سبەی
رۆژى دووشەممە 21ی تەمموزی 2025 تەنها یەکێک نەبوو لە ڕۆژە گەرمەکانی وەرزی هاوین، هاوکات ڕۆژێکی گەرموگوڕیش بوو لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و بۆ ئەو مەبەستە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) لەگەڵ دەم پارتی و ئاک پارتی و مەهەپە و نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش لەگەڵ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە کۆبوویەوە.
لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی کارەکانی پەیوەندیدار بەو لیژنە پەرلەمانییەی بڕیارە زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڕەخسێنێت، سەرۆکی میت دەستی کرد بە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە بۆ لای ئەو پارتە سیاسییانەی خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمانی تورکیا.
یەکەم وێستگەی دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی ئیبراهیم کاڵن بۆ لای دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بوو کە هەر خودی پرۆسەکە بە دەستپێشخەری ئەو دەستی پێ کرد.
کۆبوونەوەکە ماوەی 45 خولەکی خایاند و ئەوەی بووە جێی سەرنج، ئەو جانتا ڕەشە بوو کە ئیبراهیم کاڵن بە دەستییەوە بوو.
دواتر ئیبراهیم کاڵن سەردانی فراکسیۆنی ئاک پارتی کرد لە پەرلەمانی تورکیا و لە لایەن ئەفگان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمان پێشوازی لێ کرا.
کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجام درا و نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند.
دوایین وێستگەی سەردانەکەی ئەمڕۆی ئیبراهیم کاڵ بۆ لای فراکسیۆنی دەم پارتی بوو لە پەرلەمانی تورکیا.
لەوێ هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی و گوڵستان کڵچ کۆچییغیت و سەزای تەمەللی، جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازییان لە سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا کرد.
کۆبوونەوەکەی دەم پارتی و ئیبراهیم کاڵن یەک کاتژمێر و حەوت خولەکی خایاند.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی میت لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئیی پارتی و پارتی ڕێگای نوێ کۆ ببێتەوە.
تەوەری سەرەکیی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی میت لەگەڵ سەرۆک و جێگرانی سەرۆک فراکسیۆنەکان ئامانجی دامەزراندنی لیژنە پەرلەمانییەکە و پێدانی زانیارییە لەبارەی کارەکانی لیژنەکە و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە.
هەر ئەمڕۆ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە شوێنی خۆی لە ناو باڵەخانەی پەرلەمان سەردانی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کرد.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکە کرا.
کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجام درا و نزیکەی 30 خولەکی خایاند.
هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی دژی هەر جۆرە هەوڵێک دەوەستنەوە بۆ لەباربردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەڵێت: "دیدار و کۆبوونەوەکان لەبارەی پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکە گەیشتوونەتە کۆتایی و بەمزووانە ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ پرۆسەکە لە پەرلەمان دەبینین".
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا
هەرچەند 12 پارتی جیاواز خاوەن کورسین لە پەرلەمان کە لە 600 کورسی پێک هاتووە، بەڵام تەنها پێنجیان فراکسیۆنیان هەیە و فراکسیۆنی پارتی ڕێگای نوێش لە ئەنجامی یەکگرتنی پەرلەمانتارانی هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، دەڤا و پارتی ئایندە پێکهێنراوە.
فراکسیۆنی ئاک پارتی خاوەنی 272 کورسی، جەهەپە خاوەنی 135 کورسی، دەم پارتی 56 کورسی، مەهەپە 47 کورسی، ئیی پارتی 29 کورسی و ڕێگای نوێش 22 کورسییە.
پێکهێنانی فراکسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا پێویستی بە 20 کورسییە.
تورکیا بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دێت
لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت و بە مەرج ئازاد بکرێت.
ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکەی باخچەلییەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی و سیاسی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
12ـی ئایار پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا دەولەت باخچەلی 18ـی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.
لای خۆیشیەوە دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی باخچەلی ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی 11ـی تەمووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و دواتر چەکەکانیان سووتاند، ڕۆژێک دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم پرۆسەیە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت و وتی: "وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەن".
ئەمەش لە کاتێکدا بوو ڕۆژێک پێشتر نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمان و بەمزووانە لیژنەکە پێک دەهێندرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە.
میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا، تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
کۆی ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە هەفتەیەکە گەڕێکی نوێی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەستی پێ کردووە.
هەفتەی ڕابردوو شاندی ئیمراڵی لەگەڵ هەریەک لە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە؛ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا کۆبوویەوە.
ڕۆژی هەینی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکەوە لەگەڵ جێگری سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆبوویەوە.