
دیمەنی چۆڵکردنی کەمپی زڕگوێز/ میدیاکان
سبەی
ئەمڕۆ هەر سێ حزبەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێر و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیانکرد بە چۆڵکردنی بارەگا و ماڵەکانیان بەرەو کەمپی سورداش.
دوێنێ هێزێکی ئاسایشی سلێمانی چوەتە کەمپەکە و دواین مۆڵەتی پێداون کە دەبێت تا 1ی تشرینی یەکەمی 2024 شوێنەکەیان بەتەواوی چۆڵبکەن و سەرجەم بارەگا و ماڵ و حاڵیان بگوازنەوە بۆ کەمپی سورداش لە نزیک قەزای دوکان.
سەرچاوەیەک لەناو کۆمەڵە بە "سبەی" ڕاگەیاند، لەسەر داوای ئاسایش ئەمڕۆ بەشێک لە خێزانەکان ماڵەکانیان گواستوەتەوە و پڕۆسەکەش تا تەواو دەبێت شەش مانگ دەخایەنێت.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای کۆمەڵەی شۆڕشگێر بە "سبەی" وت، زۆر نیگەرانن لە بڕیارەکە و ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی سلێمانی و ئاسایش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بزانن چارەنووسیان چۆن دەبێت، چونکە ئەوان حزبێکی سیاسیین و ئاوارە نین تا وەکو ئاوارە ماڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
هەروەها وتیشی، " کۆمەڵەکان چەندین ساڵە لە زڕگوێز بنکە و بارەگایان هەیە و ئەو شوێنەشی بڕیارە بۆی بچن کەمپێکی سادەیە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە، هەروەها ئەو شوێنە بە شێوەی کاتی بۆ ئاوارەکانی عێراق دروستکراوە بۆیە بۆ مانەوەی درێژخایەن گونجاو نییە".
سەرچاوەکە جەختیشیکردەوە، "ئەو مەرجە ئەمنییانەی لە ڕێکەوتنی نێوان ئێران و عێراقدایە لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە جێبەجێ کراوە بەوەی هیچ چالاکییەکی سەربازیان نەبێت و لە ناو کەمپەکاندا چەکیان پێنەبێت بەڵام هێشتا ڕێگەمان پێنادرێت لە شوێنی خۆمان بمێنینەوە".
بە گوێرەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد، کەمپی زڕگوێز کە هەر سێ حزبی کۆمەڵەی لێیە چۆڵدەکرێت و خەڵکەکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەمپی سورداش.
هەروەها کەمپی ئازادی لە کۆیە کە ئەندامانی حزبی دیومکراتی لێیە شورەی بەدەوردا دروستدەکرێت و لە چەک دادەماڵدرێت.
پێشتر بۆ ئەو مەبەستە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و داوای کرد، پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکانی عێراق و ئێران، کە تایبەتە بە چەکداماڵین و نەهێشتنی مەترسی هێزە سیاسییە ڕۆژهەڵاتییەکان لەسەر سنوورەکانی ئێران.
