مەسرور بارزانی: هیوادارین دادگای فیدراڵی بڕیارێكی ئەرێنی لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات

#ئەنجومەنی وەزیران#هەرێم#بەغداد
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران

سبەی

لەمیانی كۆوبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رایگەیاندووە "لەم یەك دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەكمان سەبارەت بە مووچە وشایستە داراییەكانی هەرێم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەكەدا بڕیارێكی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات".

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران وتی، بە هەموو شێوەیەك، لە هەوڵ و كاركردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەكردنی ئەم كێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەك دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەكمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە".

سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی " هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەكەدا بڕیارێكی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات ، بە تایبەتیش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی بگیرێت و شایستە داراییەكانی بنێردرێت".

"پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان كرد، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان كردەوە ، كە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانكاری بووە و وەك هەمیشەش، فاكتەرێكی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ و هیچ لایەنێك". ئەمەش بەپێی راگەیەندراوەكە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی كردووەتەوە "هەرێمی كوردستان ، پشتیوانیی هەموو هەوڵێك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە".

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەدا ، وەكو لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە " ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێكی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیكە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو ، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پێشنیارەكەی پەسەند كرد".

"لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی گشتییان خستەڕوو، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەكەی پەسەند كرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێكاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر". ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی