سبەی
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند کە 9 ی ئەیلولی 2024 هەندێک لە نوێترین بەرهەمەکانی خۆی نمایش دەکات، کە بریتین لە ئایفۆن 16 و apple watch .
ئەمجارە کۆمپانیای ئەپڵ جیاواز لە ساڵانی پێشو کە کاتی نمایشکردنی ئایفۆنی دەخستە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە و لەکاتی بڵاوبونەوەی کۆرۆناشدا خستییە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم، بەڵام ئەمجارە زوتر رایگەیاند، بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان هۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ گەرمبونی بانگەشەی هەلبژاردنەکانی ئەمەریکا، کە بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
کۆمپانیاکە لە 9ی ئەیلول لە بارەگای سەرەکی خۆی لە کالیفۆرنیا بۆنەیەک ئەنجام دەدات، کە ناوی "It's Glowtime" ە، کە کاتژمێر 8ی شەو دەبێت بە کاتی هەولێر.
دەنگۆکان لە بارەی دیزانی ئایفۆنە نوێیەکەوە
دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئایفۆن 16 جارێکی تر بە چوار بژاردە بێت، بەنیسبەت دیزاینەکەشیەوە تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئایفۆنەکانی جیلی 15 دەبێت، بەڵام ڕەنگە مۆبایلە ناپرۆکان دوگمەی Action Button بەدەستبهێنن کە لە ئێستادا تایبەتە بە مۆدێلی پرۆکان.
لە ساڵی 2009 وە ئایفۆن پێشەنگی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانی ئەمەریکایە هەتا ئێستا، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2024 ئایفۆن 58.81% پشکی بازاڕی ئەمەریکای پێکهێناوە، لەکاتێکدا ئەندرۆید 40.81% پشکی بازاڕی هەیە.
جگە لە ئەمەریکا کە زۆرترین بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکانی ئایفۆنن، هەریەکە لە ژاپۆن بە ڕێژەی٪68.86 و، کەنەدا بە ڕێژەی ٪60.31 و، ئوسترالیا بە ڕێژەی ٪59.63 و بەریتانیا بە ڕێژەی ٪52.29 ئایفۆن بەکاردێنن .