
ترەمپ لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنوسان لە کۆشکی سپی
سبەی
بەهۆی وتەكانی عەلی خامنەیی رابەری ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، سوككردنی سزاكانی سەر ئێرانی راگرت.
دۆناڵد ترەمپ لە وتەیەكدا لە كۆشكی سپی، خواستی ئەمەریكای پیشاندا كە دەیەوێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم یاخود هەر لایەنێكی دیكەی متمانەپێكراو پشكنین بۆ بنكە ئەتۆمیەكانی ئێران بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە پێشوازی لە بەڕێوەبەری ئاژانسەكە بكەن.
ترەمپ وەڵامی وتەكانی خامنەیی دایەوە، كە لە قورسایی هێرشەكانی ئەمەریكای بۆسەر بنكە ئەتۆمیەكانی ئێران كەمكردبوەوە و رایگەیاندبوو "ئەمەریكا هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێناوە". ترەمپ وتی "بە شێوەیەكی خراپ شكستتان هێناوە".
ترەمپ لە پەیامەكەیدا بۆ خامنەیی دەشڵێت "گوێم لێبگرە تۆ پیاوێكی ئیمانێكی گەورەت هەیە، وە لە وڵاتەكەی خۆت رێزێكی زۆرت لێدەگیرێت، پێویستە راستی بڵێیت، شكستێكی گەورەت هێناوە".
سەرۆكی ئەمەریكا باسی لەوەشكرد بەرپرسانی ئێران خواستی ئەوەیان هەیە پاش ئەو گورزەی بەر بەرنامە ئەتۆمیەكەیان كەوت، چاویان بە بەرپرسانی ئەمەریكا بكەوێت. بەڵام هیچ وردەكارییەكی دیكەی باس نەكرد.
ترەمپ جارێكی دیكەش جەختیكردەوە "رێگا نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی". وتیشی "جارێكی دیكە بیر لە بۆردومانكردنی ئێران دەكەمەوە، ئەگەر یۆرانیۆم بپیتێنن".
وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، پێشتر هەریەك لە تۆڕی" سی ئێن ئێن" و رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ی ئەمەریكی، لە بایەخی هێرشەكانی ئەمەریكایان بۆسەر سێ بنكەی ئەتۆمی ئێران كەمكردبوەوە بەوەی نەیانتوانیوە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران لەناو ببەن. بەوهۆیەشەوە ترەمپ ئەو دوو میدیایەی بە "چەواشەكار" و دروستكردنی "هەواڵی ناڕاست" تۆمەتبار كرد.
پێشتر عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"نابێت دەنگۆكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بە جددی وەربگیرێن، تائێستا هیچ پلانێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان".
سەبارەت بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و داوای رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسەكە بۆ سەردانی ئێران، عەباس عەراقچی وتی "ئێران هیچ پلانێكی نییە بۆ پێشوازی لێی، لە بوونی پشكنەرانیش دەكۆڵینەوە بە وردی، بۆ ئەوەی لەگەڵ یاساكانی ئێران بگونجێت كە پەرلەمان بریاری لێدەدات".
رەتكردنەوەی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە، پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی نوسینەوەی پرۆژەیاسایەكە كە هاوكاریكردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵپەسێرێت، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ترەمپی بەوە تۆمەتبار كرد كە زیادەڕەویكردووە لە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەكانی هێرش بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران، ئەمەش لە یەكەم دەركەوتنیدا پاش جەنگی 12 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل.
خامنەیی "ستایشی سەركەوتنی وڵاتەكەی بەسەر ئیسرائیل دا" كرد، بەڵێنیشیدا "ئێران خۆی رادەستی ئەمەریكا ناكات".
رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران لە بایەخی هێرشەكانی ئەمەریكای بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران كەمكردەوە، وتی "ئەمەریكا هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێنا".
وتەكانی عەراقچی لەكاتێكدایە، بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ی ئەمەریكی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پێشنیازێكی پێشكەش بە ئێران كردووە تا وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانە دابنێت، بەڵام لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی دارایی بكرێت.
بەپێی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ ئێران، ئیدارەی ترەمپ بەنیازە بە پارەی وڵاتانی كەنداو وێستگەی ئەتۆمیی بنیات بنێت كە تێچووەكەی 30 ملیار دۆلارە، رێككەوتنەكەش هەر ئەوەندە نییە بەڵكە لەگەڵ دەستكردن بە دروستكردنی ئەو وێستگانە بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، رێگەش بەو وڵاتە دەدرێت كە بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی دەست بكەوێتەوە، ئەمەش لەبەرامبەر هاتنەوەی ئێران بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەروەها گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی.
دوابەدوای هێرشێكی ئەمریكا لە 22ی حوزەیران بە بۆمبی بنكەر-بستەر بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاگربەستی لەنێوان هەردوو وڵات راگەیاند، كە لە رۆژی سێشەممەوە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
