وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە 250 هەزار كەمتر نەبێت

#عێراق#هەرێم#تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی#خاوەنپێداویستی تایبەت
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"ئەو كەسانەی مووچەكەیان سنوردارە و خێزانە هەژارەكان، یاخود ئەو كەسانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن، بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە پێویستە مووچەكانیان زیاد بكرێت".
Primary Asset

کوێستان محەمەد

سبەی

 وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كەمتر نەبێت لە 250 هەزار دیناری مانگانە.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"ئەو كەسانەی مووچەكەیان سنوردارە و خێزانە هەژارەكان، یاخود ئەو كەسانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن، بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە پێویستە مووچەكانیان زیاد بكرێت".

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی "پێویستە مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە 250 هەزار دیناری عێراقی كەمتر نەبێت".

"هیوادارین حكومەتی فیدراڵی عێراق مووچەی ئەو توێژانەی كۆمەڵگە لە هەرێمی كوردستان زیاد بكات".

لە هەرێمی كوردستان 100 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە كە 63 هەزار و 200 یان مووچەی 150 هەزار دیناری و 6 هەزاو 800یان فەرمانبەری حكومەتن و بڕی 100 هەزار دیناریان وەك دەرماڵە پێ دەدرێت.

لە ساڵی 2013ـەوە بڕینەوەی مووچە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ڕاگیراوە، لەو كاتەوە 30 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت تۆمار كراون كە 13 هەزار و 227 كەسیان بە لیژنە ناویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە تاڕەزامەندی لەسەر دابینكردنی مووچەكانیان بدرێت.

سەرەتای مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوو شاندێكی باڵا بەسەرپەرشتی كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە مەبەستی چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەی هەڵواسراو سەردانی بەغدای كرد، یەكێك لە كێشەكان پرسی بەستنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو كە لە 2013 ـەوە تاوەكو ئێستا مووچەیان بۆ نەبەستراوە.

 دوای سەردانی شاندەكە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی كاری هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێكهێنرا. پێش پەسەنكردنی بودجەی 2025 لە پەرلەمانی عێراق دەبێت حسابی ئەو زیادكردنە لە پشكی هەرێمی كوردستان بكرێت.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی