164 پەرلەمانتار بەهۆى ئامادەنەبوونیان لەکۆبوونەوەى پەرلەمان بەبڕى ملیۆنێک دینار سزادران
سبەى
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک بەبێ پاساو بەشدارى کۆبوونەوەکان نەکات ئەندامێتى لێبسەنرێتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى ژمارەیەک پەرلەمانتار بەهۆى ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنى ئەمڕۆدا سزاى دارایی دران.
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەکۆبوونەوەى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەماندا بەبەشدارى سەرۆکى فراکسیۆنەکان چەند بڕیارێک دەرکران بۆ کاراکردنى رۆڵى یاسادانان و چاودێرى پەرلەمان.
بڕیارەکان پێکهاتوون لە، توندکردنەوەى رێوشوێنەکانى تایبەت بە ئەنجامدانى کۆبوونەوەکان، داواکردن لەو فراکسیۆنانەى بایکۆتیان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان، جێبەجێکردنى پەیڕەوى ناوخۆ بۆ سزادانى ئەو پەرلەمانتارانەى بەبێ پاساو بەشدارى کۆبوونەوەکان ناکەن، تا لێسەندنەوەى مافى ئەندامێتى.
ئەمڕۆ بڕیاربوو پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى چەند پڕۆژەیاسایەک کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆى تەواونەبوونى رێژەى یاسایی ئەندامانییەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.
دواتر سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق ناوى 164پەرلەمانتاری بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ نەچوونەتە دانیشتنی پەرلەمان و هەریەکەیان بە بڕى یەک ملیۆن دینار غەرامە کران.
پەرلەمانتارە سزادراوەکان بەشێکیان کوردن و پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى، نەوەى نوێ و یەکگرتوون.
بڕیار رەشید یەکێک لە پەرلەمانتارە سزادراوەکان وتى "زانیاریمان پێ گەشتبوو کە نیەتێک هەیە هەندێک یاسا بهێنرێتە کۆبوونەوەى پەرلەمان کە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەشدارینەکردنمان وایکرد کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرێت و نیسابی یاسای دروست نەبێت".
لاى خۆیەوە، سعود ساعدی ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتاران پێداگرن لەسەر پەکخستنی ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی پەرلەمان و دانیشتنی ئەمڕۆ سەرەڕای ئامادەبوونی 149 پەرلەمانتار دواخرا.
وتیشى "سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەکخستنی ئەنجومەن و نەگرتنەبەری ڕێوشوێن بەرامبەر بە پەرلەمانتارە ئامادەنەبووەکان لەئەستۆ دەگرێت، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوى ناوخۆ پێویستە پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوو پێنج دانیشتن ڕابگیرێن، بەڵام ئەو ڕێکارە جێبەجێ نەکراوە".