سبەى
پارێزگارى دیالە رەزامەندى لەسەر بە قەزابوونى قەرەتەپە نیشاندا، بەوەش جەبارە لەخانەقین جیادەکرێتەوە و دەخرێتە سەر قەزاکە، بەڵام ناحیەى کۆکس لەسەر قەزاى کفرى دەمێنێتەوە.
بەپێی نوسراوێکى پارێزگاى دیالە کە دەست “سبەى” کەوتووە، رەزامەندى دراوە لەسەر گۆڕینى ناحیەى قەرەتەپە بۆ قەزا، جیاکردنەوەى جەبارە لەخانەقین و پەیوەستکردنى بە قەرەتەپەوە.
هەر لە نوسراوەکەدا، تەها ئیبراهیم مەحمود کە پێشتر بەرێوەبەرى ناحیەى قەرەتەپە بوو، بەوەکالەت وەک قائیمقامى قەرەتەپە دیاریکراوە، تا ئەو کاتەى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە قائیمقامێکى نوێ هەڵدەبژێرێت.
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە، قەرەتەپەو جەبارەو كۆكس ناوچەی مادەی 140ی دەستورن، دەستوری عێراق رێگری دەكات لەهەر دەستكاریكردنێكی سنوورە ئیداریی و جوگرافییەكەی تا ماددەكە جێبەجێ دەكرێت.
لەچەند هەفتەى رابردوودا حکومەتى هەرێمى کوردستان ناڕەزایی توندى خۆى نیشاندا لەدەستکاریکردنى سنوورى ئیداریی و جوگرافی قەرەتەپە، هەروەها لە پەرلەمانى عێراق لە زیاتر لە 100 پەرلەمانتار دژى بڕیارەکە واژۆیان کۆکردەوە.
ئەو پەرلەمانتارانە لەنوسراوێکدا کە ئاڕاستەى سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقیان کردووە ئاماژەیان بەوەکردووە، هەوڵى بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە پێشێلکردنی مادەی (١٤٠)ی دەستوری عێراقە نابێ دەستکاری سنوری ئیداری و جوگرافی و دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بکرێ کە مادەی (١٤٠) دەستور دەیانگرێتەوە.