پشتڕاستکردنەوە؛ لە ڤیدیۆی نوێی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر تاران چی دەبینین؟

#تاران#ئیسرائیل
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوو تەقینەوەی گەورە بەهۆى هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر سەر گۆڕەپانی قودس لە تەجریشى تاران لە 15ی حوزەیران لە لایەن میدیاکانى ئێرانەوە بڵاوکرانەوە.
  • بەپێی وێنەکان وا دیارە ئامانجی هێرشەکە نووسینگەی سەنتەری مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری مزگەوتەکان بووە لە نهۆمی سەرەوەی لقی سیتی بانک.
  • سوپای ئیسرائیل تا ئێستا ڕوونکردنەوەی لەبارەى ئەو هێرشە بڵاونەکردووەتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی.
Primary Asset

ساتەوەختی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گۆڕەپانی قودس لە تەجریشى تاران لە 15ی حوزەیران

سبەی

دیمەنى کامێراى چاودێرى ساتەوەختی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گۆڕەپانی قودس لە تەجریشى تاران لە 15ی حوزەیران، دوو تەقینەوەی گەورە لەو ناوچەیە دەردەخەن، یەکێکیان بەهۆی هێرشێکەوەیە بۆ سەر نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەیەک و یەکێکی تریان تەقینەوەیەکی گەورەیە کە بەهۆی بەرکەوتنی موشەکێک لە شەقامەکەدا دروستبووە، کە چاڵێکی گەورەی هەڵکەندووە و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بە پێداچوونەوە و بەراوردکردنی ئەو وێنانەی لەو ڕۆژەدا بڵاوکراونەتەوە لە ساتەکانی دوای هێرشەکە و لەناوبردنی لە گۆڕەپانی قودس و ئەو وێنانەی کە چەند ڕۆژێک دواتر لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەدەستیان هێناوە، کەناڵى بی بی سی راستى ئەو ڤیدییۆیەى پشتڕاستکردووەتەوە.

لە 16ی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی ئاماژە بەم هێرشە بکات رایگەیاندبوو، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی تەجریش، محەمەد کازمی، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسداران و محەمەد باقری، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای قودسی سوپای پاسداران و جێگرەکانیان کوشتووە. بەپێی وێنە گواستراوەکان وا دیارە ئامانجی هێرشەکە نووسینگەی سەنتەری مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری مزگەوتەکان بووە لە نهۆمی سەرەوەی لقی سیتی بانک. هەر لەو ڕۆژەدا باس لەوە کرا کە کەسایەتییە ئەمنییە باڵاکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە شوێنێکی نافەرمی لە تەجریش کۆبوونەتەوە "بۆ کەمکردنەوەی مەترسی هێرشکردن".

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، "12 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون" لە تەقینەوەی دووەمی گەورەدا کە زیانی بە هێڵە سەرەکییەکی ئاو گەیاندووە و لە سەرەتای شەقامی شەریعەتی لافاو دروست بووە. لە وێنە نوێیەکانی کاریگەری مووشەکی ئیسرائیلدا، بە ڕوونی دەبینرێت کە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسوارەکان کە لە پشت گڵۆپی سوورەوە چاوەڕ دەکەن دەچن بە ئاسماندا.

شارەزایەکی تەقەمەنی سەبارەت بە تەقینەوەکانی تەجریش دەڵێت "ڕوودانی دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک و لە هەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هەردووکیان نەبن، لانیکەم یەکێکیان ئامانجەکەى پێکاوە". 

سەبارەت بە دیمەنە شۆککەرەکەی تەقینەوەی دووەمیش، ئەم شارەزایە پێیوایە بە لەبەرچاوگرتنی هێزی تەقینەوەکە و ئەو زیانانەی بەهۆیەوە کەوتووەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئامانجی ئەم موشەکە هاوشێوەی تەقینەوەکەی پێشووتر، بینایەک بووبێت و رەنگە بە هەڵە ئامانجەکەى پێکابێت.

سوپای ئیسرائیل تا ئێستا ڕوونکردنەوەی لەبارەى ئەو هێرشە بڵاونەکردۆتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی، بەڵام لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئێران، چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "تەنها هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەکات".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی