سبەی:
دوای ئەوەی ڕۆژی 5ی ئاب لە دادگای دهۆک، پێنج سكاڵا لە دژی قاسم شەشۆ، فەرماندەی سەربازی لە شنگال بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە ئایین و پێغەمبەری ئیسلام، تۆمار كرا، قاسم شەشۆ، ڕایگەیاند، "هیچ نیە و كێ سكاڵا تۆمار دەكات با بیكات و درێغی نەكات".
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لەشنگال، لە وتارێكدا باسی لە هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر پێكهاتەی ئێزدی كردبوو.
لەو بارەیەوە، شەشۆ، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "سبەی" وتی: مەبەستی من لەو قەسەیە ئایینی ئیسلام و موحەمەد پێغەمبەری ئیسلام نەبوو، بەڵکو پەیامەکەم بۆ کەسانی توندڕەوە و ئەو کەسانەی بەناوی ئایین هێرش و فەرمان دەکەنە سەر ئێزدییەکان، ئەوە لەئەخلاقی من نیە باسی هیچ پێغەمبەرێک بکەم".
بۆ ئەو لایەن و کەسانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوە، قاسم شەشۆ، وتی: "هەرکەسێک سکاڵا لەدژی من تۆمار دەكات، با بیكات و درێغی نەكات و هیچ نیە، چونکە من باش دەزانم چیم وتووە و مەبەستی من لەقسەکانم چی بووە".
وتیشی: "هەندێک کەس کوشتنی ئێزدییەکانیان حەڵاڵ كردووە و هەموومان دەزانین چی بەسەر گەلی ئێمەدا هات، قسەکەی من بۆ ئەوانە چونکە بەناوی ئیسلام وپێغەمبەر ئەو کارە نامرۆڤانەیان کرد، لەکاتێکدا ئایینی ئیسلام وا ناڵێت".