مێردمنداڵێک کار دەکات
سبەی
بەگوێرەی دواین ڕووپێوی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان گەر داهاتی مانگانەی كەمتر بوو لە 137 هەزاری دیناری عێراقی ئەوە دەكەوێتە ژێرهێڵی هەژاریەوە، بەپێی دواین رووپێوی كە ساڵی رابردوو ئەنجامدراوە رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 8.6% ە و لە عێراقیش 17.5 ە.
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان کە دەست “سبەی” کەوتووە، لە نێوان ساڵانی 2007 تا كۆتایی 2024 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 3.6% زیادیكردووە، لە بەرامبەردا لە عێراق رێژەكە دابەزیوە لە 23% ەوە بۆ 17.5%.
لە ساڵی 2007 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 5% بووە، لە ساڵی 2012 دابەزیوە بۆ 3.5% و ساڵی 2014 بەرزترین ئاست بووە لە هەرێمی كوردستان و گەیشتووەتە 12.4، ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ 5.5% ، بەڵام ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە بۆ 8.6%.
لەسەر ئاستی پارێزگاكان، لە پارێزگای سلێمانی ساڵی 2007 رێژەی هەژاری 3% بووە و 2012 دابەزیوە بۆ 2%، لە ساڵی 2014 زیاتر دابەزیوە و گەیشتووەتە 1.2% بەڵام ساڵی 2018 بەرزبووەتەوە بۆ 4.5% و ساڵی 2024 گەیشتووەتە 7.9%.
لە پارێزگای هەولێر ساڵی 2007 رێژەی هەژاری 3% بووە، 2012 بەرزبووەتەوە بۆ 3.6% و ساڵی 2014 دابەزیوە بۆ 1.5، ساڵی 2018 ش بەرزبووەتەوە بۆ 6.7، بەڵام ساڵی 2024 دابەزیوەتەوە بۆ 5.9%.
لە دهۆك كە زۆرترین ئاستی هەژاری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تێدایە، ساڵی 2007 رێژەی هەژاری 9% بووە، 2012 دابەزیوە بۆ 5.8 و 2014 بەرزبووەتەوە بۆ 12.4 %، بەڵام لە ساڵی 2018 رێژەكە دابەزیوە بۆ 8.6 لە ساڵی 2024 واتە دواین رووپێوی جارێكی دیكە رێژەكە بەرزبووەتەوە بۆ 14.8%. بەمەش بووەتە هەژارترین پارێزگا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بۆ ساڵی 2018 بریتی بووە لەسەدا 5.5% ، پارێزگای هەولێر لەسەدا 6.7% و پارێزگای سلێمانی 4.5% و دهۆك 5.5% بووە كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
لەسەر ئاستی عێراق، رێژەی هەژاری لە ساڵی 2007 دا 23% بووە، ساڵی 2012 دابەزیوە بۆ 19.1% و 2014 گەیشتووەتە %22.5 بەڵام ساڵی 2018 جارێكی دیكە دابەزیوە بۆ 20%، بەپێی دواین رووپێویش لە ساڵی 2024 رێژەكە زیاتر دابەزیوە و گەیشتووەتە 17.5 .
لە ساڵی 2007 ەوە تا ساڵی 2024 بەردەوام رێژەی هەژاری لە عێراق دابەزیوە و لە هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، ئەوەی جیاوازە ساڵی 2014 یە لە عێراق كە بەهۆی شەڕی داعش و بوونی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەرزبووە.
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر كەسێك لەماوەی مانگێكدا كەمتر لە 110 هەزار دینار خەرج بكات لەژێر هێڵی هەژاریدایەو لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان دەیان هەزار خێزان داهاتی مانگانەیان لەخوار ئەو 110 هەزار دیناری مانگانەوەیە.
هەژاری ئەو دەردەی دەرمانی بەئاسانی دەستناكەوێت، لەبەر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەكان بریتییە لە "بێبەشبوونی بەردەوام و درێژخایەنی داهات و تواناداری، توانای هەڵبژاردن، ئاسایش، توانای بەهرەمەندبوون لەئاستێكی شیاو لەگوزەران، گرنگترینیان: گەندەڵی و خراپ دابەشكردنی داهاتەكان و كارەسات و لاوازی سیستەمی پەروەردە و كەمتەرخەمی لەكارو نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە".