سبەی
تورکیا ڕەتیدەکاتەوە هۆکاری کوژرانی هاوڵاتییەکەی هەرێمی کوردستان بەهۆی قسەکردنەوە بوبێت بە زمانی کوردی و تۆمەتبارانیش دەستگیرنەکراون.
بەرەبەیانیی دوێنێ بە چەقۆ لە ئیستانبوڵ بە " 12 کەس" هێرش کرایە سەر حەکیم لوقمان کە خەڵکی قەزای شێخانی هەرێمی کوردستانە و کوژرا.
دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە گێڕانەوەی هۆکاری کوژرانی حەکیم لوقمان بۆ ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە، تەنها دەنگۆیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی بە لاڕێدابردن و دنەدانی خەڵک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە سێ گەشتیار بە ناوەکانی ه. ل. ت.، س. م. ت. و ب. ئا. ک. لە شوێنێک کە کحولی لێ فرۆشراوە لە ئیستانبوڵ لەسەر "سەیرکردنی کچان بە شێوەیەکی سوکایەتیپێکەر" لەگەڵ ه. ئۆ. و ز. ئۆ. کە برای گەورەیەتی و ناسنامەیان ئێله (باتمان)ە بۆتە شەڕیان.
کارمەندی شوێنەکە ئو. ی. لە سێ گەشتیارەکەی داوە و لە شوێنەکە دەری کردوون، لەو کاتەدا ه. ئۆ. چەقۆیەکی لەسەر مێز هەڵگرتووە و بە دوو جێ ه. ل. ت.ی بریندار کردووە.
بە هۆی برینەکانییەوە ه. ل. ت. گیانی لەدەست داوە و دواتر تۆمەتبار ه. ئۆ. و ز. ئۆ.ی برا گەورەیی و ئو. ی. لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایان کردووە و دوور کەوتوونەتەوە.
دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا جەختی کردووەتەوە لەوەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و داوا لە خەڵک دەکات متمانە بەو جۆرە دەنگۆ دنەدەرانە نەدەن کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە و دژایەتی لەنێو خەڵکدا.
ئەو ڕاگەیەندراوەی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕێک بە پێچەوانەی قسەی کەسوکاری لوقمان حەکیمەوەیە کە هۆکاری کوشتنی ناوبراو، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، “تەنها لەبەر ئەوە بووە بە کوردی قسەی کردووە.”
دوێنێ ئەکرەم نەسرۆڵلا کە ئامۆزای حەکیم لوقمانە بە سبەی ڕاگەیاند: " کاتێک حەکیم لە کافتریایەک بووە لە ئیستانبوڵ لە ڕێگای مۆبایلەوە لەگەڵ ئامۆزازایەکی خۆی کە لە بەریتانیایە بە کوردی قسەیان کردووە. دیارە چەند کەسێکی تورک لەوێ بوون، پێیان ناخۆش بووە بە کوردی قسە بکرێت، سەرەتا دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا ڕوو دەدات و دواتر بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەر حەکیم و ئەویش گیان لەدەست دەدات".
ئەکرەم ئاماژەی بەوەیش دا ئامۆزایەکی بە ناوی سەعد لەگەڵ حەکیم بووە ئەویش لە کاتی هێرشەکەدا بریندار کراوە و گوتی: "دۆخی تەندروستیی ئەو جێگیرە و پۆلیس دەستگیری کردووە".
حەکیم لوقمان، تەمەنی 45 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی کەڵەکچی'یە لە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، باوکی هەشت منداڵە و خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل بووە.
ئایا تورکیا ڕاست دەکات؟
هەرچەند دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوە تەنها دەنگۆیە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان شتێکی دیکە دەرکەوتووە، بەڵام ئایا تا چەند ڕاگەیەندراوەکەی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا متمانەی پێ دەکرێت، چونکە چاودێرانی دۆخی تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکان و باسکردنی هەر شتێک بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت.
تاکوو ئێستا دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا بە تایبەت وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە بە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان یەک هاوڵاتیی مەدەنییش نەکوژراوە و ئەوانەی بە ئامانج گیراون تەنها گەریلا و ئەندامانی پەکەکە بوون، بەڵام لە ڕاستیدا بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە تاکوو ئێستا دەیان هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون.
چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن تەنانەت ئەگەری هۆکاری شەڕەکە بۆ سەیرکردنی ژنان بشگەڕێتەوە، لە هیچ یاسایەکدا نییە هێرش بکرێتە سەر ئەو کەسەی سەیری ژنان دەکات، چ بگات بەوەی بکوژرێت.