ئیسماعیل سوسەیی ئەو مامۆستا ئاینییەی بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیرکرا، بە لێبوردنی نێچیرڤان بارزانی ئازاد دەکرێت

#ئیسماعیل سوسەیی#زیندان#هەولێر
یەک ساڵ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • بەشدار حەسەن پارێزەری ئیسماعیل سوسەیی بە "سبەی" ڕاگەیاند، سەرقاڵی ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئیسماعیل سوسەیین و چاوەڕوان دەکەین سبەینێ ئازاد بکرێت.
  • بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" بڕیار بوو، ئەمڕۆ ئیسماعیل سوسەیی ئازاد بکرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵە لە نوسراوی مامەڵەکانیدا بووە ئازادکردنی کەوتووتە سبەینێ.
Primary Asset

وێنەی ئیسماعیل سوسەیی / تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سبەی

ئیسماعیل سوسەیی مامۆستای ئاینیی شاری هەولێر، سزای زیندانیکردنی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت. پارێزەرەکەی دەڵێت، نیوەی سزاکەی بەر لێبوردنی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوتوە. 

بەشدار حەسەن پارێزەری ئیسماعیل سوسەیی بە "سبەی" ڕاگەیاند، سەرقاڵی ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئیسماعیل سوسەیین و چاوەڕوان دەکەین سبەینێ ئازاد بکرێت.

لەبارەی ئازادکردنی ئەو مامۆستا ئاینییەوە بەشدار حەسەن وتی،" ناوبراو دوو تۆمەتی خراوەتە پاڵ لە هەر تۆمەتێکدا شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، کە پێکەوە دەکاتە 12 ساڵ زیندانیکردن، مامۆستا شەش ساڵی یەکێک لە سزاکانی تەواو کردووە و شەش ساڵەکەی دیکەش بەر لێبوردنی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوتووە". 

بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" بڕیار بوو، ئەمڕۆ ئیسماعیل سوسەیی ئازاد بکرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵە لە نوسراوی مامەڵەکانیدا بووە ئازادکردنی کەوتووتە سبەینێ.

سزادان بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش

ڕۆژی 3ـی تەموزی 2018، ئاسایشی هەولێر ئیسماعیل سوسەیی دەستگیرکرد، دواتر لە ڕۆژی 2ـی ئابی 2018، ئەنجومەنی ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی پێنج کەسی بڵاوکردەوە و وەک بکەری ئەو هێرشە ناساندنی کە ڕۆژی 23ـی تەموزی 2018 کرایە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر.

بەپێی ئەو دانپێدانانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، "هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەو گروپە ئیسماعیل نەجمەدین ئیسماعیل، ناسراو بە مەلا ئیسماعیل سوسەیی بووە کە لە ساڵی 2014-ەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و دووجار بەیعەتی داوە. تۆماریی دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەر کارێک دەربڕیوە، هەروەها زانیاریی سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش".

ئەوکات، پارێزەری ئەو مامۆستا ئاینییە دانپێدانانەکانی ڕەتکردەوە و وتی،" دانپێدانانەكان لە ژێر ئەشكەنجەیەكی زۆری دەرونی و جەستەیدا بووە و هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو دژی بەردەست نییە".

ئەگەرچی دەستگیکردن و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی کاردانەوەی سیاسی و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی لێکەوتەوە بەڵام دادگای هەولێر بە دوو تۆمەتی جیاوازی "تیرۆر" سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

وتاردان قەدەغەیە 

ئیسماعیل سوسەیی بەهۆی وتارە توندەکانی لە ساڵی 2010 لە وتاربێژی مزگەوت دوورخراوەتەوە. دواتر وتارەکانی لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکردەوە، بەو هۆیەوە لە 21ـی ئابی 2011 لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی