ئەحمەد شەرع
سبەی
پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سوریا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن. ئاژانسە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە بنەمای پەیوەندییەکان دەگەڕێتەوە بۆ نیسانی ئەمساڵ، دوای ئەوەی سەرۆکی سوریای لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیلیدا لە ئیمارات کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە 13ـی نیسانی 2025، لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، ئەحمەد شەرع (ناسراو بە ئەبو محمەدی جۆلانی) لەگەڵ ژمارەیەکی بەرپرسی پلە باڵای مۆساد، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیلدا بە نهێنی کۆبووەتەوە.
کۆبوونەوەکان بەرهەمدار بوون، چونکە ئەحمەد شەرع لە بابەتی بەرزاییەکانی جۆلان کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە، نەرمی نواندووە، ئەوەش لە پێناو بەرپاکردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل. هەر ئەو کۆبوونەوەیە بووە بە سەرەتای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی کاتی سوریا و ئیسرائیل.
لە بەرامبەر نەرمی نواندنی سەرۆکی کاتی سوریادا، ئیسرائیل دڵنیایی داوە لە پاراستنی سەرەوەری خاکی سوریا و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە.
کۆبوونەوەکانی شەرع و بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر بابەتەکانی هەماهەنگی ئاسایشی و هەواڵگریی نێوان هەردوو وڵات بووە.
لە 30ـی حوزەیرانی 2025، گیدۆن سائر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئیسرائیل ئارەزووی دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ سوریا و لوبنان دەكات."
سەبارەت بە هێڵی سوری ئیسرائیل، وەزیری دەرەوە رایگەیاند، "ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەك سازش و رێككەوتن لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان ناكات."
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، پەیوەندییەكانی سوریا و ئیسرائیل گەیشتە ئەوپەڕی خراپی، چونكە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەكی زۆر بنكە و بارەگای سوریای بە ئامانج گرت و كۆنترۆڵی بەشێكی خاكی سوریای كردووە، تائێستاش هێزەكانی ئیسرائیل لەو ناوچانە نەكشاونەتەوە.
ئیسرائیل لە ساڵی 1981ـەوە بەشێكی زۆری بەرزاییەكانی جۆلانی داگیركردووە و خستوویەتییە سەر خاكی ئیسرائیل.
حكومەتی ئێستای سوریا بە سەركردایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی)، ئارەزووی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل.