سبەى
پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) مەرجەکانى بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆ لەگەڵ ئێران رادەگەیەنێت، هاوشێوەى پڕۆسەى ئاشتى نێوان پەکەکە و تورکیا کە تا ئێستا بەردەوامە.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی (پژاک) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی فارسی باسى لە دوایین گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە کرد لەوانەش کاریگەری چەک دانانی پەکەکە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و داهاتووی پارتەکەیان.
چەکدانانى پەکەکە
ئەمیر کەریمی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کاریگەری چەکدانانی پەکەکە لەسەر ئەوان و ئایا ئەو بریارە ئەوانیش دەگرێتەوە یان نا دەڵێت "پەیامی ئۆجەلان لە رەهەندی ستراتیژییەوە قبوڵمانە و پشتیوانی لێدەکەین و بە گشتی پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین لە تورکیا و هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رێگەی دیموکراسییەوە".
دەشڵێت "گۆڕینى ستراتیژ لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ رزگاری نیشتمانی و خەباتی سیاسی دیموکراتیک ستراتيژێکى مێژوویی و بوێرانەیە لە لایەن ئاپۆ و پەکەکە و ئەو رەهەندە ستراتژییە ئێمەش دەگرێتەوە بەو جیاوازییەی کە پژاک لە سەرەتای دروستبونییەوە ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای خەبات بۆ رزگاری لە رێگەی دیموکراسی بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵبژاردووە".
دانوستان لەگەڵ ئێران
کەریمی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئایا ئەوانیش ئامادەن چەکدابنێن و و بچنە دانوستان لەگەڵ ئێران دەڵێت "خەباتی ئێمە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنە، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر جۆر نارەزایەتییەک سەرکوت دەکات بۆیەش ناتوانین بەدانانی چەک ئامرازی بەرگری لەخۆمان لەدەست بدەین".
هاوسەرۆکی پژاک ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە تا ئێستا هیچ جۆرە دانوستان و پەیوەندی راستەخۆیان لەگەل کۆماری ئیسلامی نەبووە و ئەگەر ئەو دەرفەتە هەبێت پێشوازی لێدەکەن و پشتیوانی لە چارەسەری دیموکراسی دەکەن.
سەبارەت بەەوە دەبێت چ جۆرە کەشێک لە ئێران دروست بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش چەک دابنێن، کەریمى دەڵێت "دەبێت یاسای بنەڕەتی لە ئێران بگۆڕدرێت و ئازادی بۆ چالاکی حزبی رابگەیەنرێت و هاوکات ئازادی رادەربرین بێتە ئاراوە و دەسەڵاتێکی لامەرکەزی لە ئێران دروست بێت ئەو کات زەمینە بۆ گفتوگۆ دروست دەبێت".
چوونى گەریلاکانى پەکەکە بۆ ناو پژاک
هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە پرسیارێک کە ئایا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە کە ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا لە داهاتوودا دەچنە ناو پژاکەوە و و ئایا ئەوە تورکیا نیگەران ناکات لەوەی لە داهاتودا مەترسیەکی هاوشێوەی پەکەکەی ئێستا بۆیان دوبارە بێتەوە وتی "پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بەوەیە کە تورکیا لێبوردنی گشتی دەربکات بۆح ئەوەی سەرجەم گەریلاکان بگەڕێنەوە تورکیا".
جەختیشیکردەوە لەوەی ئوجەلان نایەوێت پەرە بە شەڕ بدات تەنانەت لە ئێرانیش.
هاوسەرۆکی پژاک دوپاتیشیکردەوە، ئەوان هەرەشەنین بۆ تورکیا، پێیانخۆشە پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا بێت، بەڵام تورکیا ئەو پەیوەندییەی ناوێت چونکە بەنیازە سود لەو دۆخە وەربگرێت.
فشارى هەرێم لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات
سەبارەت بە فشاری حکومەتی هەرێم و ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق تایبەت بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات کەریمی دەڵێت، ئەوان کەمپ نشین نین و لەناو شارەکاندا ژیان ناکەن بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.
دەشڵێت "باشترە هەرێم فشارەکانی لەسەر ئەو حزبانە کەم بکاتەوە چونکە ئەوە دەبێتە هۆی لاوازی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی باشور پێویستی بە پشتیوانی سێ پارچەکەی کوردستان هەیە".
ئەمیر کەریمی باسى لەوەشکرد، لە ئێستادا پەیوەندیان لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان باشە و هیچ مەرجێکیشیان نییە بۆ پەیوەندی جگە لە راستگۆیی و پەیرەوکردنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەروەها کەریمی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دۆخی سوریا دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵکوژییەک لەو سوریا دژ بە کورد ئەنجام بدرێت ئەوان هەر ئەو جۆرەی لە شەڕ دژی داعش بەشداریان کرد لەوێش ئامادەن هێز بنێرن و بەرگریان لێبکەن.
لەبارەى بوونى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل، هاوسەرۆکی پژاک دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە و بەرگریی لەجەنگەکەشى لەگەڵ ئێران ناکەن، دەشڵێت ئیسرائیل بە شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی نەک ئەوەی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران دەستەبەر بکات، بەڵام هاوکات نابێت رۆڵی ئێران بۆ زەمینەخۆشکردن و بیانوودان بە ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ئێران فەرامۆش بکرێت.