سبەی
بڕیارە موچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی مەدەنی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەغداد دابەش بکرێت، بەپێی یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی بە دەرماڵەی بژێوییەوە دەبێتە 600 هەزار دینار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "سبەی" دراون، موچەی مانگی تەمموزی خانەنشینی مەدەنی هەرێمی کوردستان هاوتای بەغداد دابەش دەکرێت.
هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان بە واتای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 دێت، کە کەمترین موچەی خانەنشینانی بە 500 هەزار دینار دیاری کردووە.
سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" وت،" کەمترین موچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، بە جێبەجێکردنی یاساکەی عێراق دەبێتە 500 هەزار دینار، ئەگەر 100 هەزاری بژێوویش خەرج بکرێت دەبێتە 600 هەزار دینار.
ڕونیشکردەوە، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین موچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە، بە هەژمارکردنی بڕوانامە لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
کێن ئەوانەی موچەکانیان هاوتا دەکرێت؟
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان تا ئێستا زانیاری لەبارەی ئەو خانەنشینانەوە بڵاونەکردوەتەوە کە موچەکانیان هاوتای بەغداد دەکرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" موچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و وارسی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان موچەکانیان هاوتا دەکرێت کە ژمارەیان 274 هەزار خانەنشینە.
پێشتر، "سبەی" بەدواداچونی بۆ ناردنی ناوی خانەنشینان بۆ بەغداد کردبوو، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی "سبەی" کەوتن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی موچەکانیان تەنها ناوی ئەو خانەنشینانەی ڕەوانە کردووە کە لە دوای ساڵی 2014ـەوە خانەنشین بوون.
بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان هۆکاری جیاکارییەکەی بۆ کاتی دەرچوونی ئەو یاسایە گەڕاندەوە کە بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتییەکە بە "سبەی" وت، "یاسای ژمارە 9 لە ساڵی 2014 دەرچووە، بۆیە لەسەرەتا تەنها ناوی ئەو خانەنشینانە نێردراوە کە لە دوای ئەو ساڵەوە خانەنشین بوون".
سەرچاوەکەی "سبەی" ڕونیشكردەوە، ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون ناوی هەموویان ڕەوانە ناکرێت، بەڵکو تەنها ناوی ئەو خانەنشینانە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت کە مووچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار دینار.
پێشتر، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" ڕاگەیاندبوو، یاساکە هەموو خانەنشینان دەگرێتەوە، پێویستە ناوی هەموو خانەنشینان ڕەوانە بکرێت و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا مووچەکانیان ڕێکبخرێت.
بە بڕیاری دادگای فیدراڵی موچەی خانەنشینان هاوتا دەکرێت
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی 22ـی تیشرینی دووەمی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کردووە، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی یاساکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی یاساکە موچەی خانەنشینی فەرمانبەر لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو هەژمار دەکرێت بە بڕی %2.5 لە تێکڕای موچەی وەزیفی لە خزمەتی خانەنشینی کۆتایی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت.
لە هەرێمی کوردستان کەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، بەڵام یاساکەی عێراق کەمترین موچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاریکردوە بە دەرماڵەی ژیانیشەوە، هەروەها یاساکە ڕێگە نادات موچەی هیچ خانەنشینێك لە 100%ـی مووچەكەی بنەڕەتییەكەی زیاتر بێت.
هەر بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کە عێراق بۆ خانەنشینی بەکاری دەهێنێت، دەرماڵەی بڕوانامە بۆ فەرمانبەرانی خانەنشینکراو هەژمار دەکرێت، بەشێوەیەک بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی %5ـی موچەی خانەنشینی پێ دەدرێت، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس 10%ـی موچەی خانەنشینی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر 15%ـی موچەی خانەنشینی، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا 20%ـی موچەی خانەنشینی، بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ژیان بەرێژەی 1% دەدرێت بە خانەنشین.