پارتی و یەکێتی لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە بەڵێنی چییان بە پزشکیان دا؟

#ئێران#عێراق#حزبەکانی ڕۆژهەڵات#
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، بەغداد و تاران ڕێکەوتنێکی ئەمنیان واژووکرد سەبارەت بە سنورداکردنی چالاکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و چەکداماڵینیان
Primary Asset

ژمارەیەک پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات

سبەی


دوای داخستنی بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵات، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا، بەڵێن بە سەرۆکی ئێران دەدەن، رێگەنەدەن ئەو لایەنانە ببنە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد، بەجیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەی نێوان مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باس له‌ گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرا و بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە‌ جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ "هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانی دراوسێ و به‌ ته‌واوی پابه‌ندی‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌منیی عێراق و ئێرانه"‌.

هاوکات، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ پزشکیان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "لە دیدارەکەمان لەگەڵ پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا".

ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، کەیوان فەرامەرزی، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاند: ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدایە لە چەکداماڵین و داخستنی کەمپە سەربازییەکانیانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان، کە بارەگایان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

لە سەردانەکەیدا پزشکیان لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان لەسەر ژمارەیەک پرس گفتوگۆی كرد، لەوانە پرسەکانی ئابوری و ئەمنیی بەوپێیەی "یەکێک لە کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو حكومەت هەبوونی حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە".

مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، بەغداد و تاران ڕێکەوتنێکی ئەمنیان واژووکرد سەبارەت بە سنورداکردنی چالاکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و چەکداماڵینیان، پاشان دورخستنەوەیان لە سنوری ئێران و دواتر بەپێی رێککەوتنەکە بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپەکانیان لە ناوچەکانی کۆیە و زرگوێز چۆڵکران.

رۆژی پێنجی ئەم مانگە بەفەرمی دەست بە چۆڵکردنی کەمپەکانیانی ئەو پارتانە لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە کرا و دەبێت تا سەرەتای مانگی داهاتوو تەواوی ئەندامەکانیان لە کەمپی سوورداش لە سنوری قەزای دوکان جێگیربکرێن، کەمپەکە لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دروستکراوە.

چۆڵکردنی کەمپەکانی نزیک سنووری ئێران لەلایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشێکە لە رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، دواتر زنجیرەیەک سەردانی هەریەک لە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بۆ تاران بەدواداهات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامە ئەمنییەکە.

پێشتریش رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: پرسی بوونی هێزی چەکدار لەسەر سنووری ئێران بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامە ئەمنییە چارەسەرکراوە، شوێن و کەمپی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە و لە ناوچەکانی نزیک سنووری ئێران دووردەخرێنەوە.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی