کچە ئێزدییەکە لەگەڵ بەشێک لە کەسوکاری
سبەی
چالاكوانێكی ئێزدی ئاشكرایدەكات، كچێكی ئێزدی بەناوی "دیما ئەمین" پاش 11 ساڵ لە زیندانیی و دەربەدەری رزگاركراوە.
عەبدوڵڵا شریم، یەكێكە لە چالاكوانانی ئێزدی، لەساڵی 2014 ەوە كە داعش پەلاماری شنگالیدا و هەزاران ئێزدی كوشت و بێسەروشوێن كرد، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ونبووانی ئێزدیدا، ئەو دەڵێت كچێكی ئێزدی كە 11 ساڵە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەربووە ئازادكراوە.
چیرۆكی دیمای 24 ساڵ كە خەڵكی كۆجۆیە لە شنگال كاتێك دەستیپێكرد، كە داعش ناوچەكەیانی لە ساڵی 2014 داگیركرد، لەگەڵ خێزانەكەیدا لەلایەن ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەوە دەستبەسەركران.
بەوتەی ئەو چالاكوانە ئێزدییە "دیما نزیكەی ساڵێكیش لە یەكێك لە زیندانەكانی توركیا بووە، تیمەكانی رزگاركردن لە هەوڵی زۆردابوون بۆ ئەوەی رزگاری بكەن، بۆیە پێش چەند رۆژێك توانراوە ئازاد بكرێت، تا دواتر لە توركیاوە رێكاری پێویستە بۆ گیراوەتەبەر و هێنراوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
دیما شەوی رابردوو لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە هاتووەتە هەرێمی كوردستان، بەشێك لە كەسوكارەكەی پێشوازییان لێكرد كە نزیكەی 11 ساڵە نەیانبینیوە، چونكە ئەوان لە كۆمەڵگەی شاریا نیشتەجێن كە دەكەوێتە باشوری دهۆك.
باوكی دیما تائێستا بێسەروشوێنە، لەگەڵ دوو لە براكانیدا، بەڵام دایكی و خوشكێكی و دوو برای رزگاركراون.
دیما كاتێك لەلایەن داعشەوە رفێندراوە تەمەنی 13 ساڵ بووە، لەگەڵ هەشت كەس لە كەسوكارەكەی رفێندراوە، وەك خۆی دەڵێت سێ ساڵ لە سوریا بووە و حەوت ساڵیش لە توركیا.
دیما ئەمین، باس لە ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت، "ئەو ژیانەی تێیدا بووم زۆر ناخۆش بوو و هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەكم بینی، منداڵییان لێ دزیم، خەونەكانیان لێ سەندم و ژیانیان وێران كردم، لەبەر ئەمە هەرگیز لێیان خۆش نابم، رۆژی ئەوان لای خودایە و خوداش مافی ستەملێكراوان ون ناكات، من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، چونكە دوای ماوەیەكی زۆر، دوای نزیكەی 11 ساڵ، گەڕامەوە ناو خێزان و وڵاتی خۆم، ژیانم بە غەریبییەوە بردەسەر و خراپترین رۆژگارم بەسەربرد."
هۆكاری دەستگیركردنی دیما لە توركیا ئەوەبووە، هاوسەرە سعودیەكەی ویستویەتی بە پاسپۆرتی ساختەوە بیباتە میسر، بەڵام لە فڕۆكەخانە دەستگیركراون، كاتێكیش نزیكەی مانگێك لەمەوبەر ئازادكراون لەدەستی هاوسەرە میسرییەكەی كە داعش بووە هەڵاتووە و خۆی گەیاندووەتە ماڵێك و پەیوەندی بە كەسوكارەكەیەوە كردووە.