بەرپرسێكی حزبەكانی ڕۆژهەڵات: ئاسایش جگە لە بێهزاد کەسێکی دیکەی ڕادەستی ئێران كردووە

#ئێران#حزبەکانی ڕؤژهەڵات#ئاسایش#بێهزاد خوسرەوی
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سبەی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن.
Primary Asset

چەند ئەندامێکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان

 سبەی


ئەندامێكی ناوەندی بەڕێوەبەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت جگە لە بێهزاد خوسرەوی كە ئەندامی ئەوانە، ئەندامێكی دیكەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش ڕادەستی ئێران كراوەتەوە.

فشاری ئێران بۆسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە نەیاری ئێرانن لە هەرێمی كوردستان بەردەوامیی هەیە، بەتایبەت دوای ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران كە ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا.

زانیاریی نوێ لەسەر بێهزاد و چالاکێکی دیکەی ڕۆژهەڵات بڵاو دەبێتەوە

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی ئەو حزبە بە سبەی وت:"ئەو ئەندامەی ئێمە بەڵگەی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی هەیە و كارتەكەی هەتا مانگی دوانزەی ئەمساڵ ماوەی ماوە و لە كۆمیسیۆنی پەنابەران ناوی تۆمار كراوە، هەموو دۆكیومێنتەكان دەربڕی ئەو ڕاستیەن كە لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و هیچ گرفتی ئیداری و سیاسی و ئەمنی نەبووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە ئەو برادەرەی ئێمە ئاسایش بانگیان كردووە و خستویانەتە ژێر لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی شاهۆ ئەحمەدزادە كە ئەویش سەر بەلایەنێكی سیاسی ڕۆژهەڵات بووە و خەڵكی شارۆچكەی مەریوانە هەردووكیان ڕادەستی ئیتڵاعاتی سنە كراون".

"ئێمە سەردانی ئاسایشمان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی لە پەیوەندیدا بووین و پرسیارمان لێكردوون و بەدواداچوون كراوە لەسەر ئەو بابەتە لەسەرەتادا نكوڵی كراوە لەو بابەتە دواتر دەركەوتووە كە خودی ئەو كەسانەی ڕادەستكراون بەداخەوە لە ژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە". محەمەد نەزیف قادری وای وت.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی دیموكرات دەشڵێت "ئەم برادەرە چەند ڕۆژێك لە ئاسایش لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ كراوە دواتر ڕادەستی ئێران كراوە، ئەم بابەتە مەترسی گیانی لەسەر سێ هەزار تێكۆشەری سیاسی كوردی ئێران لە هەرێمی كوردستان هەیە ئەگەر لە داهاتووشدا ئەم ڕێڕەوە بگیرێتەبەر زیانێكی گەورە بە ئیعتباری سیاسی هەرێمی كوردستان دەگات".

"ئێمە سەردانی ئاسایشی سلێمانیمان كردووە و داوامان لێكردوون چارەنوسی ئەو برادەرەمان پێ بڵێن و ئازادی بكەن، ئێستا ئەو برادەرەمان لەژێر دەستی ئیتڵاعاتی ئێراندایە لەوانەیە شانۆگەریەكی پێ دروست بكەن، ئەگەر بڕیاری ڕادەستكردنەوەی ئەو ئەندامەی ئێمە تەنانەت لەسەروو ئاسایشەوە درابێت بە بۆچوونی من بڕیاردەری ئەو بابەتە لە ئاست بەرپرسیارێتی سیاسی و نەتەوەیی خۆیدا كاری نەكردووە، چونكە ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دانیشتنمان بووە لەسەر چەند خاڵی جەوهەری جەختمان كردووەتەوە و ئەوان بەڵێنیان بە ئێمەداوە لەو چوارچێوەدا هەڵسوكەوتێكی دۆستانە بكەن و مافی سیاسیمان پارێزراو بێت". محەمەد نەزیف قادری ئەوەشی وت.

ئاسایش هیچ لێدوانێکی لەسەرنادات

سبەی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن.

دوای ئەوەی ناوەندی تەشكیلاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند:" بێهزاد خوسرەوی، خەڵكی سەقز، ئەندامی حیزبی ديموكراتی كوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حكومەتی هەرێم لەم شارە دوو جار بانگ كراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ بەندكردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە كراوە".

دواتر ڕۆژی پێنج شەممە پێنجـی ئەیلول، پێگەی "ڕۆژهەڵات نیوز"، كە بایەخ بە هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەدات، بڵاویكردەوە: بێهزاد لە پیرەمەگرون نیشتەجێ بووە و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە و دوای دەستبەسەركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، ڕادەستی ئێران كراوەتەوە".

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە بە ڕۆژێك، دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند:بێهزاد خوسرەوی بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیركراوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبونی هەرێمی كوردستانی نییە و پەیوه ندی به كاری سیاسی یه وه نیه".

لە ڕونكردنەوەی ئاسایشدا هاتبوو: "دوای دەستگیركردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خوسرەوی )داوای گەڕانەوەی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە. بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێن نامەیەكی یاسایی پێ واژۆ دەكات كە داواكار لەسەر خواستی خۆی دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران".

بەڵام دیموكرات راگەیاندراوەكەی ئاسایشی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند "بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایك و خوشكی لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەكان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێم بووە".

بەپێی ڕاگەیاندراوەكەی دیموكرات، " بێهزاد تەنانەت وەك پەناخوازی سیاسی لە كۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی كوردستان ناوی تۆمار كردووە. هەروەها ماوەی حەوت ساڵە خۆی و بنەماڵەكەی ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەك لە ناوبراو ڕووی نەداوە كە لە مەحكەمە و دادگایەكدا لەسەری سەلمابێت."

دواتر شنۆ میهرپەروەر، یەكێك لە خزمانی بێهزاد، لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە بڵاویكردەوە" هێزە ئەمنییەكان دایك و خوشكێكی بێهزادیان ئاگادار كردووەتەوە، كە دەبێت سلێمانی بەجێبهێڵن".

دوای ڕوونكردنەوەی ئەو خزمەی، بێهزاد خوسرەوی دوای ڕادەستكردنەوەی بۆ یەكەمجار لە شاری سەقزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و وتی:" خۆم تەسلیمی ئێران بوومەوە".

بێهزاد دەڵێت "  لە كۆتایی ساڵی 2016 ەوە لە كۆمپانیای سەفرە كارم كردووە، دواتر ئاسایش دەستگیریانكردم، حزبی دیموكرات هیچ پشتیوانییەكی نەكردم و دواتر من خۆم تەسلیمی ئێران بوومەوە كە لە ئێستادا حاڵم لە ئێران باشە". 

بەڵام سەرچاوەیەك لە حزبی دیموكرات بە سبەی وت:"بێهزاد دۆخی خراپە و ڤیدیۆكەشی لە ژێر سەرپەرشتی فشاری ئیتڵاعات كردووە". 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی