سبەی
دوای ئەو زنجیرە هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانیان هەڵپەسارد و بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد، لەئێستادا قۆناغ بە بە قۆناغ کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەڕێنەوە و کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بوژانەوە دەچێت.
مانگی رابردوو، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، زنجیرەیەک هێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو هێرشانە کاریگەریی راستەوخۆی کردە سەر کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت و بەشێکی زۆری کێڵگەکان لە بەرهەمهێنان وەستان، کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانیان هەڵپەسارد، تا دەستەبەرکردنی ئاسایشی کارکردنیان.
کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت
بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان، پێش هێرشە درۆنییەکان، سەرەڕای راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ ماوەی زیاتر دوو ساڵ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتبووە 280 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
دوای هێرشەکان بۆ 81 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی کردە سەر کەمبونەوەی داهاتی هەرێم و ناسەقامگیریی ناوچەکە.
بەهۆی دڵنیا نەبوون لە سەلامەتی کارمەندان و کارەکانیان، بەشێکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان راگرت.
لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێو شوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، سیستمی چاودێریی و هێزی ئەمنی لە نزیک کێڵگەکان زیاتر دەکات.
کۆمپانیاکان کارەکانیان راگرت
یەکەم کۆمپانیا کە کارەکانی راگرت، کۆمپانیای (DNO)ـی نەرویجی بوو کە لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخاپوور لە سنوری زاخۆ کارەکانیان راگرت، ئەوەش بەهۆی سێ هێرشی موشەکییەوە کە لە 16ـی تەمموزی 2025 کرایە سەری، بەهۆیەوە راستەوخۆ بەرهەمهێنانی نەوتی راگرت و دڵنیایی دا لە کاتی بەرقەرابوونی سەلامەتیی دەست بەکار دەکاتەوە.
دواتر کۆمپانیای (Gulf Keystone Petroleum)ـی بەریتانی مارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە باکوری رۆژئاوای هەولێر راگرت، وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەهۆی ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەری.
کۆمپانیای (HKN Energy)ـی ئەمەریکییش چووە ریزی ئەو کۆمپانیایانەی کە بووە ئامانجی هێرشە درۆنییەکان و کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک راگرت.
یەکێکی دیکە لەو کۆمپانیایانەی کە بە هەمانشێوە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز بووە ئامانجی هێرشەکان کۆمپانیای (Hunt Oil)ـی ئەمەریکی بوو، کە لە کێڵگەی عەین سوفنای دهۆک کار دەکات. بەهەمانشێوە بەهۆی هێرشەکانەوە کارەکانی راگرت.
کۆمپانیاکان دەگەڕێنەوە سەر کار
سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکومەتی هەرێمی ئاشکرای کردووە، دوای گرتنەبەری رێکارەکان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. کاراکردنی سیستمی چاودێریی و بڵاوکردنەوەی هێزی زیاتری ئاسایشپارێز، قۆناغ بە قۆناغ کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەڕێنەوە بۆ کارکردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.
30 هێرشی درۆنی لەیەک مانگدا
بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا نزیکەی 30 هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە زۆرینەیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بوون، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە تائێستا راپۆرتی کۆتایی لەسەر هێرشەکان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی نەکردووە.
لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئەو نەوتی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقیی بکات بۆ ئەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە بکرێت.
ئەمڕۆ لیژنەیەکی دیکەی لێکۆڵینەوە دەگات
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئابی 2025) لیژنەیەكی تایبەتمەندی عێراق لە بەغدادەوە دەگاتە هەولێر".
بەوتەی ئەو بەرپرسە "كاری لیژنەكە تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكانە سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانەی لەماوەی رابردوودا بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدران".
وەك ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێداوە "لیژنەكە پارچەی ئەو درۆنانە دەبەن كە لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەواوكاری لێكۆڵینەوە و تۆماركردنی بەڵگەكان ئەنجام بدەن و سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەكانی ئاشكرابكەن، دواتریش راپۆرتێكی ورد لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئامادە بكەن".
لیژنە تایبەتمەندەكەی عێراق، لە هەریەك لە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، بەڵگەی تاوان پێكهاتوون.
کێ لە پشت هێرشەکانەوەیە
کیفاح مەحمود، راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند: "هەموو کەس لەبارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و لایەنەکانی پشتیانەوە دەزانن. بەغدادیش دەزانێت، هەروەک هەولێریش دەزانێت. دژەتیرۆرى هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکە، بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تەواوی دەزانن ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە کوێوە هاتوون و لە کوێوە خراوەتە خوارەوە، کێ هەڵیانداوە، جۆری تەقەمەنی بەکارهێنراون و کێ دروستی کردووە".
سەبارەت بەهۆکاری رانەگەیاندنی ناوی ئەو گروپانەی لەو هێرشانە تێوەگلاون، کیفاح مەحمود دەڵێت "چاوەڕوانی حکومەتی فیدراڵیین کە ئەمە ڕابگەیەنێت، چونکە ئەو بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەگەر ئەو کارە نەکەن، هەرێم ناچار دەبێت ڕاستییەکان ڕابگەیەنێت".
ئامانجی هێرشەکان روونە
کیفاح مەحمود راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوایە هێرشە دووبارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان "پلانێکی ڕوونە کە ئامانج لێی فشاری ئابووری و سەربازییە بۆ سەر هەرێم، ئەمە جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ وەستاندنی کارى کۆمپانیا ئەمەریکی و بیانییەکان لە وەبەرهێنانی نەوت و گاز لەناو هەرێمدا".
پێشیوایە، هێرشەکان هەوڵێکن بۆ "فشارخستنە سەر پارتی بۆ ناچارکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچارکردنى بۆ ئەوەى لە پڕۆسەی سیاسی بکشێتەوە، لەگەڵ دوورخستنەوەی لە یەکێتى".
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان کە بەشى زۆریان کێڵگە نەوتییەکانیان کردە ئامانج سەرجەم هێرشەکانیش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
هێرشەکان، کێڵگەکانی نەوتی خورمەڵە، تاوکێ، پیشخابوور و سەرسەنگ و عەین سوفنا و کێڵگەکانی دیکەیان بە ئامانج گرتووە، بەهۆیەوە ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بە نزیکەى 200 هەزار بەرمیلى رۆژانە کەمبووەتەوە.
ئەعرەجی: لێپرسینەوە لە بکەران دەکرێت
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژى 28ـى تەمموز لەمیانەى سەردانەکەیدا بۆ هەولێر رایگەیاند: "هێزی بەغداد هێزێكی یەكگرتووی عێراقی فیدراڵە و روبەڕووی هەموو هێزێك دەبێتەوە كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی دەكاتە ئامانج، گفتوگۆمان لەسەر ئەو زانیاریانە كردووە و ئامانجی ئێمە لێپرسینەوەیە لە هێرشكاران، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەبین".
وتیشی :"هێرشە درۆنییەكان زیانیان بە عێراق گەیاندووە و هەموو ئەوكەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".
دواى سەردانەکە لیژنە ئەمنییەکەى عێراق راپۆرتێکیان بۆ سەرۆک وەزیرانى عێراق بەرزکردەوە لەبارەى هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستانەوە.
رێبەر ئەحمەد: هێرشکارەکان ئاشکران
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژى 28ـى تەمموز رایگەیاند: "ئەو هێرشانە كاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر ئەوەی كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەكان كشانەوە و بەرهەمهێنان راوەستا، پێشتریش كێڵگەكان بەهۆی راگرتنی نەوت توانای بەرهەمهێنانیان كەم ببوەوە، پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی ئەو كێڵگانە بگەنەوە ئاستی خۆیان، هیوادارین لیژنەكە چارەسەری بكەن ئەگەرنا ئێمەش بێدەنگ نابین". وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وای وت.
وتیشی "لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە كە هاوبەشە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە پاشماوەی درۆنەكان بكرێت كە سەر بە كێن و لە كوێوە هەڵدراون و هی چی گروپێكن، ئەگەرنا لایەنەكانی پشت ئەو درۆنانە بۆ هەردوولا ئاشكران، دواتریش سەردانی چەند شوێنێك دەكەین كە كراونەتە ئامانج".