نەخۆشخانەیەکی سلێمانی
سبەی
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان كە وەرزی بڵاوبوونەوەی كۆلێرایە و پێویستە "هەر تانكەرێك ئاو لێی نەنوسرابوو بۆ خواردنەوە شیاوە" بەكارینەهێنن".
د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەرتانكەرێك لێی نەنووسرابوو بۆ خواردنەوە شیاوە بەكارینەهێنن". رەتیشی دەكاتەوە هیچ حاڵەتێكی كۆلێرا لە سلێمانی تۆماركرابێت و دەشڵێت "ئەوەی هەیە پەتای وەرزییە".
د. سەباح هەورامی، وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەم پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و دڵنیابن لە سەرچاوەی ئەو ئاوەی، كە بۆ خواردنەوە بەكاریدەهێنن.
" دەبێت هاوڵاتیان لەكاتی بەكارهێنانی ئاوی تانكەر، زۆر وریابن و هەرتانكەرێك لێی نەنووسرابوو بۆ خواردنەوە شیاوە بەكارینەهێنن؛ ئەو خاوەن تانكەرانەش كە ئاوی نەشیاو بە هاووڵاتییان دەفرۆشن، سزادەدرێن". بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت.
د. سەباح ئاماژەی بەوەشكردووە دواكەوتنی مووچە كاریگەریی لەسەر كەرتی تەندروستی هەبووە، بەڵام هێڵە سوورەكانی فریاكەوتن لە كاركردن بەردەوامن و نەوەستاون.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان سەرهەڵدەدەن، بەرپرسانی تەندروستی نایشارنەوە، تا ئێستاش مەترسی بڵاوبونەوەی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
كۆلێرا (بە ئینگلیزی: cholera) نەخۆشییەكی بەكتریاییە كە بەهۆی بەكتریای (vibro cholerae) دروست دەبێت. دەبێتە هۆی سكچوونێكی توند، لە ئەنجامیشدا وشكبوونەوەی جەستە، بەگشتی لە ڕێگەی خواردنی پیس و ئاوی پیسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.
ساڵانە نزیكەی 1.4 بۆ3.4 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان ٢٨ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکرا، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکرابوو.