کاندیدی بەهێزی حاکمی داهاتووی غەززە .. حلێلە کێیە؟

#غەززە#سەمیر حلێلە#حاکمی غەززە
15 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • خاونکار و سەرمایەدارێکی فەلەستینی – ئەمەریکی، کاندیدی بەهێزە بۆ ئەوەی وەک حاکمی نوێی غەززە دەستبەکاربێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەلایانەوە پەسەندە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و دەسەڵاتی کاتی فەلەستینیش پشتیوانیی دەکەن.
Primary Asset

سەمیر حلێلە، سەرمایەدار و خاوەنکاری فەلەستینی

سبەی

خاونکار و سەرمایەدارێکی فەلەستینی – ئەمەریکی، کاندیدی بەهێزە بۆ ئەوەی وەک حاکمی نوێی غەززە دەستبەکاربێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەلایانەوە پەسەندە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و دەسەڵاتی کاتی فەلەستینیش پشتیوانیی دەکەن.

سەمیر حلێلە، خاوەنکار و سەرمایەدار و بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی فەلەستینی، کاندیدێکی بەهێزە بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتووی غەززە دەسەڵاتی ئەو ناوچە وێرانەیەی دوای جەنگ بگرێتە دەست و رێککەوتنی عەرەبی- ئیسرائیلی- ئەمەریکی لەسەرە بۆ ئەوەی قۆناغی راگوزەری غەززە بەڕێوە ببات.

رۆژنامەی یەدیحۆت ئەحرەنوت و دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، گفتوگۆ و دانوستانەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی حلێلە بۆ قۆناغی داهاتووی بەڕێوەبردنی غەززە دەستنیشان بکرێت.

سەمیر حلێلە نەیشاردوەتەوە، کە کەسایەتییەکی کەنەدی ئیسرائیلی بەناوی ئاری بن مۆناشێ، کە پێشر ئەفسەرێکی پلەباڵای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل بووە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا هەیە و سەرۆکایەتی گروپێکی لۆبی و فشار دەکات، زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا پەیوەندی پێوە کردووە و پێشنیازەکەی پێ راگەیاندووە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.

سەمیر عوسمان حلێلە، یەکێکە لە کەسایەتییە ئابوریی و سەرمایەدارە بەهێزەکانی فەلەستین لە پارێزگای ئەریحای کەناری رۆژئاوا لە دایک بووە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریکییە.

حلێلە لە دەسەڵاتی فەلەستین چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە، ساڵانی 2005-2006 ئەمنیداری گشتی حکومەتی فەلەستین بووە، دواتر بووە بە یاریدەدەری وەزیری ئابوری و بازرگانی، ماوەیەکیش سەرۆکایەتی ناوەندی توێژینەوەی ئابوری کردووە. دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی بازرگانی فەلەستین و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بادیکۆ بووە.

سەمیر حلێلە ئاشکرای کردووە، بۆ قۆناغی راگوزەری غەززە سەرەتا پێویستی  بە ئاگربەستە بۆ ئەوەی قۆناغی چارەسەریی دەستپێبکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاش تاکە کەسە کە بتوانێت ئاگربەست لە غەززە بسەپێنت.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستانەکان دەستپێدەکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، کە خۆی لە ئاڵوگۆڕی تەواوەتی دیل و بارمتەکان و کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل و دواتر ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەبینێتەوە

بەوتەی حلێلە، ئەو لایەنانەی پەیوەندییان پێوە کردووە، پڕۆژەیەکی نوێیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بۆ قۆناغی راگوزەر، بۆ ئەوەش پێویستیان بە کەسایەتییەکە کە خاڵی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین و ئەمەریکا و لیژنەی شەش لایەنی عەرەبی بێت.

مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینیش بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە سەمیر حلێلەوە کردووە و داوای لێکردووە بە پێشنیازەکە رازی بێت.

پێشنیازەکە ئەوەیە ئیدارەیەکی کاتی بۆ قۆناغی راگوزەر پێکبهێنرێت بۆ ماوەی شەش مانگ، ئەو ئیدارەیە سەربەخۆیی تەواوی هەبێت و بەشێک نەبێت لە دەسەڵاتی فەلەستین، دوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاگربەست، ئەرکی کۆکردنەوەی هاوکاریی و پاڵپشتی بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

ئەرکێکی دیکەی سەپاندنی سیستمێکی گشتی بێت، هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بگەیەنێتە سەرجەم دانیشوان، گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەمیشی دۆسیەی ئاسایشی غەززەیە، چونکە بە کشانەوەی ئیسرائیل بۆشایی گەورەی ئاسایش دروست دەبێت، حەماس دەیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست، چەندین گروپی چەکدار و میلیشیا و مافیا سەرهەڵدەدەن.

سەمیر حلێلە، کەسایەتییە فەلەستینییەکە پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست و دیدێکی گشتی بۆ پڕۆژەی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەی دوای جەنگ گەڵاڵە بێت، کە خۆی لە قۆناغی راگوزەر و ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززە دەبینێتەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی