سبەى
دواى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى بۆرى نەوت، تورکیا رێککەوتنێکى نوێى نەوتى دەخاتە بەردەم عێراق، کە نەوت و غاز و پیشەسازى پیترۆکیمیایی و کارەباش دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى نەوتى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، لە رێککەوتننامەی بۆریی عێراق و تورکیا کە لە ساڵی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی عێراق و تورکیا واژۆ کرا و لە ساڵی 2010 هەموارکرایەوە، مەرجی ئەوە خراوەتەڕوو، ئەگەر هەر لایەنێک ویستی کۆتایی پێبهێنێت، ئەوا پێویستە ساڵێک پێش وادەی بەسەرچوونی لە ساڵى 2026 دەبێت بە نوسراو خواستى خۆى لەو بارەیەوە بخاتەڕوو، لەسەر بنەمای ئەمە، حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ بڕیاری خۆی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەهەمان چوارچێوەدا وەزارەتی وزەی تورکیا نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوت کرد و خواستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەربڕیووە، هاوکات لەگەڵ ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ هاوکاری لەبواری وزە، کە گشتگیرترە لە ڕێککەوتنی پێشوو، بەو پێیەی هاوکاریی لەبواری نەوت، گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەباش لەخۆدەگرێت، بەئامانجی فراوانکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات.
سەرچاوەکە باسى لەوەشکردووە، وەزارەتی نەوت لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بەو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە و دانوستان لەگەڵ تورکیا دەکات سەبارەت بەو بابەتە بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتنێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و تورکیا بکات.
رۆژى دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، واژۆی لەسەر كۆتاییهێنان بە رێككەوتنێكی نەوتیی مێژوویی لەنێوان عێراق و توركیا كرد، كە 52 ساڵە كاری پێدەكرێت. بەپێی بڕیارەكە، رێككەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغداد بە شێوەیەكی فەرمیی لە 27 ی تەموزی 2026 كۆتایی دێت، ئەمەش وادەكات سەرجەم دەسەڵاتەكانی پەیوەست بە هەر پرۆتۆكۆل و بەڵگەنامە و لێكتێگەیشتنێك لەوبارەیەوە هەڵبوەشێتەوە.
ئەو رێككەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973، بۆیەكەمجار لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە بۆ دڵنیایی لەبارەی هەناردەی نەوت واژۆكرا، ئەویش لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، چەند جارێكیش رێككەوتنەكە هەموار كراوەتەوە، كە دواینیان لە ساڵی 2010 بووە، كە بۆ 15 ساڵ درێژكرایەوە، ئەو ماوەیەش ساڵێكی دیكە كۆتایی دێت، بەو واتایەی جارێكی دیكە پێویستی بە درێژكردنەوە و هەمواركردنەوەیە.
كۆتایی هێنان بەم رێككەوتنە، دەبێتە گۆڕانكارییەكی ستراتیژی لە پەیوەندی ئابوری نێوان توركیا و عێراق، لە هەمانكاتیشدا دەرگای گفتوگۆ و دانوستانی نوێ سەبارەت بە داهاتووی هەناردەی نەوت و ژێرخانی وزە لەنێوان هەردوو وڵات دەكاتەوە.