سبەى
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەى لە "نزیک و بە هەستیارییەوە" چاودێری پەرەسەندنەکانى دۆخى کەرکوک دەکات، ئەوەش لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایی توركمانەكانی پردێ کە داوای یەكێك لە سێ پۆستە سەرەكییەكەی ناحیەى پردێ دەكەن.
ئونجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەمەر ڕووداوەکانی پارێزگای کەرکووک و نارەزایەتییەکان لە پردێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەى بەوەکردووە، "چاوەڕوانی بنەڕەتی تورکیا ئەوەیە کە هاوخوێنە تورکمانەکان بە شێوەیەکی شایستە بەشدار بن لە پێکهاتەی سیاسی و دەوڵەتی عێراق".
دەشڵێت "ڕەچاوکردنی ئەم بابەتە لە هەموو دامودەزگاکانی کەرکووک و لەسەرووی هەمووشیانەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە، گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە".
کەچەلی باسى لەوەشکردووە، دانانی بەڕێوەبەرێک کە تورکمان نەبێت لە شارەوانی پردێ سەر بە کەرکوک کە بەوتەى ئەو دانیشتووانەکەی بە "چڕی تورکمانن"، نیگەرانی و نائومێدی تورکمانەکانی لێکەوتووەتەوە.
"ئاشتی و سەقامگیریی کەرکوک کە خاوەنی پێکهاتەیەکی ئەتنیکی و ئایینی تایبەت بە خۆیەتی و مودێلێکی بچووککراوی عێراقە، بۆ ئاشتی و سەقامگیریی هەموو عێراق گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە".، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وادەڵێت.
شارۆچكەی پردێ دەكەوێتە قەزای دووبز لە باكوری رۆژئاوای پارێزگای كەركوك، نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە شاری كەركوكەوە دوورە و 50 كیلۆمەتریش لە هەولێر دوورە.
لە سەرژمێری ساڵی 1947 كورد 70٪ی دانیشتوانەكەی پێكھێناوە بەڵام لە ساڵی 1957دا بۆ 50٪ كەمبووەتەوە، لە سەرژمێری ساڵی 1965دا ڕێژەی كورد زیاتر دابەزیوە بۆ 25 ٪ بەڵام دیسانەوە لە ساڵی 1977دا بۆ 75 ٪ بەرزبووەتەوە.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005، ھاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان 80٪ی دەنگەكانی ناحیەی پردێی بەدەستھێنا، واتە بەشێكی زۆری دانیشتوانی ناحیەكە كوردن.
ئاڵوگۆری پۆستێک ناڕەزایی لێکەوتەوە
رۆژی 30ی حوزەیران، گۆڕینی سەرۆكی شارەوانی ناحیەی (پردێ) كە كەسێكی سەربە پێكهاتەی توركمان بوو، هەروەها دانانی بەڕێوەبەرێكی كورد لە شوێنەكەی ناڕەزایەتی توركمانەكانی لێ كەوتەوە.
توركمانەكان كە زۆربەیان لایەنگری (بەری توركمانی) بوون، سەرەتا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی چونە سەر بینای شارەوانی و دواتریش چەند فەرمانگەیەكی تری ناحیەكە، تاوەكو دواجار رێگای نێوان كەركوك- هەولێریان داخست
بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی خۆپێشاندانەكەی پێكهاتەی توركمان لە شارەدێی پردێ، هێزێكی زۆری ئەمنیی عێراق لەسەر ڕێگای سەرەكی هاتوچۆی نێوان كەركوك و هەولێر لە شارەدێی پردێ بڵاوەی پێكراوە.
داوای یەکێک لە سێ پۆستە گرنگەکە دەکەن
لە دوای رووخانی ڕژێمی بەعس، هەریەك لە پۆستی بەڕێوەبەری شارەدێ، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی لەلایەن پێكهاتەی كوردەوە بەڕێوەدەبردرێن، هاوكات هەریەك لە پۆستی، بەڕێوەبەرانی كارەبا، ئاو، گەیاندن، بانك، نەخۆشخانە و تۆماری خانووبەرە لەلایەن پێكهاتەی توركمان بەڕێوەدەبردرێت.
بەوەش لە كۆی 17 پۆستی ئیداری 12 پۆستی لای توركمانە و داوای زیاتر دەكەن.
بەرەی تورکمانی و حەشدی شەعبی
خۆپیشاندانەكانی پردێ لەلایەن بەرەی توركمانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، جگە لەوەی ئەندامانی حەشدی شەعبی لە خۆپیشاندانەكەدا بینراون و ئاڵای حەشدی شەعبیشیان بەرزكردووەتەوە، ئەوەی روونە بەرەی توركمانی نزیكە لە توركیا و حەشدی شەعبیش بە هێزێكی نزیك لە ئێران دادەنرێت.
پێشتر بەرەی توركمانی و هەندێك لایەنگری حەشدی شەعبی داوایان دەكرد بەڕێوەبەری ناحیە، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری شارەوانی بدرێتە ئەوان، بەڵام ئێستا تەنیا داوای بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەكەن كە پۆستەكە پشكی كوردە.
بەپێی زانیارییەكان، پێشنیازی بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ دراوەتە توركمان، بەڵام رەتیانكردووەتەوە، هۆكارەكەی ئەوەبووە كە ئەو پۆستە لە دەستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسە هەركات بیەوێت دەتوانێ بیگۆڕێت، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە بڕیاری كارگێڕی پێویستە.
توركمانەكان بۆ ئەوەی رێگە بە خۆپیشاندانەكەیان بدرێت لە سەرەتاوە و دواتر فراوان ببێت، خێوەتیان هەڵداوە و بە لایەنی ئەمنی شارۆچكەكەیان وتووە خێوەتەكان بۆ چلەی ئیمام حوسێنە نەك خۆپێشاندان.بەڵام دواتر دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە.
"بە پشێوی نانەوە دەستیان پێکرد"
بەرپرسانی كوردی ناحیەكە دەڵێن "توركمانەكان هەر یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكە بە "ئاگركردنەوە لە رێگەی تایە" و "پشێوی نانەوە" دەستیان پێكردووە".
كێشەكە كاتێك سەریهەڵداوە بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك سەردانی شارەوانی پردێی كردووە و نووسراوێكی لە وەزارەتی شارەوانییەكانی عێراقەوە بردووە، كە ژنێك دیاریكراوە ببێتە سەرۆكی شارەوانی پردێ بۆماوەی شەش مانگ، دوایی لایەنی كارگێڕی پردێ كۆمەڵێك خەڵك هەڵبژێرێت و ناوەكان بنێرنە بەغدا بۆ پەسندكردنی یەكێكیان.
بەڕێوەبەری نوێی شارەوانیی پردێ، ژنێكی كوردە و خەڵكی گەڕەكی رەحیماوای كەركوكە.
بەڵام بەرپرسانی بەرەی توركمانی و بەرپرسی حەشدی توركمانی پردێ دانانی ئەو بەرپرسە كوردەیان رەتكردووەتەوە و وتوویانە "ئەم شارە شارێكی عوسمانلییە و قبوڵمان نییە". دواتریش بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە دوو پۆلیسیان برینداركردووە.
سەرجەم ئەو پۆستانەی لەناحیەی پردێ لای توركمانن بریتین لە:
1- پرۆژەكانی ئاو
2- پۆستە
3- نەخۆشخانە
4- كارەبا
5- ڤێتێرنەری
6- بانك
7- وەقفی سوننی
8- ئاو و ئاوەڕۆ
9- بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكان
10- پۆلیسی فریاكەوتن
11- دارایی
12- پۆلیسی رووبارەكان
دواجار و لەژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لایەنگرانی (بەرەی توركمانی)، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی (محەمەد حافز) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكهێنرا بۆ "چاوخشاندنەوە بە هاوسەنگی لە فەرمانگەكانی پارێزگای كەركوك)دا.
توركمانەكان داوای جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە دەكەن:
گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ سەرجەم بەش و هۆبەكان لەناو فەرمانگەكانی دەوڵەت لە پردێ كە ئەوان پێی دەڵێن "ئاڵتون كۆپری".
پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەكە، ئەگەر كورد هەر سور بوو لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانی.
ئەگەر كورد پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی دەوێت، ئەوا دەبێت پۆستەكانی سەرۆكی شارەوانی و بنكەی پۆلیس بۆ ئێمە بێت.
دژی مامەڵەی خراپین لەكاتی سەردانی هاوڵاتیان بۆ هەندێك فەرمانگە بەتایبەتیش شارەوانی ئاڵتون كۆپری.
بەگشتیی چاو بە نوێنەرایەتیی پێكهاتەی توركمانیدا بخشێنرێتەوە لە هەموو فەرمانگەكانی ناحیەكەدا.
دژی گواستنەوەی هەر پرۆژەیەكی گرنگین بەبێ ئاگاداری رۆڵەكانی ناحیەكە.
ئەگەر حكومەتی خۆجێی وەڵامی داواكارییەكانمان نەداتەوە، هەنگاوی ترمان دەبێت