سبەى
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق جێبەجێکردنى رێککەوتنى نەوت و مووچەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان راگەیاند و جەختدەکاتەوە کە پێویستە حکومەتى هەرێم پابەندە داراییەکانى جێبەجێ بکات.
ئەو قسانەى سودانى لەمیانەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا هات کە رۆژى سێشەممە 22 ى تەمموز بەرێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست سبەى کەوتووە.
سودانى لەکۆبوونەوەکەدا جەختى لە جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 17 ى تەمموز کردەوە بۆ چارەسەرى دۆسیە داراییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بە پێویستى زانى هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە بەڵێنەکانی لەبارەى پابەندییە داراییەکانى بەپێی یاسا و دەستور، تا وەزارەتى دارایی عێراق بتوانێت لە جێبەجێکردنى ئەرکە داراییەکانى بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (22ـی تەمموزی 2025) وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، وەک جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران لە 17ـی تەمموز، دەست بە رێکارەکانى خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا، ئەوەش دوای پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەو بڕەی کە ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت، تا ئەو ئاستەی دەگاتە ئەو بڕەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق.
وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە: سەرەڕای رادەستکردنی بڕی 120 ملیار دینار وەک گوژمەی یەکەمی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی کۆبونەوەکەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی، پابەندبوونی خۆی دووپاتکردوەتەوە بە سەرجەم پابەندییە یاسایی و دەستورییەکان بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی ئەمدوایەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
بەپێی رێککەوتنى هەردوو حکومەت کە ناوەڕاستى تەمموزى 2025 رەزامەندیان لەسەر دەربڕى، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە هەناردە بکات لەگەڵ رادەستکردنى 120 ملیار دینارى مانگانە، لەبەرانبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەبەلایەن بەغدادە کە بڕەکەى زیاترە لە 900 ملیار دینارى مانگانە.
بەهۆى هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە بۆ 81 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت و ئەوەى دیکەى رادەستى بەغداد دەکرێت، تا ئەو کاتەى ئاشتى بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە ئاستى پێشووى.
حکومەتى عێراق لە ئایارى ئەمساڵەوە ناردنى مووچەى بۆ هەرێمى کوردستانى راگرتووە بەپاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، بەغداد تا ئەو کاتە مووچەى فەرمانبەران دەنێرێت.