چەکدارانی بەدەوەییەکان لە سوەیدا
سبەی
لە ماوەکانی رابردوودا پێدادانەکانی توند نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی سوەیدا روویدا، بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 کەس کە زۆرینەیان درووزەکان بوون کوژران، ئەوەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێکدادانی هۆزەکان و رۆژئاوای کوردستانی زیاتر کردووە، چونکە هۆزە عەرەبەکانی سوریا کە بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا دەژین، هاوسۆزی هۆزە بەدەوییەکانی سوەیدا بوون.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، هاوسۆزی هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ بەدەوەییەکانی سوەیدا، گومانەکانی زیاتر کردووە کە پێکدادانی هاوشێوە لە رۆژئاوای کوردستان لە نێوان هۆزە عەرەبییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رووبدات.
ترسەکان سەبارەی بە پەرەسەندنی شەڕی هۆزە عەرەبەکان و رۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە، چونکە هەزاران چەکداری ئەو هۆزانە کە پەلاماری سوەیدایاندا، دانیشتووی شەرەکانی حەلەب، دێرەزوور و رەقەی سەر بە ئیدارەی خۆسەرن.
بەڵام وەک لە راپۆرتەکەی شەرقئەوسەتدا هاتووە، شێخ مەعان حەمیدی ئەلجەربا، سەرۆکی هۆزی شەمەر، ئەگەری پێکدادان و دووبارە بوونەوەی سیناریۆی سوەیدا لە رۆژئاوای کوردستان بە دوور دەزانێت.
شێخ مەعان قسەی بۆ شەرقلئەوسەت کردووە و پەسەنی سەرکردایەتی مەزڵوم عەبدی دەکات و ئەوەی عەبدی بەدەستی هێناوە بە باڵانسێکی مێژووی سیاسی و تێگەیشتن ناودەبات.
باڵێکی سەربازی شەمەر بە ناوی هێزەکانی سەنادید، کە ژمارەیان لە نێوان حەوت بۆ 10 هەزار سەربازدایە، لە 2013ـوە هاوبەشێکی گرنگی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی سوریا و عێراق ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە 2015ـوە دامەزراوە، خۆیان بە هێزێکی یەکگرتوو دادەنێن کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریان کۆمەڵگەکانی دیکە دەکات لە سوریا.
سەبارەت بە دووبارە بوونەوەی سیناریۆکانی سوەیدا لە رۆژائاوای کوردستان، بەدر مەلا رەشید، توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی رامان، ئاماژە بەوە دەکات، بنکەی هێزی هەسەدە لەسەر هاوپەیمانێتی نێوان هۆزە عەرەبەکان وەستاوە، بۆیە دووبارە بوونەوەی سوەیدا لە رۆژئاوای کوردستان بەدوور دەزانێت.
هەرچەندە هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای کوردستان خۆیان بە هاوپەیمانی هەسەدە دادەنێن و تائێستا خۆیان بەدوور گرتووە لە پێکدادان لەگەڵ هەسەدەن، تورکیا بەردەوام هانی هۆزەکان دەدات دژی هەسەدە، ئەوەش لە پێناو ناسەقامگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەهۆی بەهێزی هەسەدەوە تورکیا نەگەیشتووە بە ئامانجەکەی.