نوێنەری عێراق لە ئۆپیک: هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت کەمنەکاتەوە، بەغداد بودجەی بۆ نانێرێت

#نەوت#عێراق#کوردستان#بەرهەمهێنان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
سەرهەنگ ئیسماعیل
پوختە :
  • عێراق ئێستا رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و مانگی ڕابردوو نزیکەی 4.25 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
  • ئەوەش زیاترە لە پشکی خۆی کە بە پێی ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس، عێراق لە بەرزترین ئاستدا دەتوانێت 4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمبهێنێت.
  • لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی ئۆپیک بە سەردانێکی دوو ڕۆژە هاتە بەغداد، بە ئامانجی دانانی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق.
Primary Asset

سبەی

عێراق بە بڕیاری ئۆپیک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و دەبێت هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەند بێت، نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیک دەڵێت، “ئەگەر هەرێم بەرهەمهێنانی نەوت کەمنەکاتەوە ئەوا بەغداد بودجەی بۆ نانێرێت.”

عێراق ئێستا رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و مانگی ڕابردوو نزیکەی 4.25 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە.

ئەوەش زیاترە لە پشکی خۆی کە بە پێی ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس، عێراق لە بەرزترین ئاستدا دەتوانێت 4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمبهێنێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی ئۆپیک بە سەردانێکی دوو ڕۆژە هاتە بەغداد، بە ئامانجی دانانی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقی (واع)، جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە و وتی، "بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەکۆی دەنگی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس دراوە کە 23 وڵاتن."

وتەبێژی وەزارەتی نەوت دوپاتیشکردەوە، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری ئەرێنی لە سەر عێراق و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دادەنێت و ئامانجەکەشی ڕاگرتنی هاوسەنگییە لە بازارەکانی نەوت، هەروەها پاراستنی نرخی بەرمیلێک نەوتە لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلار.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عێراق ئامادەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە بۆ نێوان 3.85 ملیۆن بەرمیل و 3.9 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگی ئەیلولدا.

سەرچاوەیەکە بە ئاژانسە جیهانییەکەی ڕاگەیاندوە، عێراق بەرهەڵگرێکی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان کشاندوەتەوە کە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتوە ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی فرۆشتنی نەوتەکەی لە مانگی داهاتوو.

هەرێمی کوردستان دەبێت پێیەوە پابەند بێت

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دیاریکراوی نازانرێت ڕۆژانە بەرهەمی نەوتی چەندە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوی عێراق (سۆمۆ) ڕۆژانە نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان "ئەپیکور" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سبەی" وتی، ڕۆژانە نزیکەی 270 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت و لەناوخۆدا دەفرۆشرێت، هەروەها (رێكخراوی كوردستان ۆوچ) له ‌نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ئێستادا رۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت.

بەپێی پلانەکەی ئۆپیک پڵەس حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە ڕۆژانە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە، "ئەگەر پێیەوە پابەند نەبێت ئەوا حکومەتی عێراق ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت" ئەوەش بە وتەی نوێنەری عێراق لە ئۆپیک.

محەمەد عەدنان نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپیک ڕایگەیاند، " گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمبهێنێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی