كەمئاوی مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆلێرای لێدەكرێت؛ تەندروستی هۆشداری دەدات

#کۆلێرا#سلێمانی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ هەینی 27ی حوزەیرانی 2025 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، "ئەمساڵ چەند هۆكارێك نیگەرانییان بۆ دروستكردووین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا، كە نەخۆشییەكی گوازراوەیە و خێرا بڵاودەبێتەوە، دیارترینی هۆكارەكانیش كەمئاوی و كەمبارانییە، كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دابینكردنی ئاوی پاك و سەلامەت لە سەرچاوە تەندروستەكانەوە دەبێت".
Primary Asset

یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی

سبەی

تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات لە مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا لە هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی كەمبوونەوەی ئاو و وشكەساڵی.

ئەمڕۆ هەینی 27ی حوزەیرانی 2025 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، "ئەمساڵ چەند هۆكارێك نیگەرانییان بۆ دروستكردووین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا، كە نەخۆشییەكی گوازراوەیە و خێرا بڵاودەبێتەوە، دیارترینی هۆكارەكانیش كەمئاوی و كەمبارانییە، كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دابینكردنی ئاوی پاك و سەلامەت لە سەرچاوە تەندروستەكانەوە دەبێت".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی:" بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی بە هاوكاریی ئیدارەی پارێزگا، هەموو هاوینێك پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە پەتاییەكان هەیە، بەڵام پلانی ئەمساڵمان دوو هێندە و نائاسایی دەبێت بەهۆی زیادبوونی مەترسییەكانی كۆلێراوە".

د.سەباح هەورامی جەخت " لە گرنگیی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەكان دەكاتەوە، بەتایبەت خواردنەوەی ئاو لە سەرچاوە پارێزراو و پاككراوەكانەوە كە لەژێر سەرپەرشتیی فەرمانگەی تەندروستیدان، دەشڵێت "سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی كۆلێرا تۆمار نەكراوە، بەڵام پێشبینییەكان ئاماژە بە ئەگەری دەركەوتنی حاڵەت دەكەن لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەگەریش هەیە ئاستی بڵاوبوونەوەكە بەرز بێت ئەگەر كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی پیسبوونی ئاو نەكرێت".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی فەرمانگەی دابەشكردنی ئاوی سلێمانی بوونەتەوە.

وتیشی "هەماهەنگی بەردەواممان لەگەڵ فەرمانگەكەدا هەیە بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی ئاوی تەندروست بە هاووڵاتیان و رێگریكردن لە پەنابردنیان بۆ سەرچاوەی نادڵنیا".

" دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی كەرتی ئاو بوونەتەوە بریتین لە كێشەكانی پاڵاوتنی ئاو، كەمیی كەرەستە و ئامێری تایبەت بە پاڵاوتن، سەختیی گواستنەوەی ئاو بۆ ماڵان و ناوچە چڕەكان، لەگەڵ پێویستیی هەندێك پڕۆژە بە وزە و میكانیزمی كاریگەر، تەندروستیی سلێمانی دوو بەرپرسیارێتیی سەرەكیی لە ئەستۆدایە: یەكەمیان هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانە لە مەترسییەكانی كۆلێرا و ڕێگاكانی خۆپارێزی، دووەمیشیان پەیوەندی بە ئامادەكارییەكانەوە هەیە بۆ چارەسەركردنی تووشبووان لە ئەگەری تۆماركردنی هەر حاڵەتێكدا". د. سەباح هەورامی وای وت.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان سەرهەڵدەدات.

كۆلێرا (بە ئینگلیزی: cholera) نەخۆشییەكی بەكتریاییە كە بەهۆی بەكتریای (vibro cholerae) دروست دەبێت. دەبێتە هۆی سكچوونێكی توند، لە ئەنجامیشدا وشكبوونەوەی جەستە، بەگشتی لە ڕێگەی خواردنی پیس و ئاوی پیسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

ساڵانە نزیكەی 1.4 بۆ3.4  ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی