سبەی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، پیاوان تا ساڵی 2050 بە هۆی شێرپەنجەوە زیاتر گیانیان لەدەستدەدەن.
لە توێژینەوەیەکی گرنگدا کە لە سەرانسەری جیهاندا شیکاری بۆ پیاوانی 185 وڵات کردووە دەریخستووە ڕێژەی مردنی پیاوان بە شێرپەنچە بۆ دوو ئەوەندە بەرزدەبێتەوە، ئەم توێژینەوەیە بەیەکێک لە پڕبایەخترین توێژینەوەکان دادەنرێت بەهۆی فراوانی وەرگرتنی سامپڵەکانەوە.
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تا ساڵی 2050 حاڵەتەکانی شێرپەنجە لەنێو پیاواندا لە10.3ملیۆنەوە بۆ 19 ملیۆن بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی بەڕێژەی لەسەدا ٪84 زیاد دەکات، هەروەها بەهەمان شێوەش ڕێژەی مردن بە شێرپەنجە زیاد دەکات لە 5.4 ملیۆنەوە بۆ 10.5 ملیۆن، ئەمەش واتا لە ٪93 ڕێژەی مردن زیاد دەکات.
ئەوەی لە توێژینەوەکەدا جێگەی سەرنجە
توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە گەورەترین بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە پیاوانی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتردایە.
هەروەها توێژینەوەکە باس لەوەدەکات ئەو وڵاتانەی داهاتیان کەمترە و ڕێژەی تەمەنیان کەمترە، ئەگەری زیادبوونی مردنی تووشبووانی شێرپەنجەی پیاوان زیاترە.
هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجە لە توێژینەوەکەدا ئەوەیە حاڵەتەکانی شێرپەنجەی خوار تەمەنی 50 ساڵ لە سەرانسەری جیهاندا زیادیان کردووە.
بۆچی پیاوان زیاتر توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن؟
بەپێی توێژینەوەکە، پیاوان مەترسی و ڕەفتاری زیاتری وەک جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولیان هەیە، هەروەها " پیاوان کەمتر لە چالاکییەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەدا بەشداری دەکەن"، بە پێی ئامارێکی لە ساڵی 2020 بڵاوبوەتەوە دا لەسەدا 32.6 پیاوان جگەرەکێش بوون، لەکاتێکدا تەنها لەسەدا 6.5ی ژنان جگەرەیان کێشاوە.
لە نێو ئەو جۆرە شێرپەنجانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، شێرپەنجەی سییەکان بە گەورەترین هۆکاری مردن بە شێرپەنجە لەنێو پیاوان دادەنرێت.
سەرچاوە: American Cancer Society