سبەی
شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێی ڕاگەیاندوون چوونەتە ناو قۆناغێکی نوێ لەبارەی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە.
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەمووزی 2025 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی دورگەی ئیمڕاڵی، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەداوە کۆبوونەوەکەی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لەگەڵ ئۆجەلان دوو کاتژمێر و 30 خولەکی خایاندووە و کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار بووە و تەندروستی و ورەی ئۆجەلان زۆر باش بووە.
سەرنج خراوەتە سەر ئەوە کە لە ئۆجەلان بە شاندەکەی ڕاگەیاندووە چوونەتە ناو قۆناغێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و تیایدا هاتووە: "ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانی هەموو لایەک بۆ هەنگاونانی دیکە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا".
ئۆجەلان بە گرنگییەکی زۆرەوە لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە دواوە کە بڕیارە سبەینێ شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ئەنجامی بدەن.
ئۆجەلان بە هەمان شێوە جەختی لەوەیش کردووەتەوە ئەو لیژنەیەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا پێک بهێندرێت ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی.
شاندی ئیمراڵی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەستیان بەوە کردووە ئۆجەلان باوەڕ و متمانەی تەواوی بەوە هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی فرەڕەهەند خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلاندا هەواڵی ئەوەیان پێگەیشتووە بە هۆی ژەهراویبوون بە گازی میسان پێنج سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و تیایدا هاتووە: "بە بیستنی ئەم ڕووداوە بەڕێز ئۆجەلان و هەموومان بە قوڵی خەمبار بووین. لە خوای گەورە داواکارین لێیان خۆش بێت و پرسە و سەرەخۆشیش ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەکانیان دەکەین".
شاندی ئیمڕاڵی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆجەلان
ئەم شاندە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێک هێندرا.
سەرەتا هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشان کران، بەڵام دوای ئەنجامدانی سەردانی یەکەم بۆ لای ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیار درا ئەحمەد تورک'یش بکرێت بە ئەندامی سێیەمی شاندەکە.
بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی و نەخۆشییەکانیەوە لە کۆی چوار سەردان تائێستا تەنیا یەک جار ئەحمەد تورک توانیوویەتی سەردانی ئۆجەلان بکات.
دوای تووشبوونی سڕی سورەییا ئۆندەر بە نۆرەی دڵ لە 15ی نیسان، سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای ئۆجەلان لە 21ـی نیسانی 2025 ئەنجام درا و لەجێی سڕی سورەییا ئۆندەر، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان لەگەڵ پەروین بوڵدان لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
گرنگترین سەردانی شاندەکە بۆ لای ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجام درا کە جگە لە ئەحمەد تورک، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ'یش بەشداریان تیادا کرد.
دوای گەڕانەوەی شاندەکەیش پەیامێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە وەک بە دەمەوەهاتن بۆ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، بۆ ئەمەیش ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و سیاسی لە لایەن حکومەتی تورکیا بە پێویست زانی.
بە هۆی ئەوەی سڕی سورەییا ئۆندەر دوای 18 ڕۆژ لە توشبوونی بە نۆرەی دڵ گیانی لە دەستدا، 18ی حوزەیران میدحەت سانجار لە جێی سڕی سورەییا ئۆندەر کرا بە ئەندامی شاندی ئیمراڵی.
تاکوو ئێستا واتا لە 28ی کانوونی دووەمی 2024ەوە تاکوو 6ی تەمووزی 2025، شەش جار شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان کردووە و لەو ماوەیەیشدا چەند جارێک محەمەدی برای و عومەری برازای، سەردانی ئۆجەلانیان کردووە.
سەردانەکانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای ئۆجەلان بە دوای یەکدا لەو ڕێککەوتانەدا بوون:
28ی کانوونی دووەمی 2024، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، 27ی شوبات، 21ی نیسان، 12ی ئایار و 6ی تەمووز.
چارەسەری پرسی کورد؛ لە ژوورە داخراوەکانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان
جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی کە دانوستانەکان لە پشت پەردە و بە نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورددا بەڕێوە دەچوون؛ ئەم جارە پەرلەمانی تورکیا دەکەوێتە جوڵە و بە هەموارکردنەوەی یاساکان، زەمینەی یاسایی دەڕەخسێندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. ئەمەش لە کاتێکدا پێگەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بە بەراورد بە هەردوو قۆناغەکەی پێشوو زۆر بەهێزتر بووە.
جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ژمارەی کورسییەکانی لە 43 کورسییەوە کەم بووەتەوە بۆ 29 کورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەک پێکدەهێندرێت کە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسییە خاوەن کورسییەکانیش لەخۆ دەگرێت.
هەرچەند قۆناغی یەکەم (1993) و قۆناغی دووەمی پرۆسەکە (2013-2015)، گفتوگۆ و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەتی تورکیا و جوڵانەوەی کورد لە باکوری کوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشوو ئەمجارە، هەر خودی پرۆسەکە بە دەستپێشخەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی)، دەولەت باخچەلی دەستی پێ کردووە کە هاوپەیمانیی ئاک پارتیی دەسەڵاتدارە.
ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025 نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەم لە ڕووی سیاسی و هەم بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی پەرلەمانی تورکیایە.
ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی 18ی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە لە 100 کەس پێک بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.
باخچەلی هاوکات ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە ئەو بڕیارانەی لیژنەکە دەری دەکات، بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند بکرێن و دواتر وەک پڕۆژەیاسا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن.
هەر هەمان ڕۆژ ناوەندی ڕاگەیاندنی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکەن لە پەرلەمانی تورکیا کە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاوشێوەی دەولەت باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەری سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانە لە لیژنەکەدا بەشدار بن کە خاوەن کورسین لە پەرلەمان.
لای خۆشیەوە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی دەولەت باخچەلی دەردەبڕێت و دەڵێت: "پێویستە ئەوە بکرێت کە باخچەلی باسی کردووە و دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکرێت، بەڵام بە تەواوی پشتیوانی لە پێشنیازەکانی باخچەلی دەکەین بۆ ئەوەی نوێنەری تەواوی پارتە سیاسییەکان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات".
ئەم داواکارییەی باخچەلی گەورە بەرپرسێکی ئاک پارتی هێنایە سەر هێڵ و جەختی لەوە کردەوە تاکوو پەکەکە چەکەکانی ڕادەست نەکات، ناکرێت لیژنەیەکی لەم جۆرە پێک بهێندرێت.
زافەر ساریکایا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە لیژنەیەکی لەم جۆرە دوای ڕادەستکردنەوەی چەکەکان پێک بهێندرێت و دەڵێت: "لەو باوەڕەدام تاکوو چەک دانەندرێن، دەرفەتی ئەوە نابێت لە پەرلەمان باس لە پرۆسەکە بکرێت. ئاک پارتی لەو باوەڕەدایە سەرەتا چەکەکان ڕادەست بکرێن".
لە بەرامبەردا باخچەلی و مەهەپە جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، پێویستە تا زووە لیژنەکە پێک بهێندرێت.
هەرچەند لە هەردوو قۆناغی پێشوو، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی کورد سەرکوت بکرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، کەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی کورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەکانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسەکەدان.
جەهەپە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک 103 ساڵ لەمەوبەر دایمەزراندووە و خاوەن 135 کورسییە لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا، جەخت لەوە دەکاتەوە چی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاوکات هۆشدارییش دەدات کە ئەگەر ئەمە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید بکاتەوە، ئەوا لەگەڵیدا نابن.
تاکە پارتی سیاسیی کە خاوەن کورسی بێت لە پەرلەمان و بە هەموو جۆرێک دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد بوەستێتەوە، ئیی پارتییە.
ئیی پارتی لە 2017 لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە جیابۆوەکانی مەهەپە دامەزرێندرا و وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023، توانی ببێتە خاوەنی 45 کورسی لە پەرلەمان، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە تەنیا 29 کورسی بە دەستەوە ماوە و 14 پەرلەمانتاری سەنگەریان گواستۆتەوە ناو پارتەکانی دیکە.
کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری
لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.
9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.
ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.