سبەی
بە وتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، 138 پاڵاوتگەی نایاسایی لە هەولێر كاریان كردووە، هەرچەندە لە 2021ەوە بڕیاری داخستنیان دەركراوە، بەڵام دەسەڵاتی ئیداری شارەكە بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە. هاوكات بەپێی بەداداچونێکی "سبەی" لە سلێمانی زیاتر لە 30 گۆڕەپانی نایاسایی بۆ دڵۆپاندنی سوتەمەنی هەن و بەنزینی بێ کوالێتیان لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ماوەی هەفتەیەكە لە هەولێر، دیمەنی ئاسمانی دوكەڵاوی شارەكە بڵاودەكەنەوە و پێیان وایە ئەو دوكەڵەی پاڵاوتگە نایاساییەكان فڕێی دەدەنە هەواوە، پەیوەندییەكی ڕاستەوانەی لەگەڵ هەڵكشانی حاڵەتەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە، كە لە شارەكەدا تا دێت ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبێت.
دوای فشارەكانی خەڵك بۆ پاراستنی هەوای شارەكە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕۆژی چواری ئابی 2024، ئاشكرای كرد، كە لە سنووری ئیدارەكەیدا 138 پاڵاوتگە بە نایاسایی دامەزراون و بێ ئەوەی مۆڵەتیان هەبێت كار دەكەن.
خۆشناو، وتیشی "سەرجەم ئەو پاڵاوتگانەی نەوت دادەخرێن".
بڕیاری داخستنی پاڵاوتگەكان، لە 8ی شوباتی 2021 بە فەرمانی ژمارە 483 و واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت و هێشتا پاڵاوتگەكان بە بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ بنەمایەكی پاراستنی ژینگە و تەندروستی بكەن كار دەكەن.
لە ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا هەزاران حاڵەتی تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار كراون، بەڵام تا ئێستا دیار نیە، كێ بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت و چۆن قەرەبووی ئەو تووشبووانە دەكرێتەوە، كە بە هۆی دەرهاویشتەی گازی ژەهراوی پاڵاوتگە نایاساییەكانەوە لە لیستی تووشبووانی شێرپەنجە تۆمار كراون.
سلێمانی
بەپێی دواداچونێکی "سبەی" لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 30 گۆڕەپانی نایاسایی بۆ دڵۆپاندنی سوتەمەنی هەن، زۆرینەیان دەکەونە ناوچەی تانجەرۆوە.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بوونی ئەو گۆڕەپانە نایاساییانەی ڕەتنەکردەوە بە"سبەی" ڕاگەیاند، ئاگاداری بوونی گۆڕەپانی نایاسایین، بەڵام ژمارەیان نازانین.
"سبەی" دەزانێت، بەهۆی ئەوەی هیچ مەرجێکی ژینگەیان تێدا نییە، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی داوای داخستنی سەرجەمی گۆڕەپانەکانی کردووە بەڵام تا ئێستا گۆڕەپانەکان لە کاردان.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ساڵی 2017 لە شارەکەدا 52 گۆڕەپانی نایاسایی بۆ دڵۆپاندنی سوتەمەنی هەبوون بەڵام ئێستا ژمارەکە کەمی کردووە.
لە گۆڕەپانەکاندا چی دەکرێت؟
بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" لە زۆرینەی گۆڕەپانەکانی سوتەمەنی سلێمانی چەندین کاری جیاواز دەکرێت بەڵام زۆرینەیان تایبەتن بە بەرهەمهێنانی بەنزینی نایاسایی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لیژنهى وزه وسامانە سروشتیهكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کورستان ئامادەیان کردووە، لە گۆڕەپانەکاندا سوتەمەنی ژەهراوی بەرهەم دەهێنرێت. بەرهەمهێنانی بەنزینەکەش لە ماددەکانی Mtp، بەنزۆڵ، ئیسانۆل و نەوتی خاو بەرهەم دەهێنرێت کە هەمووی یارمەتیدەرن بۆ گەشەی شێرپەنجە، کێشەی کۆئەندامی هەناسە و لەناوبردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی و تەنانەت زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلیش.
بەپێی ستانداردی حکومەت، دەبێت ئۆکتانی بەنزینی نۆرماڵ 89-92 بێت، محەسەن دەبێت لە 92-95 بێت و سوپەریش 95-98 بێت، ئەگەر ئۆکتان لەمە کەمتر بێت، بەنزینخانەکە سزا دەدرێت بەڵام ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، بەهۆی بەنزینی كەم ئۆكتان و بێ كوالێتی، بە دەیان ئۆتۆمبێل دەسووتێن، ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران ئۆتۆمبێل تووشی كێشەی تەكنیكی دەبنەوە و فویل پەمپیان دەوەستێ و لەكار دەكەون.
ژینگە
لە هەرێمی كوردستان دەستەیەكی تایبەت بە پاراستن و چاككردنی ژینگە هەیە، كە لە كابینەكانی پێشووتردا وەزارەتێك بووە.
هەرێمی كوردستان ئەگەرچی خاڵییە لە كارگەی گەورەی پیشەسازی و مەترسی دەردانی گازی ژەهراوی كارگە پیشەسازییە گەورەكانی نیە، بەڵام بە هۆی دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتنی لە پاڵاوتگەی ئاست نزمەوە، ڕۆژانە دەیان تۆن گازی ژەهراوی و بۆنی ناخۆش و دوكەڵ دەردەدرێتە بەرگەهەوای شارەكانەوە.
هاوكات ساڵانە لە وەرزی هاویندا بە هۆی نائارامییە ئەمنییەكانی ناوچە سنورییەكان و ئاگر كەوتنەوەی بێ مەبەست و بە مەبەستەوە، هەزاران دۆنم زەوی و باخ و دارستانی سروشتیی دەسوتێن.
جگە لەوانەش، نەبوونی خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتیی لە شارەكاندا و پشتبەستنی هاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانەیان، وایكردووە، ڕۆژانە ملیۆنان ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكان بن و بەنزینی كوالێتی نزمی ئەو پاڵاوتگانە بسوتێنن، كە دەرهاویشتەكەی هۆكاری سەرەكی تووشبوونە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی سینگ و هەستیاری.
هەروەها نەبوونی ڕێژەی پێویستی سەوزایی لە شارەكاندا و كۆنكرێتكردنی بەرزاییەكان و گۆڕینی مۆركی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ نیشتەجێبوون و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی ناپێویست لە قەد پاڵی چیا و بەرزاییەكان، كاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر بەرتەسككردنەوەی ڕووبەری سەوزایی دروست كردووە.