دۆخی کورد لە باکوری کوردستان دوای 44 ساڵ لە کودەتاکەی تورکیا

#کودەتا#12ی ئەیلول#ئەردۆغان#کەنعان ئێڤرەن#کورد#تورکیا
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەمڕۆ 44 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کودەتا سەربازییەکەی تورکیا کە بە زەبری ئاگروئاسن و ئەشکەنجە و زیندان بە تەواوی هەوڵی سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردی دا، چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن هێشتا لێکەوتەکانی ئەو کودەتایە بەسەر کوردەوە دەبیندرێت و لەبری ساڕێژکردنی برینەکان هێشتا گوشارەکان بۆ سەر کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان بەردەوامن و ڕۆژانە خەڵک لەبەر بەشداریکردن لە هەڵپەڕکێی کوردی دەستگیر دەکرێت و بە هۆی قسەکردن بە زمانی کوردیش پەلاماری خەڵک دەدرێت.
Primary Asset

سبەی

کودەتای 12ی ئەیلولی 1980 سێیەم کودەتای سەربازییە لە مێژووی کۆماری تورکیا و پێشتر لە 27ی ئایاری 1960 و لە 12ی ئاداری 1971 کودەتا ئەنجام دراون. چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە زیانمەندی یەکەمی کودەتاکانی تورکیا گەلی کورد بووە کە لە دوای تورک دووەم گەورەترین نەتەوەیە لە تورکیا و ئامانجی سەرەکی کودەتاکان سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد بووە بە زمان، کلتور و تەواوی تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە.

ئەنجامدەرانی کودەتاکان ئەو فەرماندە، جەنەڕاڵ و سەربازە ئاستبەرزە تورکانە بوون کە بەهێزی خۆیان لە تواندنەوە و سڕینەوەی کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکەدا بینیووەتەوە و هەمیشە ئەو فرەیەییان بە مەترسی زانیووە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر بنەمای تورکێتی و سونەگەرایی دامەزراوە.

بۆیە بە توندترین شێوە کەوتنە وێزەی کورد و عەلەوی و چەپەکان و ئەوانیان بە مەترسی دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا.

کودەتاکەی 12ی ئەیلول هەر بە تەنها بەوەوە نەوەستا بە زەبری ئاگر و ئاسن و ئازار و ئەشکەنجە، هەوڵی سڕینەوەی کورد و عەلەوی و چەپەکان بدات، بەڵکوو تەواوی پارتەکانی تورکیای داخست بە جەهەپەیشەوە لە کاتێکدا جەهەپە لە لایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێندراوە.

کودەتای سڕینەوە و پاکتاوکردن و بنبڕکردنی کورد

ئەو کودەتایە کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەرکانی سوپای تورکیا کەنعان ئێڤرەن ئەنجام درا و دواتریش خۆی کردە سەرۆکی تورکیا، پەرلەمانی تورکیا و دەستوری تورکیاشی هەڵوەشاندەوە و حوکمی وڵاتەکەی کردە عورفی و سەرۆک و گەورە بەرپرسانی پارتە ڕێگەپێدراوەکانی تورکیای خستە زیندانەوە.

دواتر دەستورێک لە تورکیا نوسرایەوە کە ڕەنگڕێژ کرا بە تورکێتی و بە هەموو جۆرێک نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات و هێشتا وێڕای چەندین جار لە هەموارکردنەوەی دەستورەکە، نەتواندراوە چوار مادەی یەکەمی دەستورەکە هەموار بکرێنەوە کە نکۆڵی لە کورد دەکات و ئەوەی هاوڵاتیی تورکیا بێت وەک تورک لە قەڵەمی دەدات. 

کودەتاکە بە چاوترساندنی خەڵک دەستی پێ کرد و 650 هەزار کەس دەستگیر کران و 52 هەزار کەسیش دەستبەسەر کران. بە ناشیرینترین و نامرۆڤانەترین شێوە مامەڵە لەگەڵ زیندانییەکاندا دەکرا.

زیندانی ئامەد.. وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێو چاوی کودەتاچییەکانەوە

دیارترین نمونەی ئەوەیش مامەڵەی نادروستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بوو لەگەڵ چالاکوانە کوردەکانی باکوری کوردستان لە زیندانی ئامەد، کە بەشێکی بەرچاویان بەرگەی ئەو هەموو سوکایەتیپێکردن و ئازار و ئەشکەنجەیان نەگرت و کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بە هۆی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەردەمی حوکمی عورفیدا 14 زیندانی بە هۆی مانگرتن لە خواردن، 171 زیندانی بە ئەشکەنجەدان و 49 کەسیش بە هۆی لە سێدارەدان گیانیان لەدەست دا.

کودەتاچییەکان هەر بەوەوە نەوەستان چالاکییە سیاسییەکان ڕابگرن، بەڵکوو کۆتاییان بە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش هێنا و تەواوی جومگەکانی دەوڵەتیشیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد. 

لە ماوەی حوکمی کودەتاچییەکاندا 650 هەزار کەس دەستگیر کران، 210 دۆسیە لەسەر 230 هەزار کەس کرایەوە و داوای لە سێدارەدانی زیاتر لە حەوت هەزار کەس کرا. لەو ماوەیەدا 517 کەس بە "کوشتن" سزا دران و 50 کەس لەوان لە سێدارە دران.

مافی هاوڵاتییبوون لە 14 هەزار هاوڵاتیی تورکیا ستێندرایەوە و نزیکەی 100 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە کوردی و چەپەکان دادگایی کران و 30 هەزار کەسیش لە کارەکانیان دور خرانەوە.

هەزاران فیلم قەدەغە کرا و دەیان میدیاکار بۆ ماوەی هەزاران ساڵ حوکم دران

لە حوکمی کودەتاچییەکاندا نزیکەی هەزار فیلمی بەرهەمهێندراو بە تۆمەتی ئەوەی گوایە مەترسیدارن قەدەغە کران و نزیکەی چوار هەزار مامۆستای قوتابخانە و سەدان مامۆستای زانکۆ دەرکران. دەیان میدیاکاریش بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بە زیندانیکردن سزا دران.

دواتر ئەنجومەنی ڕاوێژکاری کە ئەندامەکانی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کران لە 1982 دەستورێکیان نوسییەوە و خستیانە دەنگدان و بانگەشەی ئەوەیان کرد لە سەدا 92ی بەشداربووان دەنگیان پێ داوە.

دواتر لە هەمان ساڵ هەڵبژاردن ئەنجام درا و ئێڤرەن بە سەرکۆماری تورکیا هەڵبژێردرا و تاکوو 1989 لەو پۆستەدا مایەوە.

دەستورێک بۆ سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە کورد

ئەو دەستورەی لە لایەن کودەتاچییەکانەوە نوسرا بە تەواوەتی لەسەر بنەمای سڕینەوەی کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکەی تورکیا داڕێژرایەوە و لە مادەی 15ی دەستورەکەدا بڕگەیەک جێگیر کرا کە تاهەتایە نابێت کەنعان ئێڤرەن و کودەتاچییەکانی دیکە دادگایی بکرێن و ئەو مادەیە تا هەموارکردنەوەی دەستور لە 12ی ئەیلولی 2010 وەک خۆی مایەوە.

دوای لابردنی ئەو مادەیەی دەستور هەریەک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی کودەتاکە ئێڤرەن و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەوکات، تەحسین شاهینکایا دادگایی کران. بەڵام ئەوان تەواوی تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە و ئاماژەیان بەوە دەدا ئەوان دادگاکانیان دامەزراندوون و دادگاکان ناتوانن ئەوان دادگایی بکەن.

پێنج ساڵ دوای لابردنی ئەو مادەیە و دوای دادگاییکردنی، کەنعان ئێڤرەن لە تەمەنی 98 ساڵیدا مرد. 

شاهینکایاش هەر لە هەمان ساڵدا و لە تەمەنی 90 ساڵیدا مرد.

دواتریش بە هۆی مردنی ئەو دووانەوە دۆسیەکەیان لە دادگا داخرا.

لە دوای کودەتاکەوە گوشارەکان بە جۆرێک بۆ سەر کورد زیادیان کرد، تەنانەت قسەکردن لە دەرەوە و لە ناو ماڵیش بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و بەو هۆیەوە، خەڵک زیندانی دەکرا و بە پێبژاردن بە پارە سزا دەدرا.

ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی کلتوریش لە کورد قەدەغە کرا و ساڵانە بە هۆی یادکردنەوەی نەورۆز چەندین کورد خەڵتانی خوێن دەکران.

هەرچەند دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر کودەتاکەدا دۆخەکە بۆ تورکەکان تا ڕادەیەک ئاسایی بۆوە، بەڵام ئەو عەقڵییەتەی لەسەر بنەمای تورکێتی و سونیگەرایی دەوڵەتی تورکیای لەسەر بونیاد نراوە هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە. 

لە دوای کودەتاکەی 1980ەوە بۆ ماوەیەکی کاتی لە سەردەمی تورگوت ئۆزال و لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا کورد تا ڕادەیەک پشووی هاتەوە بەر و گوشارەکانی سەر کورد کەمیان کردەوە.

بە مەهەپەبوونی ئاک پارتی و ئەردۆغان

بەڵام لە دوای کۆتایی هاتن بە پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە، جارێکی دیکە گوشارەکان یەخەی کوردیان گرتەوە.

بە تایبەت دوای هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە 15ی تەمووزی 2016 و نزیکبوونەوەی ئاک پارتی و مەهەپە لە یەکتر، ئاک پارتی کە پارتێکی پاشخان ئیسلامییە و پێشتر هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کوردی دەدا، بە تەواوی کەوتە ژێر هەژموونی مەهەپە کە پارتێکی نەتەوەیی نەریتخوازەوە و زۆر دژایەتی جوڵانەوەی کوردی دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

لە دوای ئەو هەوڵەوە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بە جۆرێک ئەردۆغان کەوتە وێزەی خەڵک وەک ئەوەی کودەتایەکی نوێ لە تورکیا ڕووی دابێت، هەزاران کەس لە کارەکانیان دور خرانەوە، هەزارانی دیکە زیندانی کران و سەدان میدیاکار و چالاکوان ناچار بوون لە ترسی زیندانیکردن تورکیا و باکوری کوردستان جێ بهێڵن.

لە دوای کودەتاکەی 1980 دادگای سەربازی بە شێوەی هەڕەمەکی خەڵکی لە زیندان دەکرد و ئەشکەنجەی دەدا، لە دوای 2016ەوە تەواوی جومگەکانی دەوڵەت لە دەست ئەردۆغاندا کۆبوونەوە و دەسەڵاتی دادوەریش بە تەواوی کەوتۆتە دەست ئەو و چۆنی بوێت ئاوا بڕیار لەسەر دۆسیەکان دەدرێت.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و چڕکردنەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و لەشکرکێشییە بەرفراوانەکانی دوای ئەوە بوو ئاک پارتیی دەسەڵاتدار بە تەواوی کەوتە ژێر هەژموونی مەهەپەی هاوپەیمانی.

ئێستا حوکمەتی تورکیا بە شێوەیەکی هاوتەریب هەم هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان چڕ کردۆتەوە، هەم لە ناوخۆی باکوری کوردستان و لە تورکیایش زوو زوو بە پاساوی ئەوەی گوایە لایەنگر و هاوسۆزی پەکەکەن، ئەوانە دەستگیر دەکات هەڵپەڕکێ دەکەن و تورکیا و باکوری کوردستانی کردووەتە زیندان بۆ ئەو پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییە کوردانەی بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.

لە تورکیا و باکوری کوردستان زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕانە داخراون کە بە زمانی کوردی پەخشیان دەکرد و ئەو ناوەندانەیش داخران کە خولی فێربوونی زمانی کوردییان دەکردەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی