سبەی
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پێ دەنێتە 655 ەمین رۆژییەوە، سەرەڕای کوژرانی زیاتر لە 60 هەزار کەس لە غەززە و برینداربوونی دەیان هەزار کەسی دیکە، ئێستا لەبەردەم کۆمەڵکوژییەکی دیکەی گەورەدایە و برسێتی و تینوێتی بڕستی لەو شارە بڕیوە. رۆژانە دەیان کەس کە زۆرینەیان منداڵن بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە گیان لەدەستدەدەن.
شەوی رابردوو، کەناڵی ئەقسای فەلەستینی بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی کردووە لەوکاتەی هەوڵیانداوە خۆیان بگەیننە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک. ئەوەش بوەتە کارێکی رۆژانە کە خەڵک لە نۆرەی وەرگرتنی ئاو و خۆراک دەکرێنە ئامانج و گیان لەدەستدەدەن.
بەپێی راپۆرتە ناوخۆییەکان، لە مانگی ئایاری رابردووەوە زیاتر لە 1000 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک کە رێکخراوی غەززەی مرۆیی ئەمەریکی ئەنجامی دەدات.
بەڕێوەبەری فریاگوزاریی: چاوەڕوانی مردنی بەکۆمەڵین بەهۆی برسێتییەوە
بەڕێوەبەری ناوەندی فریاگوزاریی تەندروستی غەززە هۆشداریی دا لەوەی شارەکە پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەویش برسێتی و مردنی بەکۆمەڵی خەڵکە بەهۆی برسێتی و تینیۆتییەوە.
وتیشی: "دەیان کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن لە ناوەندە تەندروستییەکانن کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە".
ئاشکرای کرد؛ زیاتر لە 60 ژنی دووگیان لە یەک بنکەی تەندروستین کە برسێتی بڕستی لێ بڕیون و تووشی بەدخۆراکی قوورس بوون.
شارەوانی غەززە: تووشی بێئاویی و تینیۆتییەتی قورس بوین
لەلایەکی دیکەوە، شارەوانی غەزز بە کەناڵی جزیرەی قەتەریی راگەیاندووە: تینیوێتی تەنگی پێهەڵچنیون و تێکڕای دانیشتوانی غەززە روبەڕووی کەمئاوی بونەتەوە.
ئاشکرای کردووە: بیرەکانی غەززە تەنها 12%ـی پێداویستییەکانی ئاوی خواردنەوە دابین دەکەن، رۆژانە هەر تاکێک کەمتر لە 5 لیتر ئاوی دەستدەکەوێت، بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان و خۆشۆردن و پێداویستییەکانی دیکەی.
50 هەزار شیرە خۆرە بەدخۆراک بوون
لەلایەکی ترەوە، سەرۆکی تۆڕی رێکخراوە مەدەنییەکانی غەززە رایگەیاندووە، زیاتر لە 50 هەزار منداڵی شیرەخۆرە بێبەش بوون لە شیری دایکیان و زۆرینەیان دووچاری بەدخۆراکیی قورس بوون، لەگەڵ بەدخۆراکی، سوپای ئیسرائیل شەڕی تینووکردنی دانیشتوانی غەززەش دەکات.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت هاوشێوەی نییە و خراپترینە لە جیهاندا، ئەوەی بەرامبەر دانیشتوانی غەززە دەکرێت لە تینووکردن و برسیکردنیان تاوانی جەنگە.
ئۆنروا: گەمارۆی سەر غەززە هەڵبگیرێت
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی غەززە، رێکخراوی ئۆنروا (ئاژانسی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ فریاگوزاریی و پەنابەرانی فەلەستینی) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دانیشتوانی غەززە و تیمە فریاگوزارییەکانیش روبەڕووی برسێتییەکەی سەخت بونەتەوە، پێویستە کۆمەڵگە نێودەوڵەتی کاربکات، بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە گەیشتنی خۆراک و ئاو و پێداویستی پزیشکی و فریاگوزاریی.