سبەی
ترس لە سەگە بێلانەکان خەڵکی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە بەرەیەک رازی نین کە سەگە بێلانەکان لەناوببرێن، بەرەیەکیش دەڵێن دەبێت لەناو ببرێن، یاسای عێراقیش "ڕێگری لە لە ناوبردنی سەگەکان ناکات، بەڵام لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە".
هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی (ڕافید عومرانی) بۆ تۆڕی هەواڵی (ئەلعەرەبی الجدید) لەبارەی سەگە بێلانەکانەوە دەدوێت کە کچەکەی بەر هێرشی سەگی بێلانەکان کەوتووە، ئەویش وەک تۆڵەی کچە پێنج ساڵانەکەی لە یەک ڕۆژدا 15 سەگی کوشتوە، پاشان دەستی کرد بە ڕاوەدونانی سەگە بێلانەکان لە ناوچەکانی دەروبەری ماڵی خۆی تا نازناوی “ ڕاوکەری سەگ" ی لێندراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا (ڕافید عومرانی) چیرۆکی گیانلەدەستدانی ژنێک دەگێڕتەوە ودەڵێت دوو ساڵ لەمەوبەر لەو گەڕەکەی کە لێی نیشتەجێن، کۆمەڵێک سەگی بێلانە هێرشیان کردۆتە سەر ژنێک، دوای گازکردن لەلایەن سەگەکانەوە هەوڵیداوە هەڵبێت بەڵام کەوتوتە سەر زەوی و سەری داویەتی بە بەردێکدا و بوەتە هۆکاری مردنی.
"عومران" کە درێژەی قسەکانیدا بۆ میدیای ناوبراو زۆر توڕەیە لە سەگی بێسەرپەرشتان، ئاماژە بەوە دەکات کەدانیشتوانی ئەو ناوچەیەی کە لێی نیشتەجێیە، بەشێکیان بەهۆی هێرش و گازی سەگەکانەوە توشی نەخۆشی یان بریندار بوون.
ئاماری قوربانییانی هێرشی سەگە بێلانەکان
وەزارەتی تەندروستی عێراقی لەبارەی ئاماری گازکردنی سەگەوە دەڵێت ساڵانە لە هەزار حاڵەت تێدەپەڕێت، ئەو حاڵەتانەش ئەوانەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان واتا ئامارەکە پێدەچێت زیاتر بێت لەو ژمارەیە، ئاماژەش بەوە دەکات هەندێک لە هێرشەکان توندن و هەیە دەبێتە هۆی مردن.
"سزای یاسایی ناسەپێنن بەسەر ئەو کەسانەی کە سەگە بێلانەکان لەناودەبەن"
هەرکەسێک سەگی بێلانە لەناوبەرێت هیچ سزایەکی یاسایی نییە، بەپێی یاسای تەندروستی ئاژەڵانی ساڵی 2013، هاوڵاتیان ڕێگەیان پێدراوە کە لە سەگی بێلانەکان ڕزگاریان ببێت بەڵام لە یاساکەدا هاتووە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەستێت بە لەناوبردنیان.
لە ئێستادا دیمەنی کوژرانی سەگەکان بە گولـلە یان ژەهر خواردنکردن لە زۆرێک لە شەقامەکان بڵاوبوەتەوە ئەمەش هەڵوێستی جیاوازی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە.
هاوڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەت گرنگی بەو کێشەیە نادات، ئەمەش وا لە هاوڵاتیان دەکات بەشێوەیەکی هەڕەمەکی مامەڵە بکەن.
چالاکانی ژینگە و مافی ئاژەڵان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە دەبێت بەشێوازێکی تر چارەسەر بکرێت نەک کوشتنیان، شوێنی کۆکردنەوەی سەگی بێلانەکان دابمەزرێنن، و لەڕێگەیەوە دەتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت لە زاوزێکردن بۆ ئەوەی وردە وردە ژمارەیان کەم بکرێتەوە.