سبەی
لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریاوە بەردەوامە، ڕۆژنامەی تورکیا کە نزیکە لە ئاک پارتی دەسەڵاتدار بانگەشەی ئەوە دەکات ئەگەر ئەمە سەرنەگرێت، لەوانەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدرێت و تورکیایش پشتگیری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات.
لە کاتێکدا ئاماژە بەوە دەدرێت کە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و ڕەخساندنی زەمینەسازیی بۆ ئەم پرۆسەیە هەنگاوی باشی بڕیووە لە تورکیا، کەچی تورکیا هاوشێوەی قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا کوردستان، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان نەیتوانیووە تێڕوانینی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت.
لەم سەروبەندەدا ڕۆژنامەی تورکیا لە هەواڵێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی ئابی 2025) بڵاوی کردووەتەوە کە دوای تەوابوونی ئەو کاتەی بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا داندراوە، جارێکی دیکە کاتەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە، ئەگەر هەسەدە هەر ئامادە نەبوو تێکەڵی سوپای سوریا ببێت، ئەوا لەوانەیە دەستوەردانی سەربازی بکرێت.
ڕۆژنامەکە بیری خستووەتەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرکۆماری کاتی سوریا لە (10ـی ئاداری 2025) لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا و ئاماژەی بەوە دابوو وادەی ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئەیلوول تەواو دەبێت و نووسیویەتی: "ئەگەر هەنگاوی کردەیی نەندرێت، ئەگەری ئەوە بەهێزە ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە".
ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنقەرە و دیمەشق لە هەماهەنگیدان لەبارەی پرسی هەسەدە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوانەی وەک تیرۆریست ناویان دەبەن و نووسیوویەتی: "ئەگەر لەو ماوەیەی دیاری کراوە پرۆسەی تێکەڵکردنەکە سەرنەگرێت، ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدرێت و تورکیایش پشتگیری لێ بکات".