سبەی
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی هاویندا، خەڵک بۆ ئەوەی فێنکی بێتەوە و تینوێتی بشکێت، دەست دەکات بە خواردنەوەی ئاوی سارد و خواردن و خواردنەوە ساردەکان، هاوکات ترسی ئەوەیشیان هەیە بەم هۆیەوە توشی هەوکردنی قورگیان ببن و نەخۆش بکەون.
دایک و باوکان لە وەرزی هاویندا بەردەوام هۆشداری دەدەن بە منداڵەکانیان لە خواردنەوەی ئاوی سارد و ترسی ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان نەخۆش بکەون، چونکە تێڕوانینێکی بەربڵاو هەیە و وای بۆ دەچێت خواردنەوەی ئاوی سارد دەبێتە هۆی ئەستوربوونی قورگ و نەخۆش کەوتن.
لە بەرامبەردا ژمارەیەک لە پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی سنگ ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمە تەنها دەنگۆیەکە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و پێویست ناکات دایک و باوکان ترسیان لەوە هەبێت.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە خواردنەوەی ئاوی سارد و خواردنەوە و خواردنە ساردەکان نەک هەر زیان بە قورگ ناگەیەنن، بەڵکوو لەوانەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری قورگ باش بن و لە کاتی سنگئێشەدا مرۆڤ ئارام بکەنەوە.
هاوکات بە پێویستیشی دەزانن ئاو لەسەرەخۆ و قوم قوم بخورێتەوە، نەک بە پەلە و بە یەکجار.
پسپۆڕان لە کاتێکدا ئاماژە بەوە دەدەن خواردنەوەی ئاوی سارد یاخود ئاوێک پلەی گەرمییەکەی وەک هیی ژوورەوە ئاسایی بێت، زیان بە تەندروستی ناگەیەنێت، هاوکات هۆشداریش دەدەن لەوەی کە نابێت ئەو ئاوەی دەخورێتەوە زۆر گەرم بێت یان هێندە سارد بێت کەللەی مرۆڤ بتەزێنێت.