موقتەدا سەدر بە خەتى سور هەڵوێستى خۆى لەبارەى بایکۆتى هەڵبژاردن و پڕۆسەى سیاسی یەکلاکردەوە

#موقتەدا سەدر
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هەڵوێستى خۆى لەبارەى بایکۆتى هەڵبژاردن و پڕۆسەى سیاسی یەکلاکردەوە
  • موقتەدا سەدر: تا مانەوەى میلیشیا و چەکى دەرەوەى دەوڵەت بایکۆت بەردەوام دەبێت
  • هەڵوێستەکەى سەدر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانى سودانى بۆ دۆزینەوەى دەرچەى یاسایی بە ئامانجى بەشداریکردنى سەدر لە هەڵبژاردن
Primary Asset

سبەى

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هەڵوێستى خۆى لەبارەى بایکۆتى هەڵبژاردن و پڕۆسەى سیاسی یەکلاکردەوە و جەختدەکاتەوە تا مانەوەى میلیشیا و چەکى دەرەوەى دەوڵەت بایکۆت بەردەوام دەبێت، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران بۆ دۆزینەوەى دەرچەى یاسایی بە ئامانجى بەشداریکردنى سەدر لە هەڵبژاردن.

سەدر لە نوسراوێکدا کە بەخەتى سور ناوى خۆى نوسیوە و واژۆى لەسەرکردەوە، جەختى لە بەردەوامى بایکۆتى پڕۆسەى سیاسی کردووەتەوە. 

الصدر يكتبها بالأحمر: مقاطع طالما السلاح المنفلت والميليشيات موجودة

سودانی لەگەڵ کۆمسیۆن گفتوگۆ دەکات

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمسیۆن گفتوگۆی دەستپێكردووە بۆ دۆخێكی یاسایی بدۆزنەوە و كاتێكی نوێ دابنێن كە كەسی دیكە خۆیان كاندید بكەن، ئەمەش بە مانای هەلێكی دیكەیە بۆ موقتەدا سەدر تا بگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دووبارە رۆڵ بینین لە سیاسەتی عێراقدا.

بەهۆی ئەو هەوڵەی سودانییەوە، زۆرێك لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی گومانیان هەیە، كە سەرۆك وەزیران دەیەوێت جارێكی دیكە پۆستەكەی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت لەگەڵ رەوتی سەدر هاوپەیمانێتی بكات، بەڵام لایەنی دووەم هیچ گرەنتییەكی نەداوە.

لەوبارەیەوە، عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی بە "شەرقولئەوسەت" ی وتووە "دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران رێگەی ئەوەی پێدەدات داوا لە كۆمسیۆن بكات جارێكی دیكە دەرگای خۆكاندیدكردن بكاتەوە، وەك چۆن كۆمسیۆنیش مافی ئەوەی هەیە بەڵام بە چەند هۆكارێك".

بۆچی مەیدانی تەحریر هەڵبژێردرا؟

موقتەدا سەدر لەگەڵ هاتنی مانگی موحەرەم بڕیاریدا خێمە لە مەیدانی تەحریر دابنرێت، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش بە وتەی ئیبراهیم جابری بەڕێوەبەری نوسینگەی رەوتی سەدر لە بەغداد "تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو شوێنە ناوەڕاستی بەغدادە".

چاودێران دەڵێن سیمبولیەتی شوێنەكە و سیاسیبوونی، وادەكات بتوانرێت خۆپیشاندانێك دروست بكرێت كە رەوتی سەدر بیجوڵێنێت و چەند هێزێكی دیكەش ببنە هاوپەیمانی، ئەمەش هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە ركابەرەكان كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025 ئامادە دەكەن.

لە هەڵبژاردنی 2021، رەوتی سەدر توانی ببێتە هێزی یەكەم

لە هەڵبژاردنی 2021، رەوتی سەدر توانی ببێتە هێزی یەكەم و 73 كورسی بەدەست بهێنێت، پێش ئەوەی بەتەواوەتی لە پرۆسەكە بكشێتەوە، ئەمەش پاش بەكارهێنانی سێیەكی پەكخەر بوو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لەناو پەرلەمان، تا رێگری بكەن لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لەلایەن سەدر بە هاوپەیمانێتی چەند هێزێكی كورد و سوننە.

باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت

لەناو ئاستی باڵای حزبە شیعەكان، باس لەوەدەكرێت باشترە هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەوەش بۆ ناڕوونی سیمای سیاسی عێراق و ناوچەكە دەگێڕدرێتەوە، بەتایبەت كە هێشتا ئاڵۆزیەكان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن، هەروەها ناكۆكی نێوان ئەمەریكا و ئێرانیش درێژەی هەیە.

ئەوەی گومانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستكردووە، كشانەوەی حەیدەر عەبادییە، بەوتەی مونتەزر ناسر نوسەر و رۆژنامەنوس، "كشانەوەی عەبادی شتێكی ئاسایی نییە، لەكاتێكدا یەكێكە لە پایەكانی پرۆسەی سیاسی و زۆرترین سیاسەتی كردووە، سەركردایەتی یەكێك لە حكومەتەكانی كردووە، هەموو هەڵبژاردنێكیش لە رێگەی لیست و هاوپەیمانێتییەوە بەشداری كردووە، بەتایبەتیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار بووە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی