جێبەجێکردنى رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەبارەى نەوت و مووچە رووبەڕووى ئاستەنگ بووەتەوە
سبەى
چاوەڕواندەکرێت سبەینێ کارەکانى ئامادەکردنى راپۆرتى لیژنەى تایبەت بە خەمڵاندنى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەدواى هێرشە درۆنییەکان کۆتایی بێت و رادەستى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بکرێت بۆ بڕیاردان لەسەرى.
رێککەوتنى هەفتەى رابردووى نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەى نەوت و مووچە رووبەڕووى ئاستەنگ بووەتەوە، کە تێیدا هەرێم پابەند کراوە بە هەناردەکردنى 230 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان دەڵێت بەهۆى هێرشە درۆنییەکانەوە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان ئاستى بەرهەمهێنانى بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە.
لەو دەقەى رێککەوتنەکەدا کە 17 ى تەمموز لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە پەسەندکرا، ناردنى مووچە پەیوەستکراوە بە جێبەجێکردنى ئەو خاڵەوە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان دەڵێت ئەو دەقەى کە 16 ى تەمموز لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمەوە پەسەندکرا ئەو خاڵەى تێدا نییە و بەغداد خۆى زیادیکردووە.
بەهۆى ئەو کێشەیەوە رێککەوتنەکە هێشتا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە عێراق لەچەند رۆژى رابردوودا شاندێکى رەوانەى هەرێم کرد بۆ خەمڵاندنى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکان.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداد بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، چاوەڕواندەکرێت سبەینێ لیژنەکە راپۆرتى خۆى لەو بارەیەوە تەواو بکات و رادەستى ئەنجومەنى وەزیرانى بکات بۆ بڕیاردان لەسەرى، بەڵام هێشتا دیار نییە لەکۆبوونەوەى سبەینێی ئەنجومەنى وەزیران بڕیار لەسەرى دەدرێت یاخود نا.
وتیشى لە راپۆرتەکەدا کە هێشتا ئامادەکردنى کۆتایی نەهاتووە، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم بە 81 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە خەمڵێندراوە، بەڵام دیار نییە بەغداد بەو بڕە رازى دەبێت یان نا، بەو پێیەى زۆر کەمترە لەو بڕەى لە رێککەوتنەکەدا دیاریکراوە.
چاوەڕواندەکرێت بڕیاردان لەسەر ئەو راپۆرتە چارەنووسى رێککەوتنە نوێیەکەى هەرێم و بەغداد یەکلایی بکاتەوە.
د.نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەدا، لەکۆبوونەوەى رۆژى یەکشەممەى لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق باسى ئەو راپۆرتە کراوە و ئاماژە بەوەکراوە کە پێدەچێت رۆژى سێشەممە کارەکانى تەواو بکرێت و پێشکەشى ئەنجومەنى وەزیران بکرێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا تەیف سامى وەزیرى دارایی جەختى لە مەرجەکانى رادەستکردنى نەوت و داهاتى ناوخۆ کردەوە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بەبەغداد، بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەران، ئەوەش بەوتەى د.نەرمین مەعروف.
بەپێی رێککەوتنى هەردوو حکومەت کە ناوەڕاستى تەمموزى 2025 رەزامەندیان لەسەر دەربڕى، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە هەناردە بکات لەگەڵ رادەستکردنى 120 ملیار دینارى مانگانە، لەبەرانبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەبەلایەن بەغدادە کە بڕەکەى زیاترە لە 900 ملیار دینارى مانگانە.
باسم عەوادى وتەبێژى حکومەتى عێراق رۆژى دووشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق دووپاتیکردەوە، بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پابەندبوونی حکومەتی هەرێمى بە ڕادەستکردنی ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بە (سۆمۆ) دیاریکردووە، دوای لێبڕینی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی هەرێم. سۆمۆ نەوتەکە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان دەکات و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە.
وتیشى بڕیارەکە میکانیزمی جێگرەوە، لەخۆدەگرێت، ئەگەر نەتوانرا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوت هەناردە بکرێت، ئەوا بڕی تەرخانکراو ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
حکومەتى عێراق لە ئایارى ئەمساڵەوە ناردنى مووچەى بۆ هەرێمى کوردستانى راگرتووە بەپاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە لەدواى رادەستکردنى نەوت و داهاتى نانەوتى، راستەوخۆ دەستبکاتەوە بە ناردنى مووچە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە ئاماژەى بەوەکرد، بڕگەى تایبەت بە ناردنى مووچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغدادەوە دواى رادەستکردنى 230 هەزار بەرمیل نەوت، لەدەرەوەى ئەو رێککەوتنەیە کە ئەوان رەزامەندیان لەسەرداوە.
وتیشى "ئەو ئەرکانەى لەسەر شانى ئێمە بوو قبوڵمانکرد، بەڵام ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانى نەوت، پێموتن بەم هێرشانە بەرهەمى نەوت کەمدەبێتەوە، چونکە ئێستا کۆمپانیاکان ناتوانن ئەوەندە نەوت بەرهەمبهێنن".
باسى لەوەشکرد، دواى ئەوەى ئەوان رەزامەندبوون لەسەر رێککەوتنەکە، بەغداد خاڵێکى دیکەى زیادکردووە، کە پەیوەستن بەوەى تا 230 هەزار بەرمیلەکە رادەستنەکرێت بەغداد مووچە نانێرێت، "بەڵام ئەوە چۆن دەکرێت لەکاتێکدا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەکان و بەرهەمى نەوت کەمبووەتەوە".
مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، شاندێک لەبەغدادەوە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە لەو بارەیەوە و راپۆرتێکیان بۆ بەغداد بەرزکردووەتەوە کە لە ئێستادا ئەوەندە نەوت بەردەستە و دەتوانرێت هەناردە بکرێت، تا ئاسەوارى هێرشەکان چارەسەر بکرێن.