نێوەندگیریی مەشهەدانی کێشەکانی هەولێر و بەغداد چارەسەر دەکات؟

#مەشهەدانی#هەرێمی کوردستان#حکومەتی فیدراڵ#مووچە#نەوت
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مەحمود مەشهەدانی، بە سەردانێک لە هەولێرە لەگەڵ هەرسێ بارزانییەکە کۆبوەوە و وەک نێوەندگیرێک دەیەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەتایبەتی لە پرسی مووچە و نەوت چارەسەر بکات، لەکاتێکدا رەشنوشی رێککەوتن و نەخشەڕێگایەک لەبەردەستی هەردوو حکومەتدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
Primary Asset

سبەی

مەحمود مەشهەدانی، بە سەردانێک لە هەولێرە لەگەڵ هەرسێ بارزانییەکە کۆبوەوە و وەک نێوەندگیرێک دەیەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەتایبەتی لە پرسی مووچە و نەوت چارەسەر بکات، لەکاتێکدا رەشنوشی رێککەوتن و نەخشەڕێگایەک لەبەردەستی هەردوو حکومەتدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (6ـی تەمموزی 2025) مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە یاوەریی زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی گەیشتە هەولێر و لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر بە یاوەریی جێگرە کوردەکەی بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، مەشهەدانی سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و نەوت، کە بووەتە هۆی دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ماوەی دوو مانگ.

شاخەوان عەبدوڵڵا: گفتوگۆکان لەسەر مووچە قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، لە تەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکردن بو لە چارەسەرکردن و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بە زووترین کات.

شاخەوان رایگەیاندووە: سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەینێ لەبەغداد کۆبونەوەکان بەردەوام دەبیت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بە سوپاسەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێجار دەستبەرداری هەندێک مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا .

دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان

نوسینگەی مەحمود مەشهەدانی بڵاوی کردەوە؛ لە کۆبونەوەی مەحمود مەشهەدانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەسەر هەوڵە نێوەندگیرییەکان کردووە بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی بنەما دەستوریی و یاساییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردیان بەتایبەتی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە ناکۆکییە سیاسییەکان.

هەردوولا جەختیان کردوەتەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی رژد بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە، بە جۆرێک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی سەرەکی ببینێت لە کۆکردنەوەی لایەنەکان بۆ ئەو چارەسەرەی کە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم پێشنیازیان کردووە و گەیشتن بە رێککەوتن لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا.

مەشهەدانی جەختی کردوەتەوە، لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستیان بە یەکڕیزییە، بۆ چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، حکومەتی فیدراڵیش بە رژدی کار لەسە هەر پێشنیازێکی کردەیی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، چونکە هاوڵاتیانی کوردستان بەشێکن لە گەلی عێراق و حاڵیان وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی پارێزگاکانی عێراقە.

هەر لەبارەی سەردانەکەی مەشهەدانییەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە کۆبونەوەی نێوان مەحمود مەشهەدانی و نێچیرڤان بارزانی، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداد و هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى گه‌يشتن به‌ ڕێگه‌چاره‌يه‌كى گونجاو بۆ كێشه‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌م قۆناغه‌ هه‌ستياره‌دا، له‌مباره‌يه‌وه‌ ئومێد و گه‌شبينيى خۆيان به هه‌وڵه‌كان و بوونى نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى نيشان دا و دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدايه‌.

مەشهەدانی: چۆن توانیمان کێشەی ئاو چارەسەر بکەین کێشەی مووچەش چارەسەر دەکەین

پێشتریش مەشهەدانى لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان، پابەندبوونى تەواوەتى پەرلەمانى بۆ چارەسەرى قەیرانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و رایگەیاند: هەوڵەکانى پەرلەمان لەوبارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە چارەسەرى کرداریی بۆ چارەسەرى قەیرانەکە، وەک چۆن توانیان کێشەى پشکى ئاوى عێراق چارەسەر بکەن، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێکى نوسینگەى مەشهەدانى کە دەست "سبەى" کەوتووە.

مەشهەدانی ووتویەتی: پەرلەمان لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى رۆڵێکى کارا دەگێرێت و سەرجەم رێوشوێنە یاساییە پێویستەکان دەگرێتەبەر بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرەنتى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەبێ دواکەوتن و دورخستنەوەى دۆسیەى مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان.

مەشهەدانى هەروەها لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە، ئەوەش بەپێی پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێم.

هەردوولا هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

نێوەندگیری ئەمەریكا

ئەو هەوڵەی مەشهەدانی لەکاتێکدایە بە نێوەندگیری ئەمەریكا، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، چاوەڕوان دەكرێت پرسەكە دوای رێورەسمی "عاشورا" یەكلایی بکرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد بە "سبەی" وت: "هێشتا گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامییان هەیە، گرێدانی مووچەی فەرمانبەران بە پرسی نەوت لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە كارێكی ناپەسەند بوو".

سەرچاوەكە وتیشی: "بەغداد ئاستی داواكارییەكانی بەرزنەكردووەتەوە و هەمان داواكاری جارانی هەیە، پێشتر پێیان وابوو بە هەمواری یاسا چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەوە شتێكی نوێ نییە، ئێستاش هیچ وەفدێك لە بەغداد نییە، بەڵكو بابەتەكان لەلایەن هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكراون".

بەوتەی سەرچاوەكە: "لەرووی تەكنیكییەوە هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە، داواكاری ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی نەوت لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە".

سەبارەت بە وادەی یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، سەرچاوەكە وتی: "پەیوەندیەكان بەردەوامن، ئێستا عاشورایە و دواتر لەوبارەیەوە شتی نوێ دەبێت".

بەپێی زانیارییەكان، ناكۆكییەكان لەسەر ئەوەن كە هەرێم نایەوێت بەشێك لە نەوتەكەی رادەست بكات و دەیەوێت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاریبهێنێت، كە زیاترە لە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەكاتێكدا بەغداد داوای رادەستكردنی هەموو دۆسیەی نەوت دەكات، بۆ ئەمەش ئەمەریكییەكان نێوەندگیرن و چاوەڕێی بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن، جگە لەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات حكومەتی فیدراڵی خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێم كاردەكەن دابین بكات، بەڵام تائێستا بەغداد ئەوە رەتدەكاتەوە.

گفتوگۆکان لەکاتێکدان فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و تائێستا مووچەی مانگی پێنج و شەشیان پێنەدراوە، ئەمەش دۆخێکی سەختی بۆ دروستکردوون و بازاڕ و کاسپی هاوڵاتیانیش بەوهۆیەوە بەتەواوەتی سست بووە.

دادگای فیدراڵی هیچ فەرمانێک دەرناکات

هەر بەپێی زانیارییەكان، دوای دەست بەكاربوونی سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی، چاوەڕوانیەكان ئەوە بوون، فەرمانسالاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەربكات، بەڵام پێدەچێت ئەم پرسە بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، بەوپێیەی دادگای فیدراڵی ئاراستەی كاركردنی گۆڕیوە و وەك پێشوو نابێت. 

ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (7ـی تەمموزی 2025) دادگا یەكەم دانیشتنی بە سەرۆكایەتی دادوەرە نوێیەكە دەكات، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت هیچ فەرمانێك دەربكات، چونكە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە و لەبری ئەوە رۆڵ دەداتە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد بۆ ئەوەی لەبارەی مووچە و نەوت ڕێککەوتن بکەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی