"سبەی" وردەکاری کێشەی مووچە ئاشكرا دەکات ..."بە خواستی خۆیان لیستی مووچە ئامادە دەکەن"

#مووچە#پارە#کوردستان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەکە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەکە ژمێریارییەکان بە خواستی خۆیان لیستی مووچە ئامادە دەکەن.
  • بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کێشانەی پەیوەستن بە بایۆمەترییەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە.
  • بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "سبەی" کەوتوون، لە کۆبونەوەکدا دەمەقاڵێ لە نێوان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیراندا دروست بووە.
Primary Asset

"سبەی" وردەکاری کێشەی مووچە ئاشكرا دەکات، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەکە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەکە ژمێریارییەکان بە خواستی خۆیان لیستی مووچە ئامادە دەکەن.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" ڕاگەیاند، ئەو کێشانەی پەیوەستن بە بایۆمەترییەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە. 

باسی لەوەشكرد، یەکە ژمێریارییەکان کاتێک لیستی مووچە ئامادە دەکەن، هەر شوێنێک بە خواستی خۆی ئامادەی دەکات، لە لیستی مووچەی مانگی تەموزدا بەشێک لە یەکە ژمێریارییەکان کۆدی بایۆمەتری مووچەخۆرانیان نەناردووە. 

لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران هیوا ئەفەندی وتی،" کێشەکە پەیوەستە بە نەناردنی کۆدی بایۆمەترییەوە، وەزارەت دارایی عێراقیش کێشەی هەیە و کەسانی شارەزا کار لەسەر لیستی مووچە ناکەن". 

هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆری هەیە، بە وتەی  سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەرجەم مووچەخۆران خاوەنی کۆدی بایۆمەترین و هیچ مووچەخۆرێک نییە، بایۆمەتری نەکردبێت. 

لە یەک مانگدا کێشەکان چارەسەر بکەن

ڕۆژی 21ـی ئابی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی پرسی نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی لەلایەن بەغدادەوە کرد، ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد، حکومەتی عێراقی مووچە ڕانەگرێت و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "سبەی" کەوتوون، لە کۆبونەوەکدا دەمەقاڵێ لە نێوان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیراندا دروست بووە. 

قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب یەکتریان بە هۆکاری ئەو کێشانە تۆمەتبار کردوە کە لیستی مووچە و بایۆمەتریدا هەیە. 

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو دەمەقاڵێیانەوە، بڕیاری دەرکردووە لە ماوەی یەک مانگدا سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن و لیستی مووچە بەشێوەی ناوەندی ئامادە بکرێت. 

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونیکردەوە، بەپێی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران، دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە پەنابەرێتە بەر ئەو سیستمەی کە زیاتر لە سێ ساڵە لەلایەن تیمەکانی ئێمەوە بۆ بە دیجیتاڵکردنی سیستمی مووچە ئامادەکراوە. 

ژمارەی ئەوانەی بایۆمەتریان کردووە

ڕۆژی 8ـی تەموزی 2020، بە بڕیاری ژمارە 65، مەسرور بارزانی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری لە هەرێمی کورستان پەسەند کرد، دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری چەند ڕێکارێکی جیاوازی لە خۆی گرت. بەپێی داتاکانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکە زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکراوە و دەبێت تا مانگێکی دیکە ئەم سیستمە دیجتاڵییە بەکاربهێنرێت،

بەپێی داتاکانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 395 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بایۆمەتریان کردووە، زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەسیان مووچەخۆرن. 

وەزارەتی دارایی: ئێمە بەرپرس نین 

ڕۆژی 21ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی نەناردنی پارەی مووچە لەلایەن بەغدادەوە بڵاوکردەوە و هۆکاری نەناردنی مووچەی خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق و کێشەکانی بە سیاسی ناوبرد. 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی