چ جۆرە تیشکێک بۆ خەوتن باشە و چ جۆرە تیشکێک خەو دەزڕێنێت؟

#تیشک#خەو#وەرزش#تێرخەوبوون#خەو زڕان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بە باشی خەوی لێ بکەوێت و تێر خەو بێت، پێویستی بە دورکەوتنەوەیە لەو تیشکە شینەی لە ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە دەردەچێت، چونکە ئەو جۆرە تیشکە ڕێگە لە دەردانی مێلاتۆنین دەگرن، کە هۆرمۆنی ڕێکخستنی خەو و تێرخەوبوونە.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

پزیشک لە نەخۆشخانەی زانکۆی ڤاڵ دی هێبرێن لە بارسێلۆنا، ئاڵێکس فێر بە ڕۆژنامەی El Paisی ئیسپانی ڕاگەیاندووە مرۆڤ بۆ ئەوەی باش خەوی لێ بکەوێت پێویستی بە "خۆرئاوابوونێکی زیندەیی"یە.

ئاڵێکس فێر بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی ئەو تیشکە شینەی لە ئامێرە دیجیتاڵییەکان دەردەچێت و ڕووناککەرەوە دەستکردەکان خەو تێک دەدەن، دەڵێت: "لە 480 نانۆمەتری شەبەنگی ڕوناکیدا بیندراوە کە تیشکە سەوز و شینەکان ڕێگەیان لە دەردانی مێلاتۆنین گرتووە".

لە بەرامبەریشدا ڕەنگەکانی دیکەی شەبەنگی ڕوناکی کە وەک ڕەنگی ئاگر زەرد، سور و پرتەقاڵی بوون، کاریگەری نەرێنییان نەکردووەتە سەر دەردانی مێلاتۆنین.

دکتۆر ئێدوارد ئێستیڤڵ لە کلینیکیی ئێستیڤڵ بۆ خەو لە بارسێلۆنا، ئاماژەی بەوە دا کە ڕەنگی زەردەپەڕی کاتی خۆرئاوابوون، دەبێتە هۆی دەردانی مێلاتۆنین.

ئێدوارد ئێستیڤڵ سەرنجی خستە سەر ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی ئەو تیشکەدا مێشک فەرمان بە کاژە ڕژێنی سنەوبەری دەکات مێلاتۆنین دەر بدات.

هەردوو پسپۆڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ ئەوەی خەو باش ببێت و مرۆڤ تێرخەو ببێت، مەرج نییە تەنها پشت بە تیشکی سور ببەستێت و دەتوانێت ڕەنگە گەرمەکان هەڵببژێرێت.

لە ژوری تاریک و بێدەنگدا بخەون

فێر بە پێویستی دەزانێت دوو بۆ سێ کاتژمێر بەر لە خەوتن، هیچ جۆرە وەرزشێک ئەنجام نەدرێت.

ئاڵێکس فێر بە پێویستی دەزانێت ژوری خەو تاریک و نوتەک بێت و دەڵێت: "چەند ڕوناکی لە دەرەوەڕا کەمتر بێت، هێندە باشترە بۆ خەوتن".

ئامێرە دیجیتاڵییەکان مەبەنە ژوری خەو!

دکتۆر گیلیرمۆو رادیگێز لەبارەی کاریگەری تیشک لەسەر دەردانی مێلاتۆنین دەڵێت: "ئەو تیشکە شینەی لە ئامێرە دیجیتاڵییەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپ دەردەچێت، دەردانی مێلاتۆنین کەم دەکاتەوە. بۆیە ئەوانەی تا درەنگانی شەو ئەو جۆرە ئامێرانە بەکار دەهێنن، زوو خەو نایانباتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێو جێدا بە بێداری (بەخەبەری) دەمێننەوە".

رادیگێز سەرنجی خستە سەر ئەوەی لە بەرامبەریشدا تاریکی دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی ئەو هۆرمۆنە و لەشی مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ خەو و دەڵێت: "تیشکی سور مێشک ئارام دەکاتەوە و بەمیش سترێس و خەمباری کەم دەبێتەوە. بەڵام ناتواندرێت بە ڕەهایی بگوترێت تیشکی سور خەو باش دەکات".

لە توێژینەوەیەکدا لە 2012 کاریگەری چارەسەر بە تیشکی سور لەسەر کوالێتیی خەو و توانای 20 ژنی یاریزانی باسکێتبۆڵ ئەنجام درا. 

دەرکەوت ئەم جۆرە چارەسەرییە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێکخستنەوەی دەردانی مێلاتۆنین لەو ژمارە یاریزانەدا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی