سبەی
میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕها (ئورفا) لەجێی سڕی سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی کرا بە ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی.
بڕیاری دەستنیشانکردنی میدحەت سەنجار بە ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی لە کاتێکدایە مانگ و نیوێک تێپەڕیووە بەسەر کۆچی دوایی سڕی سورەییا ئۆندەر کە بە هۆی توشبوونی بە نۆرەی دڵ 18 ڕۆژ لە یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە مایەوە.
بەم جۆرەیش لەمەودا میدحەت سەنجار هاوشێوەی پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک دەبێتە ئەندامی شاندەکە و لەگەڵ پەروین بوڵداندا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بەو قۆناغە نوێیەی لە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستی پێ کردووە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات لە دورگەی ئیمڕاڵی.
میدحەت سانجار کێیە؟
نوسەر، مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆر لە بواری یاسا، میدحەت سانجار بە ڕەچەڵەک عەرەبە و لە 1963 لە شارۆچکەی نسێبین لە پارێزگای مێردین لە باکوری کوردستان لەدایک بووە.
لە 23ـی شوباتی 2020ەـەوە تا 27ـی ئابی 2023 هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بووە و لە 20ـی شوباتی 2018یشەوە تاک 23ـی شوباتی 2020 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بووە لەسەر لیستی هەدەپە.
سانجار چوار خولە پەرلەمانتاری تورکیایە لەسەر لیستی هەدەپە و خۆی دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی ئەنقەرە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایشە لە هەمان بواردا.
میدحەت سانجار زمانەکانی تورکی و ئەڵمانی زۆر بە باشی و زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیش بە باشی دەزانێت و خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە.
شاندی ئیمڕاڵی چییە؟
ئەم شاندە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێک هێندرا.
سەرەتا هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشان کران، بەڵام دوای ئەنجامدانی سەردانی یەکەم بۆ لای ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیار درا ئەحمەد تورک'یش بکرێت بە ئەندامی سێیەمی شاندەکە.
بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی و نەخۆشییەکانیەوە لە کۆی چوار سەردان تائێستا تەنیا یەک جار ئەحمەد تورک توانیوویەتی سەردانی ئۆجەلان بکات.
دوایین سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای ئۆجەلان لە 21ـی نیسانی 2025 ئەنجام درا و لەجێی سڕی سورەییا ئۆندەر، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان لەگەڵ پەروین بوڵدان لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
گرنگترین سەردانی شاندەکە بۆ لای ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجام درا کە جگە لە ئەحمەد تورک، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ'یش بەشداریان تیادا کرد.
دوای گەڕانەوەی شاندەکەیش پەیامێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە وەک بە دەمەوەهاتن بۆ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، بۆ ئەمەیش ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و سیاسی لە لایەن حکومەتی تورکیا بە پێویست زانی.
سڕی سوڕەییا ئۆندەر کێیە؟
دەرهێنەر، سیناریۆنوس، ئەکتەر، میدیاکار و سیاسەتمەدار، سڕی سوڕەییا ئۆندەر لە 7ـی تەموزی 1962 لە سەمسور (ئادیەمەن) لە باکوری کوردستان لەدایک بووە.
لە خولی 24، 25، 26 و 28ـی پەرلەمان لەسەر لیستی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە.
سڕی سوڕەییا ئۆندەر یەکێکە لەو تورکە چەپانەی بەوە ناسراوە بە سەختی داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکات و یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی هەدەپە کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە.
بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی کوردەوە دۆسیە لەسەر ئۆندەر کرایەوە و ماوەیەک دەستبەسەر کران، بەڵام لە 16ـی ئایاری 2024 بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو.
ناوبراو یەک کتێبی هەیە، بەشداری لە دوو زنجیرە دراما، 15 فیلم و یەک کورتە فیلمدا کردووە و سێ خەڵاتی بە شایستە زاندراوە.
تەنیا پێنج ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ئەردۆغان 15ـی نیسان توشی نۆرەی دڵ بوو و دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ڕۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025 سڕی سورەییا ئۆندەر لە تەمەنی 63 ساڵیدا بۆ دواجار چاوەکانی لێک نا و کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردنی ئەو تورکە چەپەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد تەرخان کرد، تەواوی تورکیای خرۆشاند و دوای تێپەڕینی ماوەیەکی ئێجگار زۆر بۆ یەکەمجار، ڕووداوێک زۆربەی خەڵکی تورکیا بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بە کورد و بە تورکەوە، بە ئیسلامی و عەلمانییەوە خەمبار و نیگەران کرد.
بۆچی بە گومانەوە لە مردنی سڕی سورەییا ئۆندەر دەڕواندرێ؟
تووشبوونی سڕی سورەییا ئۆندەر بە نۆرەی دڵ و گیانلەدەستانی بەو هۆیەوە، لە کاتێکدا هەنگاوەکان چڕببوونەوە بۆ سەرخستنی ئەو قۆناغە نوێیەی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەستی پێ کردبوو، بووە جێی گومان.
سڕی سورەییا ئۆندەر تا تووشبوونی بە نۆرەی دڵ هاوشێوەی پەروین بوڵدان بەشداریی لە تەواوی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەدا کردبوو کە دوای دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە لەگەڵ ئۆجەلان و پارتە سیاسییەکان و ئەردۆغاندا ئەنجام درابوون.
ئەوەی گومانی لە مردنی سڕی سورەییا ئۆندەر هەیە، تەنیا تێکۆشەرانی کورد نین، ئەو تورکانەی ناو حکومەتیش کە لە خەمی چارەسەرکردنی پرسی کوردن بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە گومانیان هەیە و هەر لە سەرەتای ئەم قۆناغە نوێیە هۆشداری لەوە درا کە هێزگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی، نایانەوێ پرۆسەکە سەر بگرێ!
ڕاگەیەندراوێکی دەم پارتییش کە 8ـی ئایار بڵاو کرایەوە و ئاماژەی بەوەدا 2ـی نیسان ئامێرێکی تیژ دۆزراوەتەوە کە لە تایەی دواوەی لای چەپی ئۆتۆمبێلی سڕی سورەییا ئۆندەر جێگیر کراوە و توانای هەبووە تایەکە بتەقێنێت، گومانەکانی زیاتر کرد.
دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی ئۆندەر ئەوانی لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە و دەم پارتیش بەڵگەکانی ئاراستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام بە هۆی هەستیاری بابەتەکە و دەم پارتی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاگادار نەکراوەتەوە، دەم پارتیش ڕای گشتی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە.