وەفدی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی كرد؛ دیدارەكەیان زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند و بەمزووانە ئۆجەلان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

#تورکیا#کورد#ئۆجەلان#دەم پارتی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدی ئیمرالی پارتی یەكسانیی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) كە لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێكهاتووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە سەردانی دوورگەی ئیمرالی كرد.
Primary Asset

پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار

سبەی

وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی، دیدارێكی دوو كاتژمێر و نیوی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دا، بڕیارە ئۆجەلان پەیامێك بڵاوبكاتەوە و وەفدی دەم پارتیش چاویان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بكەوێت. 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدی ئیمرالی پارتی یەكسانیی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) كە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێكهاتووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە سەردانی دوورگەی ئیمرالی كرد.

كەمێك پێش ئێستا، وەفدەكە لە دوورگەی ئیمرالی گەڕایەوە  وا باس دەكرێت، كە وەفدەكە لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا ڕاگەیاندراوێكی نووسراو بڵاو دەكەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویكردووەتەوە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕاگەیاندراوێكی مێژوویی بڵاودەكاتەوە و دواتر وەفدی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆدەبێتەوە، هەروەها لەلایەكی دیكەوە لە چوارچێوەی بانگەوازییەكەی ئۆجەلان گرووپێكی گەریلاكانی پەكەكە لە مەراسیمێكی سیمبولیكدا ژمارەیەك چەك لەناودەبەن.

هەریەك لە ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی “پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل” پێشتر لە 18ی ئایار سەردانی دوورگەی ئیمرالییان كردبوو و دیداریان ئەنجام دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەكەدا ئاماژەی بەوەدابوو، پێویستی بە "پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نوێ هەیە".

تا ئێستا، وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی شەش جار سەردانی دوورگەی ئیمراڵی كردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجام داوە.

هەوڵەكان بۆ زەمینەی یاسایی چارەسەری پرسی كورد

كۆی ئەو پێشهاتانەیش لە كاتێكدایە، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی بە مەبەستی هەمواركردنەوەی یاساكان بە جۆرێك كە زەمینەی یاسایی بۆ چارەسەركردنی پرسی كوردی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بڕەخسێنن.

هەر بەم هۆیە و بە هۆی پێداگیری دەم پارتی لەوەی پێویستە لیژنەكە بەر لەوەی پشووی وەرزی پەرلەمان دەست پێ بكات، پشووی وەرزی پەرلەمانی توركیا دوا خرا كە ساڵانە لە 1ـی تەمووزی دەست پێ دەكات و تا 1ـی تشرینی یەكەم بەردەوام دەبێت.

جگە لە ئیی پارتی كە پارتێكی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە دەست ناكۆكی قوڵی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت سەرجەم پارتە كاریگەرەكانی پەرلەمان بە پێویستی دەزانن پرسی كورد لە پەرلەمان چارەسەر بكرێت. 

بەڵام ئیی پارتی بە هەموو جۆرێك ڕەتی دەكاتەوە كورد لە توركیا كێشەی هەبێت و تەنانەت ئامادە نییە پێشوازی لە شاندی ئیمراڵییش بكات.

چاوەڕێ دەكرێت دوای چەكدانانی پەكەكە لیژنەكەی پەرلەمانی توركیا بە سەرۆكایەتی نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا پێك بهێندرێت. 

وێڕای ئەو هەنگاوە گرنگانەی نراون بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، هێشتا توركیا و كورد لەسەر ناولێنانی پرۆسەكە هاوڕا نین. توركیا بە پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" و پەكەكە و دەم پارتییش بە پرۆسەی "كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری" ناوی دەبەن. 

جگە لە ئیی پارتی كە پارتێكی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە ژمارەی كورسییەكانی لە 43 كورسییەوە كەم بووەتەوە بۆ 29 كورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەكانی توركیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی كورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەك پێكدەهێندرێت كە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسییە خاوەن كورسییەكانیش لەخۆ دەگرێت.

قۆناغەكانی پرۆسەی ئاشتی

هەرچەند قۆناغی یەكەم (1993) و قۆناغی دووەمی پرۆسەكە (2013-2015)، گفتوگۆ و دانوستانەكان ڕاستەوخۆ لەنێوان حكومەتی توركیا و جوڵانەوەی كورد لە باكوری كوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشوو ئەمجارە، هەر خودی پرۆسەكە بە دەستپێشخەری سەرۆكی گشتیی مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی)، دەولەت باخچەلی دەستی پێ كردووە كە هاوپەیمانیی ئاك پارتیی دەسەڵاتدارە.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025 نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ڕایگەیاند كە شوێنی چارەسەركردنی پرسی كورد هەم لە ڕووی سیاسی و هەم بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی پەرلەمانی توركیایە.

ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی 18ی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چارەسەری پرسی كورد لە پەرلەمان كە لە 100 كەس پێك بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەكەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی لیژنەكە بكات.

باخچەلی هاوكات ئاماژەی بەوەیش دا كە پێویستە ئەو بڕیارانەی لیژنەكە دەری دەكات، بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند بكرێن و دواتر وەك پڕۆژەیاسا پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێن.

هەر هەمان ڕۆژ ناوەندی ڕاگەیاندنی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا كە داوای پێكهێنانی لیژنەیەك دەكەن لە پەرلەمانی توركیا كە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد.

دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هاوشێوەی دەولەت باخچەلی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە نوێنەری سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانە لە لیژنەكەدا بەشدار بن كە خاوەن كورسین لە پەرلەمان.

هەرچەند لە هەردوو قۆناغی پێشوو، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەركردنی پرسی كورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی كورد سەركوت بكرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، كەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی كورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەكانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەركردنی پرسەكەدان.

جەهەپە كە موستەفا كەمال ئەتاتورك 103 ساڵ لەمەوبەر دایمەزراندووە و خاوەن 135 كورسییە لە كۆی 600 كورسییەكەی پەرلەمانی توركیا، جەخت لەوە دەكاتەوە چی لە توانایدا بێت دەیكات بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، هاوكات هۆشدارییش دەدات كە ئەگەر ئەمە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، كە بەپێی یاسا كارپێكراوەكان ناتوانێت جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەركۆمار كاندید بكاتەوە، ئەوا لەگەڵیدا نابن.

تاكە پارتی سیاسیی كە خاوەن كورسی بێت لە پەرلەمان و بە هەموو جۆرێك دژی چارەسەركردنی پرسی كورد بوەستێتەوە، ئیی پارتییە.

ئیی پارتی لە 2017 لەلایەن ژمارەیەك لە سەركردە جیابۆوەكانی مەهەپە دامەزرێندرا و وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی 2023، توانی ببێتە خاوەنی 45 كورسی لە پەرلەمان، بەڵام بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە تەنیا 29 كورسی بە دەستەوە ماوە و 14 پەرلەمانتاری سەنگەریان گواستۆتەوە ناو پارتەكانی دیكە.

كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری

لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند كە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەكەن بۆ ڕێكخستنەوەی یاساكان بە جۆرێك بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە كاتێكدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی قورسكراو حوكم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەكی مەرجدار ئازاد دەكرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواكارییەكەی كردووە و ئاماژەی بەوە دا لە كاتێكدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەكەن، توركیا لە هەموو شوێنێك زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەكەی جەخت لە یەكڕیزی كورد و تورك دەكاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەكەوە هات، داوای لە پەكەكە كرد كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت و كۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن توركیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەكەكە وەك پابەندبوون بە بانگەوازەكەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاكلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو كاتەوە نەك توركیا هێرشەكانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵكو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەكەكە جەختیان لەوە دەكردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەك دابنرێت، پرۆسەكە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاكی و كۆتایی هێنانی توركیایە بە هێرشەكانی و پێویستە خودی ئۆجەلان كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەكی سەركەوتوو كۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری كوردستان كە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێك باسی لەو بڕیارانە نەكرد كە لە كۆنگرەكەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا و وەك بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەكەی ئۆجەلان بڕیاری دا كۆتایی بە خەباتی چەكداریی بهێنێت، چەك دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی