چین گەورەترین بەنداوی کارۆئاوی لە جیهان دروست دەکات

#چین#بەنداوی کارۆئاوی#جیهان
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تێچووی پڕۆژەکە بە 170 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ساڵانە 300 ملیار کیلۆوات-کاتژمێر کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
Primary Asset

سبەى

کارکردن بۆ دروستکردنی گەورەترین بەنداوی کارۆئاوی لە جیهان لە خۆرهەڵاتی تبت دەستیپێکرد، کە تێچووەکەی بە نزیکەی 170 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هەرچەند ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانی چین بۆ پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنیی بەبەردبوو، کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، بەڵام هۆشداریش دەدرێت لەوەی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس لە هیندستان و بەنگلادیش.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی شینخوا لە زاری لی کیانگ، سەرۆک وەزیرانی چینەوە گواستییەوە، کارکردن بۆ دروستکردنی گەورەترین بەنداوی کارۆئاوی لە جیهان لە خۆرهەڵاتی تبت دەستیپێکردووە و تێچووەکەشی بە نزیکەی 170 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی چین لە قەڵەم دەدرێت بۆ پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنیی بەبەردبوو و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن.

بەنداوەکە لە پێنج وێستگەی کارۆئاوی پلەبەند پێکدێت، لە بەشی خوارەوەی ڕووباری یارلۆنگ زانگبۆ دروست دەکرێت و هۆشداریش دەدرێت لەوەی بە هۆی ڕێگەگرتن لە چوونی ئاوی ڕووبارەکە بۆ  هیندستان و بەنگلادیش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس لەو دوو وڵاتە.

ئەو پرسیارانەی پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە لەبارەی پڕۆژەکە

لی کیانگ پڕۆژەکە بە "پڕۆژەی سەدە" ناو دەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە ئێجگار گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە.

ئاماژە بەوە نەدراوە کە بە هۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە چەند ناوچە ژێرئاو دەکەون و بەم هۆیەوە چەند کەس ناچار دەبن ئەو ناوچانە جێ بهێڵن.

هەرچەند کاربەدەستانی چین بانگەشەی ئەوە دەکەن پڕۆژە کارۆئاوییەکانی تبت کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە و سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتانی خوارەوەی ڕووبارەکە نابێت، بەڵام هیندستان و بەنگلادیش نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دروستکردنی بەنداوەکەوە دەربڕیووە.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان وەک "کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ تبت" باس لەوە دەکەن بەنداوەکە بە جۆرێک زیان بە  بانەکانی تبت و سروشت و  سیستەمی ژینگەی هەمەچەشنی ناوچەکە دەگەیەنێت کە گەڕانەوەی بۆ نییە.

 سەرنجیش دەخەنە سەر ئەوەی بە هۆی دروستکردنی بەنداوەکەوە و ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کەس لە خوارەوەی ڕووبارەکەدا دووچاری تەنگوچەڵەمە دەبێتەوە.

ساڵانە ملیارێک کیلۆوات-کاتژمێر کارەبا بەرهەم دەهێنێت

مەزەندە دەکرێت بەنداوەکە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 300 ملیار کیلۆوات-کاتژمێر کارەبای هەبێت.

بەم جۆرەش یارمەتیدەر دەبێت لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی بۆ وزە لە تبت و تەواوی چین.

بەپێی ئاژانسی شینخوا، پڕۆژەکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و هەلی کاریش بۆ خەڵکێکى زۆر دەڕەخسێنێت. 

بەشێک لە ڕووباری یارلۆنگ زانگبۆ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە بەرزی 6.561 پێ (نزیکەی دوو هەزار مەتر) لە ماوەیەکی کەمی 31 مایڵدا (نزیکەی 50 مەتر) نزم دەبێتەوە، ئەمەش توانایەکی باشە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاویی. 

ڕووباری یارلۆنگ زانگبۆ لە تبت'ەوە و دەڕواتە باشوور بۆ ویلایەتەکانی ئاروناچال پرادێش و ئاسام لە هیندستان، دواتریش دەڕوات بۆ بەنگلادیش و لەوێ ناوەکەی گۆڕاوە بۆ ڕووباری براهماپوترا.

چین دەمێکە دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی لە بەشەکانی سەرەوەی ڕووباری یارلۆنگ زانگبۆ، کە لە خۆرئاواوە دەڕوات بۆ خۆرهەڵاتی تبت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی