان گەیەندرایە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
بەوتەی نازم شەمەری، سەرۆكی دەستەی "را" ی عەرەبی لە كەركوك، هۆكاری دەستێوەردانی توركیا زۆرن، یەكەمیان ئەو دابەشبوونەیە لە كەركوك كە بۆشایی سیاسی دروستكردووە، "هەروەها پێكهێنانی حكومەتە لە هۆتێل رەشیدی بەغداد و بێدەنگبوونی حكومەتی عێراق لەوەی لە ناوچەكە روودەدات".