بەشێک لە خەڵکی غەززە لەکاتی کۆبوونەوە بۆ وەرگرتنی هاوکاری
سبەی
رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، فەرماندەكانی سوپای ئیسرائیل لەم ماوەیەی دواییدا فەرمانیان بە سەربازەكان كردووە، تەقە لەو كەسانە بكەن كە لە غەززە بۆ وەرگرتنی هاوكاری مرۆیی كۆدەبنەوە.
بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامە ئیسرائیلیە، كە پشتی بە وتەی چەند سەرچاوەیەكی ناو سوپا و سەربازانی ئیسرائیل لە غەززە بەستووە، فەرماندەكانی سوپا لەماوەی مانگی رابردوودا، فەرمانیان كردووە تەقە لەو فەڵەستینیانە بكرێت كە لە غەززە و لەكاتی دابەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكاندا كۆدەبنەوە، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەیان و وەرنەگرتنی هاوكارییەكە.
بەوتەی تەمین كیتان یەكێك لە نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە فەڵەستین، لەوكاتەوەی لە 27 مانگی پێنجی ئەمساڵەوە سندوقی مرۆیی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە دروستكراوە، سوپای ئیسرائیل 410 فەڵەستینییان لە غەززە كوشتووە كە بۆ وەرگرتنی هاوكاری چوونەتە ناوەندەكانی دابەشكردنی خۆراك و هاوكاری.
هۆكاری دروستكردنی ئەو سندوقە لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەوەیە، ئیسرائیل رەتیدەكاتەوە كار لەگەڵ ئۆنروا بكات كە پێشتر بەرپرس بوو لە دابەشكردنی هاوكارییەكان لە غەززە، لەكاتێكدا رێكخراوەكە سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بوو، لەبەرامبەردا سندوقی هاوكاری غەززەیان دامەزراند، بەڵام تەنها لەو ناوچانە هاوكاری دابەش دەكەن كە حەماس چۆڵی كردووە.
شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ڕۆژی حەوتـی تشرینی یەكەمی 2023 دەستیپێكرد، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە زەمین و ئاسمانەوە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و دەیان هاوڵاتی بە دیل گرت.
بەپێی ئامارەكانی فەڵەستین بەهۆی هێرشەكانەوە زیاتر لە 56 هەزار كەس لە غەززە كوژراون و بە دەیان هەزار كەسیش برینداربوون، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی هێرشەكانەوە نزیكەی دوو ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون. هەر لەم شەڕەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی كوژراون.
تەنها لەماوەی یەك مانگی رابردوودا لە غەززە نزیكەی 550 فەڵەستینی كوژراون و نزیكەی چوار هەزار فەڵەستینیش برینداربوون، كە بەشێكی زۆریان لەنزیك ناوەندەكانی هاوكاری بووە.