عەباس عەراقچی
سبەی
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تائێستا بیریان لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا نەكردووەتەوە، پێشوازیش لە رافائیل گرۆسی ناكەن.
ئێران رەتیدەكاتەوە هیچ نیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت، دوای كۆتایی هاتنی ئەو جەنگەی لەگەڵ ئیسرائیل 12 رۆژی خایاند، واشنتنیش تۆمەتبار دەكات بەوەی زیادەڕەوی كردووە لە هەڵسەنگاندن بۆ گورزە سەربازییەكانی.
مەترسیدارترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئێران كۆتایی بە دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی هێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دەستپێدەكەنەوە. لەكاتێكدا ستیڤ ویتگۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا هیوای خۆی دەردەبرێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی گشتگیر لەگەڵ ئێران.
بەڵام عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"نابێت دەنگۆكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بە جددی وەربگیرێن، تائێستا هیچ پلانێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان".
سەبارەت بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و داوای رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسەكە بۆ سەردانی ئێران، عەباس عەراقچی وتی "ئێران هیچ پلانێكی نییە بۆ پێشوازی لێی، لە بوونی پشكنەرانیش دەكۆڵینەوە بە وردی، بۆ ئەوەی لەگەڵ یاساكانی ئێران بگونجێت كە پەرلەمان بریاری لێدەدات".
رەتكردنەوەی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە، پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی نوسینەوەی پرۆژەیاسایەكە كە هاوكاریكردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵپەسێرێت، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ترەمپی بەوە تۆمەتبار كرد كە زیادەڕەویكردووە لە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەكانی هێرش بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران، ئەمەش لە یەكەم دەركەوتنیدا پاش جەنگی 12 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل.
خامنەیی "ستایشی سەركەوتنی وڵاتەكەی بەسەر ئیسرائیل دا" كرد، بەڵێنیشیدا "ئێران خۆی رادەستی ئەمەریكا ناكات".
رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران لە بایەخی هێرشەكانی ئەمەریكای بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران كەمكردەوە، وتی "ئەمەریكا هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێنا".
وتەكانی عەراقچی لەكاتێكدایە، بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ی ئەمەریكی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پێشنیازێكی پێشكەش بە ئێران كردووە تا وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانە دابنێت، بەڵام لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی دارایی بكرێت.
بەپێی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ ئێران، ئیدارەی ترەمپ بەنیازە بە پارەی وڵاتانی كەنداو وێستگەی ئەتۆمیی بنیات بنێت كە تێچووەكەی 30 ملیار دۆلارە، رێككەوتنەكەش هەر ئەوەندە نییە بەڵكە لەگەڵ دەستكردن بە دروستكردنی ئەو وێستگانە بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، رێگەش بەو وڵاتە دەدرێت كە بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی دەست بكەوێتەوە، ئەمەش لەبەرامبەر هاتنەوەی ئێران بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەروەها گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی.
دوابەدوای هێرشێكی ئەمریكا لە 22ی حوزەیران بە بۆمبی بنكەر-بستەر بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاگربەستی لەنێوان هەردوو وڵات راگەیاند، كە لە رۆژی سێشەممەوە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.